English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوای گه‌مارۆدانی له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی روسیا، ئۆکرانیا لە شارێکی سەرەکی وڵاتەکە دەکشێنەوە
2024-02-18 [12:21 PM]

ZNA - هه‌ولێر


 

سوپای ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت هێزەکانیان لە شاری ئەڤدیکا کشاندووەتەوە کە شارێکی بچووکە بەڵام گرنگە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و چەند مانگێک بوو لەلایەن هێزەکانی ڕوسیا گەمارۆدرابوو. ئەمەش بە گەورەترین سەرکەوتنی سیمبولی ڕووسیا دادەنرێت لەوەتای هێرشە بەرپرچەدانەوەکانی ئۆکرانیا کە لە وەرزی هاوینی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد.

ماوەی چەند مانگێکە ڕووسیا هەوڵ دەدات ئەڤدیڤکا کۆنتڕۆڵ بکات، شارەکە گەورەترین دەستکەوتی ڕووسیایە لە دوای ئەوەی لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کۆنتڕۆڵ کرد، هەروەها پێش دووەمین ساڵیادی دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دێت لە ئۆکرانیا.

ئۆلیکساندر سیرسکی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی "بڕیارمدا یەکەکانمان لە شارەکە بکشێنمەوە و پێگەی بەرگری وەربگرین لەو هێڵانەدا کە بۆ ئێمە باشترن."

وتیشی "سەربازەکانمان ئەرکە سەربازییەکانی خۆیان بە شکۆوە جێبەجێ کرد، هەموو شتێکییان کرد بۆ لە ناوبردنی باشترین یەکەی سەربازیی ڕووسیا و زیانێکی گەورەیان بە دوژمن گەیاند."

بڕیاری کشانەوەکە بە یەکەمین بڕیاری گرنگی سیرسکی دادەنرێت لە دوای ئەوەی لە 8 ی مانگی دوودا وەکو سەرکردەی نوێی سوپای ئەو وڵاتە دەستنیشانکرا. وتی بڕیارەکە لە پێناو پاراستنی ژیانی سەربازەکان و ڕێگریکردن لە گەمارۆدانییان دراوە.

ئۆکرانیا بەهۆی کەمیی تەقەمەنییەوە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ڕابردووەوە کۆنگرێسی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی یارمەتیدانی ئۆکرانیای بە بڕی 60 ملیار دۆلار ڕاگرتووە. ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاساکەی پەسەند کردووە، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا هێشتا تاوتوێی پڕۆژەکەیان نەکردووە.

فەرماندەی ناوچەی ئەڤدیڤکا، جەنەڕاڵ ئۆلیکساندەر تارناڤسکی سەبارەت بە کشانەوەکە وتی "لە دۆخێکدا کە دوژمن بەسەر لاشەی سەربازەکانی خۆیدا پێشڕەوی دەکات و تەقەمەنییەکی زۆر زیاترییان لە ئێمە پێیە، لە دۆخێکدا کە بەردەوام بۆردومانمان لەسەرە، ئەمە بڕیارە ڕاستەکە بوو."

وتی "ڕێگەمان نەدا گەمارۆ بدرێین، سەربازەکان کشێندرانەوە، سەربازەکانمان پێگەی بەرگرییان لە هێڵە دیاریکراوەکاندا وەرگرتووە."

پێش دەرکردنی فەرمانی کشانەوەی هێزەکان لە ئەڤدیڤکا، تارناڤسکی وتی چەندین سەربازیی ئۆکرانیایی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستگیرکراون.

شەڕەکە بۆ ناوچە پیشەسازییەکە کە کەمتر لە 10 کم لە شاری دۆنێتسکی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیاوە دوورە، یەکێک بوو لە خوێناویترین شەڕەکان لە ماوەی دوو ساڵی جەنگەکەدا.

بەپێی بەرپرسانی ناوخۆ، شاری ئەڤدیڤکا پێش جەنگ نزیکەی 34,000 دانیشتووی هەبووە. زۆربەی شارەکە لەو کاتەوە لە ناوچووە و نزیکەی 1000 دانیشتووی تێدا ماوە.

شارەکە گرنگی و بەهای سیمبولیی خۆی هەیە، مۆسکۆ هیوادارە بە گرتنی شارەکە بۆردومانکردنی دۆنێتسک لەلایەن ئۆکرانیاوە قورستتر بکات.

ئەڤدیڤکا دەکەوێتە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە، کرێملن لە ساڵی 2022 دا هەرێمەکەی لکاند بە ڕووسیاوە.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ڕووسیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕۆژی شەممە 17ی مانگی دوو داوای کرد تەقەمەنی و پێداویستی زیاتر بۆ شکستپێهێنانی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کە بە "ئەهریمەنێک" وەسفی کرد، بدڕیتە ئۆکرانیا.

زێلێنسکی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی ئۆکرانیا نەکەن، پوتن لە چەند ساڵی داهاتوودا وڵاتانی دیکە وەک ئۆکرانیا دەخاتە ناو "کارەسات"ەوە.

voa





ئەم هەواڵە 154جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad