English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مێژووی رکابەریی نێوان لازیۆ و رۆما
2024-01-10 [04:27 AM]

ZNA-ھەولێر


دێربیی رۆما، یەکێکە لەو دێربییانەی زۆرترین رق و قینە و رکابەری لەنێوان هاندەرانی دوو یانەی شارێکدا دروستکردووە، بەشێوەیەک کە گرژی و توندوتیژی نێوان ئەو دوو یانەیە کوشتنی هاندەر و چەندین رووداوی رەگەزپەرستی بەخۆوە بینیوە. 

 

ئەمشەو کاژێر 20:00، یاریگەی ئۆڵۆمپیکۆ دەبێتە گۆڕەپانی ئەنجامدانی دێربیی رۆما کاتێک لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئیتاڵیا یانەی لازیۆ رووبەڕووی رۆما دەبێتەوە، بەو بۆنەیەوە لەم راپۆرتەدا بەشێک لەو رووداوە مێژوویانە باس دەکەین کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی رکابەریی و توندوتیژی نێوان ئەو دوو یانە ئیتاڵییە. 

 

مێژووی دروستبوونیان

 

لازیۆ لە ساڵی 1900 لە شاری رۆما دامەزرا و دەستی بە رکابەریکردن کردووە، دواتر لە ساڵی 1927، یانەکانی شاری رۆما یەکیانگرت و ویستیان یانەیەکی بە‌هێز دروستبکەتن بۆ ئەوەی رکابەری یانەکانی باکووری ئیتاڵیا بکەن، بەڵام یانەی لازیۆ کە یانەیەکی شارەکە بوو،رەتی کردەوە بەشداری ئەو یەکخستنە بکەن و بڕیاریاندا وەک یانەیەکی سەربەخۆ بمێننەوە. دواتر یانەکانی رۆمان، ئالبا ئاوداچێ و فۆرتیتودۆ یەکیانگرت و یانەیەکی نوێی لێدروستکرا و ناویاننا "رۆما"، ئەمەش بە سەرەتای سەرهەڵدانی رکابەری نێوان لازیۆ و رۆما دادەنرێت. 

 

گرژی نێوان دوو یانەکە 

 

لە ساڵانی 1960، ئۆڵتراسەکانی هەردوو یانە درووستبوون، لە ساڵی 1979 هاندەرێکی یانەی رۆما بە دەمانچەیەکی فلێر لە دەموچاوی هاندەرێکی لازیۆ دەدات و دەیکوژێت، ئەمەش یەکەمین جار بوو لە تۆپی پێی ئیتاڵیا هاندەرێک بەهۆی توندوتیژییەوە بمرێت.

 

لە ساڵی 2004، هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و چوار خولەک دوای دەستپێکردنی گێمی دووەم، یارییەکە وەستێنرا دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هاندەرێک لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە و لە دوایین کورسییەکانی یاریگەکەوە چەند هاندەرێک بینیان کە لاشەی کەسێک کفنکراوە، ئەمەش وایکرد شەڕ و توندوتیژی لە یاریگە درووستببێت، دواتر پزیشکەکان رایانگەیاند کە ئەو کەسەی کفنکراوە نەمردووە، بەڵکو بەهۆی ئەو گازانەی هاندەران لە یاریگەکەدا بەکاریانهێناوە تەنگەنەفەس بووە و پارچە قوماشێکی سپییان بەسەردا داوە و وەک فلتەرێکی هەوا بەکاریان هێناوە، سەرەڕای ئەوەش، توندوتیژی نێوان هاندەران بۆ دوای یارییەکەش درێژەی کێشا و بووە هۆی بردینداربوونی 170 کەس و 13 کەسیش دەستگیرکران.

 

لە یارییەکی دیکەی نێوانیان لە ساڵی 2016، یانەی رۆما بە ئەنجامی 2-0 لە لازیۆی بردەوە. کێڤن ستروتمان گۆڵی یەکەمی رۆمای تۆمارکرد و ئاوی بە دانیلۆ کاتالدی، یاریزانی لازیۆدا کرد، کاتالدیش یەخەی درێسەکەی ستروتمانی گرت و بەوهۆیەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. یاریزانەکەی رۆما بۆ دوو یاری راگیرا، هەروەها سێناد لولیچی یاریزانی لازیۆ بۆ 20 رۆژ لە یاریکردن سڕکرا دوای ئەوەی قسەی ناشرینی بە ئانتۆنیۆ رودیگێری بەرگریکاری رۆما گوتبوو.

 

 

جیاوازی سیاسی

 

بەشێکی زۆری هاندەرانی هەردوو یانە لە رووی بیروباوەڕی سیاسییەوە جیاوازن، هاندەرانی رۆما چەپن و هاندەرانی لازیۆش راستن، بەشێک لە هاندەرانی لازیۆ لۆگۆی فاشیستی لەسەر بانەرەکانیان بەکارهێناوە و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا کرداری رەگەزپەرستییان بەرامبەر هاندەرانی رۆما ئەنجامداوە، بەتایبەتی لە دێربیی وەرزی 1998-1999 هاندەرانی لازیۆ بانەرێکیان بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو "پێکهاتەی رەشپێستەکان و جووەکان"، لە بانەرێکی دیکەشدا نووسرابوو "ئۆشویتز شاری ئێوەیە، فڕنەکان ماڵی ئێوەیە"، ئۆشویتز کامپێکی نازییەکان بوو کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا، جووەکانی تێدا کۆدەکرانەوە و بەنددەکران.

 

لە ساڵی 2017، یانەی لازیۆ 3-1 لە رۆمای بردەوە، چەند رۆژێک دوای یارییەکە ئۆڵتراسەکانی لازیۆ، لە نزیک کۆڵۆسیۆمی شاری رۆما، چەندین بوکەڵەیان بە درێسی رۆماوە هەڵواسی لەگەڵ بانەرێک کە لەسەری نووسرابوو "لە کاتی خەوتندا گڵۆپەکان بە هەڵکراوی بهێڵنەوە!". 





ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad