English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ریفراندۆم.. رۆژی سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك
2023-09-24 [04:05 AM]

نووسین: وەیسی سەعید وەیسی


شەش ساڵ لەمەوبەر، لە 25ی ئەیلوولی 2017، گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی و سیاسییەکانەوە، بە شێوازێکی دیموکراتییانە، ویستی خۆی بۆ جیھان ئاشکرا کرد و پرۆسەی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا، کە گرنگترین بڕیاری مێژوویی سەرۆک مەسعود بارزانی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو و تا ھەتایە لە مێژووی گەلەکەماندا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە، بەمەش سەروەرییەكی دیكەی مێژوویی لە خەبات و تێكۆشانی گەلی کوردستان تۆمار كرا.

ریفراندۆم سنووری کوردستانی پاراست و ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت ناسنامەی کوردستانیبوونی ناوچەکان بگۆڕێت، کە وەك دۆكیومێنتێك بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
زۆر جاران لێرەولەوێ باس دەکرێت، کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەبار نەبوو! بۆیە گرنگە ھەڵوەستەیەکی خێرا لەم بارەیەوە بکەین، چونکە ریفراندۆم سەرچاوەی كێشەكان نییە، بەڵكوو سەرچاوەی كێشەكان ئەو هۆكارانە بوون، كە هانی گەلی كوردستانیان دا بیر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکاتەوە، کە ھێشتا ئەو فاکتەرانەی وایان کرد بڕیاری ریفراندۆم بدرێت، ھەروەک خۆیان ماون.

ئەو عەقڵییەتە تاکڕەوییەی عێراق بەڕێوە دەبات، کە رێگریی کرد دەوڵەتێکی ھاوبەشی ھەموو نەتەوە و ئایینەکان دروست بکرێت، هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و ھەر وەک خۆیان ماون و کار لەسەر سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەکەن، ئەوان بڕوایان بە بنەماکانی دەستووری ھەمیشەیی عێراق نییە، کە لەسەر هەر سێ بنەمای (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) عێراقی تازە دروست کراوە، بەڵكوو بە ھەمان بۆچوونی سەرانی به‌غدای پێش ساڵی 2003 کار دەکەن، ته‌نیا ده‌سه‌ڵات گۆڕاوە و سیسته‌می سیاسی نه‌گۆڕاوە، ئەگەر وا نییە چۆن دەبێت بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كێشەكانی دیكە تێكەڵاو بكرێت و بە سیاسی بكرێت؟

ئەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان مافی خۆیان نییە وەكوو هەموو فەرمانبەرانی عێراق مانگانە شایستە داراییەکانی خۆیان وەربگرن؟ بۆیە تێکەڵاوکردنی ئەم بابەتە لەگەڵ کێشەکانی دیکە، پێشێلکاریی دەستوورە و ئامانج لێی تەنیا دژایەتیکردنی ئەزموونی سیاسیی ھەرێمی کوردستانە. پێشتر گەلی کوردستان ئه‌نفال و كیمیاباران دەکرا، بەڵام ئێستا بە شێوازێکی دیكە ئەنفال دەکرێت.
بۆیە ئەوەی گەلی کوردستان لە 25ی ئەیلوول ئەنجامی دا بڕیارێکی راست و دروست بوو، لەپێناو کۆتاییھاتنی گرفت و ناکۆکی و ناسەقامگیری بوو، ھەڕەشە و خۆسەپاندن و ستەم نەبوو لە دژی ھیچ لایەک، دەریشکەوت خەڵکی کوردستان لەسەر ریفراندۆم نییە سزا دەدرێت و مووچە و بودجەی دەبڕدرێت، بەڵکوو لەسەر کوردبوون و بۆ رووخاندنی ئیرادەی گەلی کوردستانە. لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی 2014 بوو حکوومەتی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستانی لە بودجەدا بڕی، کە ئەوکات ریفراندۆم نەكرابوو، ئەنجامدانی ریفراندۆمیش مافێکی سروشتی و ئاسایی ھەموو نەتەوە و گەلێکە و پێویست بوو لەلایەن وڵاتانەوە رێز لەو ئیرادەیە بگیرێت.

لە پەراوێزی ئەم راستییانەی سەرەوە، گرنگە كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن، تا گەلی کوردستان ھەست بە مافە دەستوورییەکانی خۆی بکات،
چونکە نابێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن، بەڵكوو دەبێ بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن، دوایین سەردانی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ بەغدا هه‌نگاوێكی گرنگ بوو لەپێناو بژێویی خەڵك و سه‌قامگیریی كوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان.





ئەم هەواڵە 340جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad