English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
له‌سه‌ر پرسی غەززە، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان بەرپرسانی ئیسڕائیل
2024-01-20 [08:30 AM]

ZNA - هه‌ولێر


ناکۆکی لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئیسڕائیل لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ جەنگەکەی دژ بە حەماسدا دەرکەوتووە. ئەندامێکی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل گومانی هەیە لە ستراتیژی ئازادکردنی بارمتەکان، ئەمەش لە کاتێکدا کە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ کەمکردنەوەی چڕی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، داواکانی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە.

سەرکردەی پێشووی سوپای ئیسڕائیل گادی ئایزنکۆت کە یەکێکە لە پێنج ئەندامەکەی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل، دەڵێت تەنها ڕێککەوتنێکی ئاگربەست دەتوانێت ئەو دەیان بارمتەیە ئازاد بکات کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون، وتیشی، ئەوانەی دەڵێن، دەکرێت لە ڕێی شێوازی دیکەوە ئازاد بکرێن تەنها " خەیاڵات " بڵاو دەکەنەوە.

لێدوانەکانی ئایزنکۆت نوێترین ئاماژە بوون لەسەر ناکۆکییەکانی نێو سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکانی ئیسڕائیلدا لەسەر ئاڕاستەی جەنگەکەی ئیسڕائیل دژی حەماس، کە ئێستا چووەتە چوارەمین مانگییەوە.

ئیسڕائیل دەڵێت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 بارمتە لە غەززە ماونەتەوە، بەڵام باوەڕوایە هەندێکییان گیانییان لە دەستدا بێت.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن نزیکەی 1200 کەس لەو هێرشەدا کوژراون و نزیکەی 240 کەسیش لەلایەن چەکدارەکانەوە بە بارمتە گیران. ئیسڕائیل لە وەڵامی ئەو هێرشەدا دەستیکرد بە هەڵمەتێکی سەربازیی کە لە مێژووی نوێدا بە یەکێک لە کوشندەترین و وێرانکەرترین هەڵمەتی سەربازیی دادەنرێت. بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن نزیکەی 25,000 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە لە غەززە کوژراون، هەروەها بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لە سەدا 80 ی دانیشتوانی کەرتی غەززە.

وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەززە ڕۆژی هەینی وتی ڕۆژی پێنجشەممە 142 کەس کوژراون و 278 کەسی دیکە برینداربوون. ئەوەش ژمارەی کوژراوەکانی بەرز کردەوە بۆ 24,762 کەس، هەروەها ژمارەی بریندارەکانیش بەرز بووەوە بۆ 62,108 کەس.

ئیسڕائیل سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بۆ کەرتی غەززە بڕیوە، بە خۆراک و ئاو و سوتەمەنیشەوە. ئێستا ڕۆژانە چەند دەرزەنێک بارهەڵگر بە یارمەتییە مرۆییە گرنگەکانەوە دەچنە ناو غەززەوە، پێش جەنگەکە ڕۆژانە 500 بارهەڵگر دەچوونە غەززەوە. ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتوویانە دەبێت یارمەتی مرۆیی زیاتر بگەیەندرێتە غەززە.

ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕووی سەربازیی و سیاسییەوە پشتیوانی لە هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسڕائیل کردووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا داوای لە ئیسڕائیل کردووە فراوانیی هێرشەکانی بچووکتر بکاتەوە و هەنگاو بنێت بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوش ئەو پێشنیارەی ئەمەریکا بە ئاشکرا ڕەت دەکاتەوە.

نەتانیاهو لە وتارێکدا جەختی لە دژایەتی خۆی کردەوە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان، دەڵێت وڵاتێکی فەلەستینی دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئیسڕائیل.

وتی "دەبێت ئیسڕائیل لە ڕووی ئاسایشەوە کۆنتڕۆڵی سەرانسەری ناوچەی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن بکات."

ئەمەریکا دەڵێت دەسەڵاتی فەلەستینییەکان کە کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبات، دەبێت " چاکسازی " تێدا بکرێت و بگەڕێتەوە بۆ غەززە. حەماس لە ساڵی 2007 دا دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەززە دەرکرد.

