English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مه‌سرور بارزانی بۆ NBCـی ئەمەریكی: جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە مانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە
2024-02-08 [08:54 AM]

ZNA- هەولێر


سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كەناڵی ئێن بی سیی ئەمەریكی رایگەیاند: سرووشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی و ئابووریی و سیاسیەوە، چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە و بۆیه‌ پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە.

"گرنگ نییە كێ لە پشت كردەوەی تیرۆریریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رووبەڕووی خودی تیرۆریزم ببینەوە"، ئەمە پێناسەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی، کە هاوكاتە لەگەڵ هێرشە درۆنییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و كوشتنی دوو سەركردەی حەشدی شەعبی، هەندێك لە سیاسییەكانی بەغداش داوای كۆتاییهێنان بە ئەركی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكەن.

 

مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان روونیکردەوە: "سرووشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی، ئابووریی و سیاسییەوە. چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە. پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە. هاوپەیمانە ئەمەریكییەكانمان پێماندەڵێن دەمانەوێت كوردستانێكی بەهێز ببینین چۆن؟ واتە پێویستە لە رووی ئابووری، سیاسیی و سەربازییەوە بەهێز بین بۆئەوەی بتوانین لەبەرامبەر هەڕەشەكان خۆمان بپارێزین".

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە: "وەك دەزانی چەند رۆژێك لەمەوبەر بە درۆن و مووشەك هێرشمانكرایەسەر توانای ئەوەمان نییە لەبەرامبەریان خۆمان بپارێزین. كە دەڵێین پێویستمان بە هاوكاری زیاتری ئەمەریكایە مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازیی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵكی خۆمان بكەین، بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن."

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختیکردەوە: "هۆكاری بوونی سەربازانی ئەمەریكا و هاوپەیمان لە عێراق ئەوەیە، عێراق ئامادەنەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و پڕكردنەوەی كەلێنەكان، ئێستاش پێمانوانییە هێزە عێراقییەكان ئەو توانایان هەبێت و ئامادبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگارییانە، بۆیە بوونی ئەمەریكا گرنگە بۆ پشتیوانی لەو هێزانە، هەتا ئەو كاتەی سەقامگیریی مسۆگەر دەبێت".

سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی بە کەناڵە ئەمەریکییەکەی راگەیاندووە: "ئەگەر ئەمەریكا بكشێتەوە كەلێنێك دروستدەبێت، من دەترسم ئەو كەلێنە لەلایەن هێزێكەوە پڕنەكرێتەوە كە لە بەرژەوەندی عێراق و هەمووان بێت، واتە هێزێك پڕی بكاتەوە ببێتە مەترسی بۆسەر ناوچەكە".

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەشدەكات، راگرتنی هەناردەی نەوت و نەدانی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بارگرانی دروستكردووە و خەڵكی تووشی كێشە بوونەتەوە، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە ژمارەیەكیان ئەمەریكیین و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە تووشی كێشە بوون. بەڵام سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ سوودانی نیازپاكی نیشانداوە و ئومێد هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن.





ئەم هەواڵە 454جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad