ZNA - هەولێر داتاکانی ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکردووە، داواکاری پەنابەری لە یەکێتی ئەوروپا بە ڕێژەی 18% بەرزبووەتەوە، کە لە ساڵی 2023دا، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 14 هەزار و 140 کەس، کە بەرزترین ئاستە لە دوای قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2015-2016.
پێدەچێت ئەو زانیارییە نوێیانە مشتومڕێکی گەرم و گوڕ لەسەر کۆچبەری و لە پێش زنجیرەیەک هەڵبژاردنی ناوخۆیی و نیشتمانی لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا و هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی حوزەیراندا بوروژێنێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، سوورییەکان و ئەفغانییەکان وەک گەورەترین گروپ مانەوە کە داوای مافی پەنابەری دەکەن.
لە گۆڕانکارییەکی نوێدا تورکەکان سێیەم گەورەترین گروپی داواکارانیان پێکهێنا و داواکارییەکانیشیان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 82% زیادیکردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی کە داوای مافی پەنابەری دەکەن، بۆ ئاستێکی بێ وێنەی بەرزبووەتەوە کە 11 هەزار و 600 کەس بووە.
ئەم هەواڵە 361جار خوێندراوەتەوە |