واشنتن داوای گرتنەبەری هەنگاوەکانی کردووە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی. فەلەستینییەکان هەوڵ دەدەن وڵاتەکەیان پێک بێت لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و ئۆرشەلیم. ئەو ناوچانە لە ساڵی 1967 دا لەلایەن ئیسڕائیلەوە گیران.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس وتی چارەسەری دوو دەوڵەت باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی ئیسڕائیل و یەکخستنەوەی وڵاتانی عەرەبی و پەراوێزخستنی ئێرانی دوژمنی سەرسەختی ئیسڕائیل. وتی بەبێ بوونی ڕێگایەک بەرەو دەوڵەتێکی فەلەستینی، ئیسڕائیل " ئاسایشێکی باشی دەستناکەوێت."

لە هەمان کۆنفرانسدا، وەزیری دەرەوەی سعودیە وتی وڵاتەکەی ئامادەیە پەیوەندییەکی تەواو لەگەڵ ئیسڕائیلدا دابمەزرێنێت، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی گەورەتردا. وتیشی " بەڵام ئەوە تەنها لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ئاشتی بۆ فەلەستینییەکان هەبێت، لە ڕێی دەوڵەتێکی فەلەستینییەوە."

وتەبێژێکی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس وتی " هیچ ئاسایش و سەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا نابێت " بەبێ دەوڵەتێکی فەلەستینی.

نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت دەڵێن شەڕەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی حەماس لە ناودەبرێت، دەشڵێن تەنها هەڵمەتی سەربازیی دەبێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان.

ڕکابەرەکانی نەتانیاهو تۆمەتباری دەکەن بە تۆمەتی دواخستنی هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە سیناریۆکانی دوای جەنگ تاوەکو خۆی بە دووربگرێت لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر شکستەکانی حکومەتەکەی و هاوپەیمانێتییەکەی بپارێزێت و هەڵبژاردنەکان دووربخاتەوە. ڕاپرسییەکان دەریدەخەن نەتانیاهو کە لەسەر گەندەڵی دادگایی دەکرێت، لە ماوەی جەنگەکەدا ناوبانگەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

ئایزنکۆت کە لە مانگی دوانزەدا کوڕەکەی لە غەززە کوژرا، دەڵێت " تەنها لە کاتێکدا بارمتەکان دەگەڕێنەوە کاتێک ڕێککەوتنێک هەبێت، ئەوەش پەیوەستە بە وەستاندنی بەرچاوی شەڕەکەوە." وتیشی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ڕێی تێناچێت چونکە بارمتەکان بڵاوبوونەتەوە، زۆربەیان لە تونێلەکانی ژێر زەویدان.

وتیشی بانگەشەکردن لەسەر ئەوەی بارمتەکان دەکرێت بە شێوازی دیکە جگە لە ڕێککەوتن ئازاد بکرێن " تەنها بۆ بڵاوکردنەوەی خەیاڵە."

وتیشی دەبێت دەستبەجێ بڕیاری ستراتیژی بدرێت لەسەر ئاڕاستەی جەنگەکە، هەروەها دەبووایە دەستبەجێ دوای دەستپێکردنی جەنگەکە گفتوگۆیەک بکرایە لەسەر چۆنێتی کۆتایی هاتنی جەنگەکە.

هەروەها ئەو پێشنیارانەی ڕەت کردەوە کە گوایە سوپای ئیسڕائیل بە توندی زیانی بە حەماس گەیاندووە.

گالانت وتی هێزەکانی ئیسڕائیل پێکهاتەی سەربازیی حەماسییان لە باکووری غەززە لە ناوبردووە. لەم هەفتەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئیسرائیل لە باکووری غەززە کشانەوە و ئێستا سەنگییان خستووەتە سەر باشووری کەرتەکە.

ئایزنکۆت وتی " هێشتا نەگەیشتووین بە دەستکەوتێکی ستراتیژی، حەماسمان لە ناونەبردووە."

 

voa





ئەم هەواڵە 244جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad