English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
حوسییەکانی یەمەن هێرشيان كرده‌ سەر دوو کەشتی ئەمەریکا
2024-01-25 [06:30 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

دوو کەشتی کە ئاڵای ئەمەریکایان لەسەر بووە و هەڵگری باری وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوون، لە نزیک یەمەن و لەلایەن حوسییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (CENTCOM) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە، 24ی مانگی یەک بڵاویکردەتەوە، ڕایگەیاندووە " تیرۆریستانی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، سێ مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان لە یەمەنەوە بەرەو کەشتی 'مەیرسک دیترویت' و 'مەیرسک چیساپیک' هەڵداوە کە تەنها یەکێک لە مووشەکەکان بەر ئامانجەکەی کەوتووە و دوو مووشەکی دیکەش خراونەتە خوارەوە."

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، هێرشەکان هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

چاودێران دەڵێن حوسییەکان بە پەلاماردانی ئەو کەشتیانەی بە تەنگەی بابولمەندەبدا تێدەپەڕن، مەترسیی زیادکردنی ململانێکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر کردووە.

هاوکاتی ئەم ڕووداوانە، دەسەڵاتدارانی حوسییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند مۆڵەتی یەک مانگیان بۆ هەموو کارمەندانی ئەمەریکایی و بەریتانیایی و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکانیان لە شاری سەنعادایە، دیاری کردووە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

حوسییەکان ئەم بڕیارەیان لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانیان داوە. هەفتەی ڕابردوو لە کاردانەوە بە هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گرووپە میلیشیایە بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، ئەمەریکا جارێکی دیکە ئەو گرووپەی خستەوە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستیەکان و هەروەها تاکو ئێستاش چەند خولێکی هێرشی ئاسمانی لەگەڵ بەریتانیا بۆ سەر ئەو گرووپە و پێگەکانی بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکانیان، ئەنجامداوە.

زۆرێک لە شارەزایانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیەکان لەسەر داوای کۆماری ئیسلامی ئێران و بە هاوکاری چەک و زانیارییەکانی تاران ئەنجام دەدرێت. حوسییەکان دەڵێن، بۆ پشتیوانی لە خەڵکی غەززە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن.





ئەم هەواڵە 199جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad