English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەمەریکا چەند کەس و کۆمپانیایەک لە تورکیا و لوبنان سزا ده‌دات
2024-01-31 [09:32 AM]

ZNA - هه‌ولێر


وەزارەتی خەزێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر تۆڕی دابینکردنی دارایی سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی خەزێنە کە ڕۆژی چوارشەممە 31ی مانگی یەک بڵاویکردووەتەوە، سێ دامەزراوە و کەسێک لە لوبنان و تورکیا خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە، ئەمەش بەهۆی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی گرینگ بۆ تۆڕێکی دارایی کە لەلایەن سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپی حزبوڵلاوە بەکاردێت .

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە تۆڕی دارایی ئەو دامەزراوانە سەدان ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی کەلوپەلی ئێرانی بەدەستهێناوە و دەشڵێت فرۆشتنی ئەو کەلوپەلانە "سەرچاوەی سەرەکی داراییە بۆ درێژەدان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی و حیزبوڵڵا و پشتیوانی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە لە سەرتاسەری ناوچەکە".

برایەن نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، گوتی "سزاکانی ڕۆژی چوارشەممە، نیشاندەری ئیرادەی ئەمەریکایە بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سیستەمی بازرگانی جیهانی بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپە تیرۆریستییە بە وەکالەتەکانی وڵاتەکە لە ناوچەکەدا."

ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئاشکراکردن و پەکخستنی ئەو پلانە نایاساییانە.

ئەمەریکا دەڵێت کۆمپانیای 'نەوتی هاوردە و هەناردەکراوی میرا' (Mira Ihracat Ithalat Petro) لە تورکیا بەرهەمی ئێرانی لە بازاڕی جیهانی دەکڕێت و دەگوازێتەوە و دەیفرۆشێت و دواجاریش پشکێک لە پارەی فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە دەداتە حزبوڵلا. وەزارەتی خەزێنە دەڵێت سەرپەرشتیکردنی ئەو کارانە لەلایەن عەلی قەیسرەوە ئەنجام دەدرێت کە پێشتر ئەمەریکا بە ئاسانکاری سەرچاوە داراییەکانی حزبوڵڵا ناوی بردووە و سزای بەسەردا سەپاندووە.

جگە لە کۆمپانیای میرا، ئیبراهیم تەلال ئەلویر (ناوی تر: ئیبراهیم ئاگاگڵو) کە بەڕێوەبەری جێبەجێکار و خاوەنی ئەو کۆمپانیایەیە، سزای بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها کۆمپانیای دەریایی یارا کە پەیوەندی بە حزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە و کۆمپانیای بەکرێدانی ئامێری کونکردنی هایدرۆ لە لوبنان سزایان بەسەردا سەپێندرا.

لە ئەنجامی ئەم سزایانە، هەموو سەروەت و سامانی ئەو کەسانە و ئەو دامەزراوانە کە لە ئەمەریکا بوون یان لەلایەن هاووڵاتیانی ئەمەریکاوە کۆنترۆڵکراوون، سڕ دەبن و هەروەها یاسا و ڕێساکانی ئەمەریکا بەگشتی ڕێگری لە کەسانی ئەمەریکایی دەکات کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەس و دامەزراوانەدا بکەن کە لە لیستی سزاکاندان و جگە لەوەش، دامەزراوە داراییە غەیرە ئەمەریکاییەکان کە هەندێک مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانەیە خۆیان بخەنە بەر سزاکان یان تووشی ڕێوشوێنی دیکە ببنەوە.

voa





ئەم هەواڵە 148جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad