ZNA - هەولێر لە بەنزینخانەکانی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی پارەدان بە شێوەی کاش کەوتەبواری جێبەجێکردن، بە گوێرەی بڕیارەکە پێویستە هەموو شۆفێرێک کارتی بانکی هەبێت و پارەی بەنزینەکە لە رێگەی کارتە بانکییەوە بدات.
لەنێوان پارەدانی ئەلیکترۆنی و پارەدانی کاش لە بەنزینخانەکان، دانیشتوانی بەغدا بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێک پێیان باشە یەکەم ئەزموونی پارەدانی ئەلیکترۆنی تاقی بکەنەوە، ئەوەش لەپێناو پیشاندانی لایەنی ئەرێنی پرۆسەکە، بەڵام خاوەنی ئۆتۆمبێلە تاکسییەکان، بۆچوونیان جیاواز و پێچەوانەیە، پرۆسەکە بە نەرێنی دەبینن و پارەدانی کاشیان لەلا پەسەندە.
هاووڵاتییەکی بەغدا بەناوی سەجاد، رایگەیاند: "من یەکەم جارمە کارتی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنم، ئەمە شتێکی باشە، هەندێک کەس ترسیان لەم بابەتە هەیە، بەڵام من پێم وایە شتێکی باش و سادەیە، بەو واتایەش نییە کە تەنیا لە بەنزینخانەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو دەکرێت ئەم کارتە لە مۆڵ و بازاڕەکانیش بەکاربهێنرێت و بەهۆیەوە رزگارمان بێت لەدەست بابەتی پارەی کاش و بەرزبوونەوە و دابەزینی بەهای دۆلار".
هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی بەغدا بەناوی ریاز عەلی گوتی: "پارەی کاش باشترە لە پارەدانی ئەلیکترۆنی، چونکە کارتە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت بڕۆیت و پڕیبکەیتەوە و ئەوەش کاتی دەوێت، ئەمە کاری رۆژانەی ئێمەیە، دەشڵێن ناتوانیت لە 50 هەزار دینار کەمتر بکەیتە ناو کارتەکە بۆئەوەی بتوانیت بەنزینی پێ بکڕیت".
شارەزایەکی کاروباری ئابووری، دەڵێت: سەختە بڕیارەکە وەکو خۆی و بەو خێراییە جێبەجێ بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، چونکە هۆشیاریی بەکارهێنانی کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق لاوازە، لەلایەن زۆرێک لە هاووڵاتیانەوە دژایەتی دەکرێت.
ئەم هەواڵە 406جار خوێندراوەتەوە |