English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە ئاست کوشتنی بەرپرسەکەی حەماس لە لوبنان، حزبوڵا ده‌ڵێت بێده‌نگ نابێت
2024-01-04 [09:10 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سەرۆکی گروپی حزبوڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، کوشتنی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە لایەن ئیسرائیلەوە لە بەیروت "تاوانێکی گەورە و مەترسیدارە کە ناتوانین لێی بێدەنگ بین".

سەید حەسەن نەسروڵا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا سەرەخۆشی لە حەماس کرد بۆ ئەو ڕووداوەی شەوی سێشەممە و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئیسرائیل" ناوی برد کە بووە هۆی کوژرانی ساڵح ئەلعاروری.

بەپێی زانیارییەکان، شەوی سێشەممە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ئۆفیسێکی حەماسی داوە لە ناوچەی ئەلمەشرفییەی باشوری بەیرووتی پایتەخت و لە ئاکامدا ئەلعاروری و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی کوژراون. ئەو ناوچەیە بە قەڵای حزبوڵا ناسراوە.

ئەوە یەکەم هێرش بوو بکرێتە سەر بەیروت دوای نزیکەی سێ مانگ شەڕی نزیکەی ڕۆژانەی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس کە لە ناوچە سنوورییەکان قەتیس کراوە.

حزبوڵا لە 8 ی مانگی10 چەند مووشەکێکی گرتە ئیسرائیل بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس، کە ڕۆژێک پێش ئەوە هێرشێکی کوشندەیان کردبووە سەر باشووری ئیسرائیل و 1200 کەسیان کوشت دەیان کەسیشیان بە بارمتە گرت. ئیسرائیل بە هەڵمەتێکی توندی بۆردومانکردنی کەرتی غەززە وەڵامی دایەوە.

حزبوڵای لوبنان کە لە ساڵی 1982 لە لایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە دامەزرا و سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەک دەکات کە تاران پشتیوانی دەکات و دوژمنایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکات. لە ساڵی 2006 شەڕێکی یەک مانگەی دژی ئیسرائیل ئەنجام دا.

حەسەن نەسروڵا لە لێدوانەکەیدا گوتیشی هەنگاوە "خێراکانی" حزبوڵا لە هەشتی مانگی دە و تۆپبارانەکانی سنوور بەزاندنی لەو کاتەوە، ڕێگری لە هەڵمەتێکی بۆردومانی فراوانتری ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کردووە، هەروەها نیشانیداوە کە توانای ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە هێرشانە "ڕووخاوە".

بەڵێنیشی دا "هیچ سنوورێک " و "هیچ ڕێسایەک" بۆ شەڕی گروپەکەی نابێت ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر لوبنان.

نەسروڵا وتی "هەرکەسێک بیر لە شەڕ لەگەڵ ئێمە بکاتەوە یەک وشەم بۆی هەیە، ئەوەش ئەوەیە کە پەشیمان دەبێتەوە."

بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 120 چەکداری حزبوڵا لەگەڵ نزیکەی 24 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون. هەروەها لانیکەم نۆ سەربازی ئیسرائیلیش لە ئاڵوگۆڕی تەقەکردندا کوژراون.

ئەلعاروری بە کەسێک دادەنرێت کە هۆکاری دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی حەماس بووە لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان ، دوای ئەوەی ئەو گرووپانە پشتیوانییان لە لایەنە دژبەرەکان کرد لەو شەڕەی کە لە ساڵی 2011 لە سووریا سەریهەڵدا.

لێدوانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی نەسڕوڵا بە بۆنەی 4 هەمین ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بوو کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا لە عێراق کوژرا.

ئەمە سێهەم وتاری نەسڕوڵا بوو لەوەتای 7 ی مانگی دەوە. لە وتارەکەی 3ی مانگی 11 دا نەسڕوڵا هۆشداری دا بە ئەمەریکا کە ڕێگری کردن لە ململانێیەکی ناوچەیی دەکەوێتە سەر ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. لە وتاری دووهەمی دا نزیکەی هەفتەیەک پاش ئەوە، گوتی بەرەی دژی ئیسرائیل چالاک دەمێنێتەوە. ڕۆژی چوارشەممەش گوتی دووبارە لە 5 ی مانگی 1 وتارێکی ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵا لە باشوور پێشکەش دەکات.

 





ئەم هەواڵە 181جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad