English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە چوار هەزار و 360 کەس لە شەڕی سوریادا کوژراون
2024-01-01 [08:00 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند؛ لە ساڵی 2023دا زیاتر لە چوار هەزار و 360 کەس لە شەڕی ناوخۆی سوریادا کوژراون، لە کاتێکدا ماوەی 13 ساڵە شەڕ بەڕۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە.

ژمارەی کوژراوەکان لە ساڵی 2023دا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە بەراورد لەگەڵ 3 هەزار و 825 کەس لە ساڵی 2022 دا.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە ساڵی 2022 کەمترین ڕێژەی کوشتنەکان تۆمار کراوە لەدوای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ساڵی 2011 کە بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی حکومەت بۆ سەر ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی لایەنگری دیموکراسی سەریهەڵدا.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەکە کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و تۆڕێک سەرچاوەی لە ناوخۆی سوریادا هەیە، قوربانییەکانی ساڵی 2023 هەزار و 889 کەسی مەدەنیشی لەخۆگرتووە کە 241 کەسیان ژن و 307 منداڵیشیان تیادابووە.

هێزەکانی حکومەتی سوریا لەمساڵدا نزیکەی 900 کوژراویان هەبووە، چەکدارانی دیکەش لەنێویاندا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرکردایەتی کورد کە ئەمەریکا پاڵپشتیان دەکات، گروپەکانی لایەنگرانی ئێران، گروپە ئیسلامییەکان، گروپە جیهادیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و چەکدارانی بیانی تێکڕا ژمارەی کوژراوەکان پێکدەهێنن.

بەدرێژایی چەندین ساڵ، شەڕ لەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی زۆر پەرەی سەندووە و بووەتە مایەی ڕاکێشانی سوپای بیانی و میلیشیا و جیهادیەکانی بۆ نێو وڵاتەکە و لە ساڵی 2011 ەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە و ژێرخان و پیشەسازی وڵاتەکەی وێران کردووە، ئەمە بێجگە لە برینداربوونی سەدان هەزار کەس.

دیمەشق بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیا بەشێکی زۆری ئەو خاکەی کە پێشتر لە شەڕەکاندا لەدەستی دابوو کۆنتڕۆڵی کردووەتەوە، هەرچەندە بەشێکی زۆری باکووری وڵاتەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتدایە.

بەرەی تەحریر شام، گروپێکی جیهادییە بە سەرۆکایەتی لقی پێشووی ئەلقاعیدە لە سوریا، بەشێک لە پارێزگای ئیدلب و بەشێک لە پارێزگاکانی حەلەب و حەما و لازقییەی کۆنترۆڵکردووە کە بە دواهەمین مۆڵگەی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری لە سوریا هەژمار دەکرێن.

ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ڕووسیا و تورکیا لە ئیدلب دوای هێرشێکی حکومەتی سوریا لە مانگی ئازاری 2020 دا ڕاگەیەندرا، بەڵام چەندین جار ئاگربەستەکە پێشێلکراوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە 25 چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشە ئاسمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژراون کە پێدەچێت لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدرابێت، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە پێشتر باس لە کوژرانی 23 چەکدار کراوە.

ئیسرائیل کە لە سەرەتای شەڕەکەوە سەدان هێرشی بۆ سەر خاکی سوریا ئەنجامداوە، بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکان دەدات بەڵام چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێرانی دوژمنە سەرسەختەکەی هەژموون و ئامادەیی خۆی لەو وڵاتە فراوانتر بکات.

ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی شەڕی لەگەڵ حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردووەتەوە.





ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad