ZNA - ههولێر
وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی "ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پێشتر هێرشی کردوەتە سەر ئەو بنکەیەی لە سوریا لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەکاردێت" و گوتیشی "ئەگەر هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن، ئەوا ئەمەریکا درێغی ناکات لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر بۆ پاراستنی هێزەکانی."
لۆید ئۆستین لە بەشێک لە قسەکانی ڕۆژی سێشەممەی لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی لە بودجەی داواکراوی بەڕێوبەرایەتی بایدن بەشداریکردبوو، ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هێزەکانی لە ناوچەکەدا و گوتیشی "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانیان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و دەبێت ئەو هێرشانە بوەستێنرێن".
وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە ڕۆژی سێشەممە، 31ی مانگی دە لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ئامادەبوون بۆ گفتوگۆکردن و ڕاگەیاندی پشتیوانی خۆیان سەبارەت بە داواکاری بەرێوبەرایەتی بایدن بۆ بودجەی ئاسایشی نیشتمانی بە بڕی 106 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل، ئۆکرانیا و تایوان.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش لە وتارەکەیدا لە ئەنجومەنی سینات گوتی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا وهەروەها هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل پێکەوە پەیوەندیان هەیە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو شەڕانەدا کرد.
ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوە کرد کە ڕووسیا بۆ یارمەتی سەربازی ڕووی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی یارمەتی سەربازی لە ئێرانەوە، تەکنۆلۆژیای سەربازی پێشکەوتووتری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دابین کردووە کە ئەمەش هەڕەشەی زیاتری بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە دروست کردووە.
بلینکن گوتی "ڕێگەدان بە سەرکەوتنی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بوێری و چاونەترسی ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل و ئۆکرانیا دوو وڵاتی دیموکراتن کە ڕووبەڕووی هێرشی بێبەزەییانەی هەندێ هێز و دەسەڵاتن کە خوازیاری ئەوەن وڵاتەکانیان لەسەر نەخشەکان بسڕنەوە.
لێدوانەکانی ئەو بەپرسە باڵانەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند و گوتی "سرووشتییە" کە گرووپەکانی سەر بە تاران کە بە "گرووپ و ڕەوتەکانی خۆڕاگری" ناوی بردن، لە کاتی شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەستێوەردان بکەن و بەشداری لە شەڕەکەدا بکەن.
حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان کە سەفەری بۆ دەوحە کردووە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ میری قەتەر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گرووپانە "چاوەڕوانی ئامۆژگاری کەس ناکەن" و هەروەها هۆشداریی دا لە بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان و دەرچوونی دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمیرعەبدوڵڵاهیان داوای هەڵوێستی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی "بۆ پشتیوانی لە نەتەوەی فەلەستین" کردووە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە کە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جگە لە میر و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ڕۆژی سێشەممە،31ی مانگی دە بۆ دووەمین جار لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا چاوی بە ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی نووسینگەی سیاسی حەماسیش کەوتووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژێک لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن" ئیدیعای کردبوو کە "ئێران هیچ گرووپێکی بە وەکالەتی لە ناوچەکەدا نییە و بەشداری لە شەڕی بە وەکالەتیشدا ناکات".
ئەم هەواڵە 205جار خوێندراوەتەوە |