English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
له‌سه‌ر ناردنی مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا هۆشداری بە ئێران ده‌دات
2024-02-24 [08:39 AM]

ZNA - هه‌ولێر


 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز سەبارەت بە ناردنی مووشەکی بالیستیکی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا هۆشداری دەدات کە ئەگەر ڕاستی ئەم بابەتە پشتڕاست بکرێتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی "کاردانەوەی خێرا و توند"ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە .

جان کێربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانید گوتی "ڕەوانەکردنی مووشەکەکان لە ئێرانەوە بەرەو ڕووسیا هێشتا بۆ واشنتن پشتڕاست نەکراوەتەوە."

ڕوونیشی کردەوە "ئێرانییەکان لەم ڕاپۆرتە میدیاییەدا بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە بەنیازن مووشەکی بالیستیک بۆ ڕووسیا بنێرن و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە کارێکی لەو شێوەیە ناکەن."

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئیران مووشەکی بالیستیکی بفرۆشێت و بنێرێت بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا رێوشوێنی زیاتر دژی ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر.

کێربی گوتیشی " ئەمەریکا لای خۆیەوە ئەم بابەتەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وروژاندووە، دەستی کردووە بە چڕکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیشدا بەدواداچوون بۆ بژاردەی دیکە دەکەین، لەوانەش لەگەڵ ئەوروپا."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە بە پشتبەستن بە شەش سەرچاوەی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەدان مووشەکی بالیستیکی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیبووی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی 400 مووشەکی لە نێویاندا "فاتح-110" و "زوڵفەقار"ی بۆ ڕووسیا ناردووە. زولفەقار نموونەیەکی نوێکراوەی مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای فاتح-110یە. ئەم مووشەکانە دەتوانن لە دووری 300 بۆ 700 کیلۆمەتر هێرش بکەنە سەر ئامانجەکان.

بەگوێرەی یەکێک لەو سەرچاوانەی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەستی کردووە بە ناردنی ئەو بارە سەربازییانە بۆ ڕووسیا، دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی ئێران و ڕووسیا کۆتایی پێهات.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا بەرپرسێکی ئاگاداری ئێرانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە "باری زیاتر دەنێردرێت بۆ ڕووسیا و هیچ هۆکارێک نییە بۆ شاردنەوەی ئەم بابەتەش و ئێمە ڕێگەمان پێدەدرێت چەک هەناردە بکەین بۆ هەر وڵاتێک کە بمانەوێت".

سنووردارکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەناردەکردنی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی دەی ساڵی 2023دا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامن لە سزاکانیان لەدژی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

voa





ئەم هەواڵە 136جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad