English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
نێچيرڤان بارزانى: ئەركی بەغدایه‌ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بكات
2024-02-21 [05:47 AM]

ZNA-هەولێر


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌يه‌ بۆ‌سه‌ر عێراق. گوتیشی: "ئەركی بەغدایه‌  مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات".

ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منى و سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌میانه‌ی دیدارێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى عه‌ره‌بيى (الحدث)، بۆچوونه‌كانی خسته‌ڕوو و تێیدا رایگه‌یاند، هێزەكانی هاوپەیمانان لەسەر داوای حكومەتی عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش هاتنە عێراق، زۆر ئاسایيیە جارێكی ديكه‌ دانوستان بكرێت بۆ دیاریكردنی شێوەی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: "تا ڕادەیەكی زۆر هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌يه‌ بۆ‌سه‌ر عێراق".

سه‌رۆكی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد، ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان بەجێهێشت و چوونه ده‌ره‌‌وه‌، ساڵی 2014 بەپەلە عێراق نامەی ئاراسته‌ی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و داوای یارمەتی كرد، بە ڕاستی عێراقییه‌كان لەو كاتەدا بەبێ یارمەتیی هێزەكانى هاوپەیمانان و ئەمەریكا، بە هیچ شێوەیەك نەیاندەتوانی تیرۆریستانی داعش رابگرن.

له‌باره‌ی بوونی گرووپه‌ چەكداره‌كانی عێراق، سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت، ئەوەی ئەم گرووپانە دەیكەن، پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە، ئەم هێزانە هيچ روانگه‌يه‌كى روونيان نييه‌ و لە تاریكیدا ماونەتەوە.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌راوردێك له‌ نێوان سه‌رده‌می ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئاڵنگارییەكانی ئێستادا لە درۆن و رۆكێتى ئێران و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی كرد و گوتی: "داعش یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كردبوو، سەنگەرەكانیان دیار بوون، بە بۆچوونی من ئەوەی ئێستا هەیە زۆر سه‌ختتره‌ لەوكات، چونكە هەڕەشەكە لەناو ماڵی خۆتە و لە گرووپێكه‌وه‌يە پارە لە حكوومەتی عێراق وەردەگرێت".

نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران رایگه‌یاند، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران، پەیوەندییەكی كۆنە، ئێران دراوسێیەكی گرنگی ئێمەیە و ناتوانین ئەو جوگرافیایە تێك بدەین، بەڵام پرسیار ئەوەیە، كه‌ بە ڕۆكێتی كرووز لە ماڵێكی سڤیل بدەن، ئايا دەتوانی به‌مه‌ بڵێی دۆستایەتی؟ چ ناوێكى لێ ده‌نێى كاتێك به‌ پاساوى ئەوەی گوايه‌ ئەمە بارەگایەكی ئیسرائیله‌، ئه‌مه‌ ده‌كه‌يت! ماڵێكی سڤیل لەناو هەولێر بۆردومان بكەيت و سێ چوار كەس شەهید بكه‌يت كه‌ یەكێكيان منداڵێكی زۆر بچووك بوو.

گوتیشی: "تەحەدا دەكەم هیچ بارەگایەكی مۆساد یان ئیسرائیل لە هەولێر هه‌بێت. پێشتریش زۆر جار ئەم شتانە لەسەر هەرێمی كوردستان باس كراوە و وا وێنا كراوە".

پرسی په‌كه‌كه‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو و له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت، پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق سەرئێشەیەكی گەورەیە، قبووڵمان نییە خاكی هەرێمی كوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێكانمان، جا ئەو دراوسێیە چ توركیا بێت، یان ئێران. ناكرێت ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتانە هەرێمی كوردستان وەك ناوچه‌يەكی ئەمنی سەیر بكەن بۆ دروستكردنی كێشە لەو وڵاتانەدا.

تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئێمە وەك كورد یارمەتی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانیمان داوە، بەردەوامیش دەبین له‌ یارمه‌تیدانی، چونكە دیدگای سەرۆكوەزیران خزمەتی هەموو عێراق دەكات. پرسەكە ته‌نيا كورد نییە، ئەو دیدگایە لە خزمەت هەموو پێكهاتەكانی عێراقدايە.

گوتیشی: "دوای ساڵی 2003 ئێمه‌ له‌ عێراق سیستمێكمان دروست كرد، گوتمان سیستەمێكی فیدراڵین، بەڵام ئەمڕۆ دوای ساڵی 2003 تاكو ئێستا، خۆشمان نازانین سیستەمی عێراق و سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق چییە".

له‌باره‌ی دواكەوتنی مووچه‌وە نێچيرڤان بارزانى جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، پێشتر نەوتمان لە كوردستان دەفرۆشت بۆ دابینكردنی مووچە، ئێستا وه‌ك دەزانن ئەو نەوتە نافرۆشرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە شەفافییەتەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ بەغدا كردووە، ئێستا ئەركی بەغدایه‌ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات.





ئەم هەواڵە 622جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad