English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەبارەی نرخی دۆلار و دینار بڕیاری نوێ ده‌درێت
2023-11-25 [01:59 AM]

ZNA-هەولێر


پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریكا و گۆڕینی مامەڵە لە دۆلارەوە بۆ دینار و كۆتاییهێنان بە سەكۆی ئەلیكترۆنیی پێدانی دۆلار، زانیاریی تازە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "فشاری کۆمەڵەکەسێك لەسەر دۆلار وای كردووە نرخی دۆلار بەرز بێت.''

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بە (ئاژانسی هەواڵی عێراق)ی ڕاگەیاند: "سەرەتای مانگی داهاتوو بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆ دەبنەوە و سەرجەم مەسەلەکان پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و جەختیش دەکرێتەوە  لەسەر بابەتی حەواڵەی دەرەکی و دۆلار، بۆ ئەوەی بە شێوەیەک بێت كە سەقامگیری لە سیستمی داراییدا زامن بکات، ئەویش پاش جێبەجێکردنی ڕێكار و بڕیارەكان.''

ئاماژەی بەوەش دا: "بانکی فیدراڵیی ئەمریكی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی حەواڵەکان دەربچن و تەنیا کاری سەرپەرشتیاری و چاودێری بکەن، ئەمەش مەسەلەیەکی ئاساییە لە بانکە ناوەندییەکاندا کە ئەم جۆرە کارانە نەکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە حەواڵەی دەرەکی، لەبەر ئەوە، ڕێک کەوتووین لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندی و بانکی فیدراڵی پێویستە دەستوەردان نەکەن لەم ڕێکارانە و پلانێکیش لە ئارادایە بۆ ئەوەی کە حەواڵەی دەرەکی لە سەکۆی ئەلکترۆنییەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.''

جەختی كردەوە: "بانکی فیدراڵی و گەنجینەی ئەمریکی سەرجەم ئەو داواکارییانە دابین دەکەن کە پەیوەندییان هەبێت بە پڕۆسەی دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق، ئەویش بە مەرجی پەیڕەوکردنی یاسا و ڕێسای ڕاست و دروست بۆ جووڵەی پارەکان، دووربوون لە سپیکردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر. لەبەر ئەوە، ئەو پارانەی کە لە دەرەوەی عێراقن، پارەی عێراقین و هیچ کۆتوبەندێکیان لەسەر نییە، بەڵکوو هەلومەرج و پێوەرگەلێک هەن چ بە دۆلار، یان بە دراوی ئەورووپی کە پێویستە ڕەچاو بکرێن.''

عەلی عەلاق ئاشكرایشی كرد: "ئەمساڵ کۆتایی بە سەکۆی ئەلکترۆنی دەهێنرێت كە ئێستا بەهۆیەوە دۆلار بە بازرگانان و گەشتیاران و خەڵكی دیكە دەدرێت، پاش تەواوکردنی ڕێکارەکان واز لەم شێوازەی ئێستا سەكۆی ئەلیكترۆنی دەهێنین، پرۆسە بانکییەکان خێراتر و ڕێكوپێکتر و ئاسانتر دەبن.''

پارێزگاری بانكی ناوەندی باسی كەمكردنەوەی مامەڵە بە دۆلار دەكات و دەڵێت: "ڕێكاری زۆرمان داناوە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار، کەچی هەندێک لە بازرگانان ئەم سیستەمە پەیڕەو ناکەن، بەڵکوو دۆلاری بازاڕ دەکڕن، ئەمەش کێشە دروست دەکات و نرخی دۆلار ناجێگیر دەكات، واتە کێشەکە لە فشاری کۆمەڵەکەسێکەوە پەیدا دەبێت بۆ دۆلار، ئەوەش نرخی دۆلار بەرز دەكاتەوە، کەچی ڕێکاری ڕاست هەن بۆ حەواڵەکردن و ئەوان پەیڕەو ناكرێن.''

باسی لەوەش كرد، بڕیار هەیە لە ناوخۆ مامەڵەكان لەبری دۆلار بكرێنە دینار، بەڵام نایشارێتەوە جێبەجێكرجنی ئاسان نییە و گوتیشی: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە پارەدان لەناو عێراقدا لەبری دۆلار بە دینار بێت، بەڵام هەندێک کێشە هەیە، هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، کۆبوونەوەیەک هەبوو لە وەزارەتی پلاندانان دەربارەی گرێبەستەکان و دانەوەی پارە بە دۆلار و بە دینار، کۆمەڵە پێشنیارێک هەن کە تاوتوێ دەکرێن، بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو و، چارەسەرکردنی کێشەکان.''

 

شوان به‌رزنجی 





ئەم هەواڵە 505جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad