English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کەنەدا پارچه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ توركیا ره‌وان ده‌كات
2024-01-27 [08:17 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە کەنەدا و تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی پارچەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەنەداوە بۆ تورکیا گەیشتوون بە ڕێککەوتنێک، لە بەرامبەر ئەوەشدا تورکیا دەبێت ڕوونتر بێت لەوەدا کە ئەو پارچانە لە کوێ بەکاردەهێنێت، ڕێککەوتنەکەش لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کاتێک تورکیا پڕۆسەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ تەواو دەکات.

دوای 20 مانگ دواخستنی، تورکیا لەم هەفتەیەدا زۆر بە خێرایی بۆ پەسەندکردنی داواکەی سوید جووڵەی کرد، ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا داواکەی پەسەند کرد و ڕۆژی هەینیش ئەردۆغان پەسەندی کرد.

پێشبینی دەکرێت تورکیا لە چەند ڕۆژی دواتردا دوایین ئامزازەکانی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕەوانەی واشنتن بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتاییدا داواکەی سویدی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند کرد و واژۆی کرد. دوو سەرچاوەکە وتییان ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم کەنەدادا دەستبەجێ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا لاببات، کە لە ساڵی 2020 دا سەپاندی بەسەر تورکیادا.

کەسێکی نزیک لە پڕۆسەکەوە وتی لە سەرەتای مانگی یەکدا دوو وڵاتەکە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆکردن گەیشتن بە ڕێککەوتنێک. کەسی دووەم کە نزیکە لە پلانەکانەوە وتی هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنەکە دوای تەواوبوونی پڕۆسەی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ جێبەجێ دەکرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا شارۆلۆت ماکلیود بە ڕۆیتەرزی وت لە کاتێکدا کە هێشتا قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا لانەبراوە، ئۆتاوا ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ تورکیادا وەکو ئەندامێکی ناتۆ ئەو پرسە چارەسەر بکات.

وتی " کەنەدا و تورکیا بەردەوامن لە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەسەر پەیوەندییە دوو لایەنی و ئابووری و بازرگانییەکانی نێوانمان."

لەلایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی بە تورکیا بەستبووەوە بەوەوە کە تورکیا ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا پەسەند بکات.

لە ساڵی 2020 دا کەنەدا فرۆشتنی تەکنەلۆجیایەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە تورکیا قەدەغە کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە ئەو کەلوپەلانەی ڕەوانەی تورکیای کردوون بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکیانەوە بوون کە لەلایەن ئازەربایجانەوە بەکارهێندراون لە شەڕەکەیدا دژی هێزەکانی ئەرمینیا لە ناگۆرنۆ کاراباخ.

لە ساڵی 2022 دا دوای ئەوەی تورکیا دژایەتی خۆی دەربڕی سەبارەت بە داواکانی سوید و فینلەندا بۆ پەیوەندیکردن بە ناتۆوە، کەنەدا گفتوگۆکانی سەبارەت بە لابردنی ئەو قەدەغەکردنە ڕاگرت.. بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووی ڕابەرانی ناتۆوە گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیادا دەستپێکردەوە.

سەرچاوەکان وتییان بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان کەنەدا و تورکیا، دەبێت ئەنکەرە زانیاری بدات بە ئۆتاوا لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی کەلوپەلە کەنەدییەکان، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەو کەلوپەلانە جارێکی دیکە ڕەوانەی وڵاتێک بکرێنەوە کە ئەندام نەبێت لە ناتۆدا.

ئەنکەرە بەردەوام ڕەخنەی لە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا گرتووە و دەڵێت پێچەوانەی ڕۆحی هاوپەیمانێتی ناتۆیە. لە ڕابردوودا هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سوید قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەکییان بەسەر تورکیادا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی گرژییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سوریا.

لە کاتێکدا کە ئەنکەرە داوای لە کەنەدا کردووە ئەو کۆتوبەندانە لاببات، وتووشییەتی کە بەمزووانە دەتوانێت خۆی ئەو کەلوپەلی فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بەرهەم بهێنێت کە هاوردەیان دەکات. چەندین وڵات بە ئۆکرانیا و ئیسیوپیا و پاکستانیشەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان لە تورکیا کڕیوە.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی پەسەندکردنی داواکەی سوید لەلایەن تورکیاوە لەلایەن " کەنەدا و سوید و سەرجەم وڵاتانی ڕۆژئاواوە پێشوازی لێکرا " و وەکو سەرچاوەیەکی هێز لە نێو هاوپەیمانێتی ناتۆدا سەیر کراوە.

وەکو یاسایەکی فەڕمی ناتۆ، دوایین نوسراوی پڕۆسەکە کە بە ئامڕازەکانی پەسەند کردن ناسراوە، پێویستە لە ئەرشیفەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا لە واشنتن دابندرێت.

جێی ئاماژەیە کاتێک لە ساڵی 2022 دا سوید داوای ئەندامێتی کرد لە ناتۆدا، کەنەدا یەکەمین وڵات بوو داواکەی سوید پەسەند بکات.





ئەم هەواڵە 238جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad