English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
یەکەم فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان لە عەرەبستانی سعودیە دەکرێتەوە
2024-01-24 [07:46 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار و پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەکەوە، ڕایدەگەیەنێت، عەرەبستانی سعودیە ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی یەکەم فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان لە ڕیازی پایتەختی وڵاتەکە و تەنها تایبەت دەبێت بەو دیپلۆماتانەی کە موسوڵمان نین.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەستی ئاژانسی ڕۆیتەرز کەوتووە، کڕیارانی خواردنەوە کحولییەکان پێویستە لە ڕێگەی ئەپی مۆبایلەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن و کۆدێکی تایبەتی ڕێگەپێدانی کڕین لە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە وەربگرن و هەروەها دەبێت پشکی مانگانەی خۆیان بۆ کڕین ڕەچاو بکەن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە لە هەوڵەکانی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ کردنەوەی دەرگاکانی وڵاتەکەی بەڕوی گەشتیاری و بازرگانیدا و هەروەها بەشێکە لە پلانێکی فراوانتری سعودیە کە بە "دیدگای 2030" ناسراوە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بێ نەوت.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەکەوێتە ناوچەی دیپلۆماسی ڕیاز کە گەڕەکێکە باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکارانی تێدا نیشتەجێیە و تەنها تایبەتە بەوانەی کە موسڵمان نین.

ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا خەڵکی دیکەی ناموسڵمان دەتوانن بچنە ناو ئەو فرۆشگایە یان نا. ملیۆنان تاراوگەنشین لە سعودیە دەژین بەڵام زۆربەیان کرێکاری موسڵمانن لە ئاسیا و میسرەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا فرۆشگاکە بکرێتەوە.

سعودیە یاسای توندی هەیە دژی خواردنەوە کحولییەکان، لە لێدانی سەدان قامچی، سزای دارایی و زیندانیکردنەوە بگرە تا دەگاتە سزای دیپۆرتکردنەوە بۆ بیانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە.

هاوکاتی ئەم هەواڵە، حکومەتی سعودیە ڕۆژی چوارشەممە هەواڵەکانی میدیای دەوڵەتی پشتڕاستکردەوە کە باس لە سەپاندنی سنووردارکردنی نوێی بۆ هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەو سنووردارکردنانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردنی نایاسایی بەرهەمە کحولییەکان سەپێنراون.

ناوەندی پەیوەندی نێودەوڵەتی حکومەتی سعودیە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ناردووە دەڵێت "لە پڕۆسەی نوێدا حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێدان و دڵنیابوون لەوەی هەموو دیپلۆماتکارانی باڵیۆزخانە ناموسڵمانەکان بە ڕێژەیەکی دیاریکراو دەستیان بەو بەرهەمانە دەگات."

لە بەیاننامەکەدا باس لە فرۆشگای کحولی پلان بۆ داڕێژراو نەکراوە بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە چوارچێوە نوێیەکە ڕێز لە ڕێککەوتننامە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت.

سعودیە کە بۆ دەیان ساڵە تاڕادەیەکی زۆر داخراو بووە، لە ساڵانی ڕابردوودا نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییە توندەکانی شل کردووە، وەک جیاکردنەوەی ژن و پیاو لە شوێنە گشتییەکاندا و داوانەکردنی لە ژنان بۆ لەبەرکردنی عەبای ڕەش.

محەمەد بن سەلمان لەوەتای دەسەڵاتی گرتووەتەدەست کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەو وڵاتەدا ئەنجامداوە، لەوانە کردنەوەی وڵات بەڕوی گەشتیاری نائاینی و کۆنسێرت و ڕێگەدان بە ژنان بۆهاژۆتنی ئۆتۆمبێل.

voa





ئەم هەواڵە 160جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad