ZNA - ههولێر
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، ئاماژەی بەوە کرد لەو ئۆپەراسیۆنانەی قەڵغان-٤دا کە لە ٣٧ پارێزگا ئەنجامدران، ١٩٢ قاچاغچی کۆچبەر و چوار هەزار و ٥٦٨ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بلاویکردەوە، یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد لەلایەن تیمەکانی جەندرمە و پۆلیسەوە، لە ٣٧ پارێزگای کە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیریان لەنێودایە ئۆپەراسیۆنی قەڵغان-٤یان بۆ سەر قاچاغچیانی کۆچبەر و کۆچبەرانی نایاسایی ئەنجامداوە.
یەرلیکایا ڕایگەیاند: "دەمەوێت گەلە ئازیزەکەمان بزانێت کە هەرگیز ڕێگە بەو قاچاغچیانەی مرۆڤ نادەین کە هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان بکەنە ئامانجی کۆچی نایاسایی و ڕێگای گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی، یەک بە یەک دەستگیریان دەکەین و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە. لە کۆی ١٩٢ قاچاغچێتی کۆچبەران کە دەستگیرکراون ٤١یان دەستبەسەرکراون، حەوتیان بە مەرج ئازاد کراون و ڕێکارە یاساییەکان لەبارەی ئەوانی دیکە درێژەی هەیە".
وەزیری ناوخۆی تورکیا یەرلیکایا، دیمەنی ئۆپەراسیۆنەکانی بڵاوکردەوە و دەستخۆشی لە تیمەکانی پۆلیس و جەندرمە کرد.
AA
ئەم هەواڵە 1054جار خوێندراوەتەوە |