English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمەریکا لە هێرشە پێشوەختەکانی دژی حوسییەکان بەردەوامە
2024-01-22 [10:48 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

هێزەکانی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا موشەکێکی دژە کەشتییان کردووەتە ئامانج کە ئامادەکرابوو بۆ هەڵدانی بە ئاڕاستەی کەنداوی عەدەن.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێرشە پێشوەختەکە " ئاوە نێودەوڵەتییەکان پارێزراوتر دەکات بۆ هێزی دەریایی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان."

هێرشەکە حەوتەمین هێرشی ئاسمانی ئەمەریکایە لە ماوەی هەفتەیەکدا دژی موشەک هاوێژەرەکانی حوسییەکان. کۆشکی سپی دەڵێت هێرشەکان پێویستن بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە شێوەیەکی بەرچاو کارییان کردووەتە سەر بازرگانی جیهانی.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کەربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سێ هێرشی ئەنجام داوە بۆ لە ناوبردنی " موشەک هاوێژەرەکانی حوسییەکان کە بۆ ئەنجامدانی هێرش ئامادە کرابوون."

حوسییەکان کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی یەمەنییان کردووە دەڵێن لە ڕێی هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە سەر بە ئیسڕائیلن یاخود بەرەو بەندەرەکانی ئیسڕائیل دەڕۆن، پشتیوانی لە حەماس دەکەن.

بەرپرسانی بەرگری ئەمەریکا دەڵێن لە 19 ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 ەوە حوسییەکان لانیکەم 31 هێرشییان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ئەنجام داوە.

هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بوونە هۆی تێکدانی ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی جیهاندا کە بەستراوەتەوە بە دەریای ناوەندەوە، زۆرێک لە کۆمپانیا بازرگانییە جیهانییەکانیش ناچار بوون چیتر ئەو ڕێرەوە ئاوییەی دەریای سوور بەکارنەهێنن و ڕێڕەوێکی دیکەی دورودرێژ بە دەوری ئەفریکای باشووردا بگرنەبە، ئەوەش لە ترسی هێرشی حوسییەکان لەو دەریایەدا.

بەڵام بەرپرسێکی باڵای حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت وتی کەشتییە چینی و ڕووسیاییەکان ڕێڕەوێکی پارێزراوییان دەبێت لە دەریای سووردا.

دەزگای هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە محەمەد ئەل بوخایتی کە ئەندامی سەرکردایەتی سیاسیی حوسییەکانە، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیزڤێستیای ڕووسیادا وتوویەتی ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەوروبەری یەمەن پارێزراو دەبن بۆ کەشتییەکانی چین و ڕووسیا، هەتاوەکو ئەو کاتەی کە ئەو کەشتییانە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە نەبێت.

لەگەڵ هێرشی حوسییەکاندا بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە، هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 140 جار لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە لە عێراق و سوریا کراونەتە ئامانج.

هێرشە موشەکییەکانی ڕۆژی شەممە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێکەی غەززە بە ناوچەکەدا زیاتر کرد.

ئێران ڕایگەیاند پێنج فەرماندەی سوپای پاسدارانی وڵاتەکە لە هێرشێکی موشەکی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ماڵێک لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کوژراون، سەرچاوە ئاسایشییەکانی لوبنانیش دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی حیزبوڵا.

ئیسڕائیل لێدوانی لەسەر هێرشەکەی سەر سوریا نەداوە.

دواتریش بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی لە هێرشێکی موشەکی یاخود ڕۆکێتیدا بۆ سەر بنکەیەک لە عێراق سەربازێکی ئەمەریکایی بریندار بووە.

 

voa





ئەم هەواڵە 190جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad