ZNA- هەولێر
کۆمپانیاکانی "ئێرانخودڕەو"، "سایپا' و 'پارسخودڕەو" ی دسروستکەری ئۆتۆمبێل لە ئێران، کەوتوونەتە ژێر قەرزەوە و قەبارەی قەرزەکانیان لە ١٧٤ هەزار ملیار تمەن تێ پەڕیوە و بەپێی داتاکانی خۆیان ژمارە قەرزە دەکاتە دوو هێندەی سەرمایەی تۆمارکراویان.
ئەوەش بە واتای ئەوەیە ئەم کۆمپانیایانە مایەپووچ بوون، بەڵام تا ئێستا ڕانەگەیەندراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە مانگی گوڵانی ڕابردوو نرخی ئۆتۆمبێل لە ئێران ٤٠٪ گران بوو.
بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن ئەم سێ کۆمپانیایەیەوە بڵاو بووەتەوە، قەبارەی قەرزی کەڵەکەبوو لەسەریان گەیشتووەتە ١٧٤ هەزار ملیار تومەن و تەنیا لە ٩ مانگی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠ هەزار ملیار تومەن به قەرزەکانیانەوە زیاد بووە.
کۆمپانیای "ئێرانخودڕەو" لە هەموویان زیاتر قەرزدارە و تا مانگێک لەمەوبەر کۆی قەرزەکانی گەیشتە ١٠٤ هەزار ملیار تومەن. هاوکات قەرزی کەڵکەبووی سەر کۆمپانیای "سایپا" گەیشتووەتە ٤٨ هەزار ملیار تومەن و قەرزی "پارسخودڕەو"یش ٢٢ هەزار ملیار تومەنە.
ڕاگەیاندنەکانی ئێران ئاماژەیان بەمەش کردووە، هەرسێ کۆمپانیاکە دوو هێندەی سەرمایەی تۆمارکراوی خۆیان کەوتوونەتە ژێر قەرزەوە و بەپێی یاسا، بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە لە سەرمایەی تۆمارکراوی خۆیان زیاتر قەرزدارن، بە مایەپووچ هەژمار دەکرێن، بەڵام هەتا ئێستا ڕانەگەیەندراوە.
ئەم هەواڵە 208جار خوێندراوەتەوە |