English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
قایمقامی قائم باس له‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات: میلیشیاکان هەر زوو شوێنەکانیان چۆڵکرد
2024-02-03 [09:51 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆسەر بنکەكانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق، ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقی گرتەوە، ئەو هێرشانە کرانە سەر شارۆچکەی قائمی سه‌ر به‌ پارێزگای ئەنبار و هاوسنوورە لەگەڵ سوریا، له‌مباره‌یه‌وه‌ قایمقامی ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ وتی، بۆردومانەکانی ئه‌مه‌ریكا بوونە مایەی داڕمانی تەواوەتی سێ خانو و نزیکەی 10 خانوی تریش ئاگریان تێبەربوو، وتیشی، عەمارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە میلیشیاکان لەناوبرا.

ئەحمەد جدیان ئەلدولەیمی، قائیمقامی پێشووی شارۆچکەی ئەلقائیم کە ئێستاش دانیشووی ئەو شارۆچکە سنووریەیە، دەڵێت "دوای کاتژمێر 12ی نیوەشەو بۆردومانێکی چڕ و قورسی ناوچەی سکەک لە قەزای قائم دەستیپێکرد، ئەو ناوچەیەیە هاوسنوری سوریایە و بەشێکی زۆری خانوبەرەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن بەشێکی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبییەوە بەکاردەهێنرێن کە لە شارۆچکەی قائیمن، بەلام ئەو خانوبەرانە لە کاتی بۆردومانەکاندا هیچ میلیشیایەکی لێنەبووە، بۆردومانەکان بوونە مایەی داڕمانی تەواوەتی سێ خانو و نزیکەی 10 خانوی تریش ئاگریان تێبەربوو."

بەڕێز ئەلدولەیمی، کە پێشتر ژەنەراڵ بووە لە لەشکری عێراقدا و ئێستا خانەنشینە دەشڵێت "لە ئاکامی بۆردومانەکان عەمارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە میلیشیاکان لەناوبرا."

ئەحمەد ئەلدولەیمی دەشڵێت لەناو خەڵکی سیڤیلیشدا کوژراو و برینداریش هەن و دەڵێت "لەو ڕوانگەیەوەی پێشتر کەسێکی لەشکریی بووم، تێناگەم و نازانم بۆچی پێشوەخت، واتە لە دوای هێرشەکەی لە ناو خاکی ئوردوندا کرایە سەر سەربازەکانی ئەمەریکا، ئەمەریکا ڕایگەیاند دەست دەکات بە بۆردومانکردنی شوێنەکانی میلیشیاکان، لە کاتێکدا دەبووایە لەناکاو بیکردایە، چونکە هەرچی ئەو میلیشیایانەی لە شارۆچکەی ئەلقائم بوون پاش ئەو ڕاگەیاندنانەی ئەمەریکا هەر بە تەواوەتی بنکەکانیان چۆڵکرد، واتە هەر کە زانییان ئەمەریکا لێیان دەدات، ئەوان زوو خۆیان پێچایەوە و شوێنەکانیان جێهێشت."

پێشتر ئەمەریکا ڕایگەیاند وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کردیانە سەر بنکەیەکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا، واشنتۆن وەڵامی دەبێت و لەو وەڵامەشدا میلیشیاکان و شوێنەکانیشیان لە عێراق و سوریادا دەکرێنە ئامانج.

ئەو میلیشیایانەی باس دەکرێن، بەشێکن لە هێزی قودسی سەر بە پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

واشنتۆن دەڵێت ئەو هێرشە ئاسمانیانە بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریادا بە مەبەستی تێکشکاندنی تواناییەکانی ئەوە هێزانەی سەر بە ئێرانە تا نەتوانن هێرش بکەنە سەر بنکەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

کۆشکی سپی دەڵێت "تەواوی ئەو کردە لەشکریانەی درەنگانێکی هەینی لە عێراق و سوریاشدا کراون تەنها 30 خولەکی خایاندووە و هێرشەکانیش سەرکەوتووبوون."

 

voa





ئەم هەواڵە 163جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad