ZNA - هەولێر ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ "رزگارکردنی" خەڵکی تەکساس بەناوی دیموکراسیەوە پێکبهێنێت.
زاخارۆڤا لە تێلێگرام رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە سەرۆکی ئەمەریکا، بە شێوەی نەریتی ئۆباما دەبێت هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووانەکەی بەناوی دیموکراسیەوە".
پێشتر دان پاتریک جێگری پارێزگاری ویلایەتی تەکساس ڕایگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە بەنیازن تەلی دڕکاوی بەدرێژایی تەواوی سنووری ویلایەتەکە دابنێن، جەختی لەوە کردەوە، کە دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە ئەم سیاجە دووبارە هەڵدەگرنەوە ئەگەر دەسەڵاتدارانی فیدراڵی تەلی دڕکاوی ببڕن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند مانگێک لەمەوبەر ڕۆژانە نزیکەی سێ هەزار کۆچبەر سنووری تەکساس دەبەزێنن. بەڵام ئێستا دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی وڵات بەربەستیان داناوە، ئەم ژمارەیە گۆڕاوە بۆ سفر، لەم ماوەیەدا پاتریک جەختی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە ڕووبەڕووبوونەوەیان ناوێت.
هەینی ڕابردوو، گرێگ ئابۆت، پارێزگاری ویلایەتی تەکساس ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فیدراڵی ئەمەریکا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەستانەی کە لەسەر سنووری مەکسیک دانراون بۆ ڕێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی.
ئەم هەواڵە 364جار خوێندراوەتەوە |