ZNA -ههولێر
ڕۆژی پێنجشەممە 29ی شوباتی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ڤاهگن خاچاتوریان سەرۆكی ئەرمینیا كرد.
لەدیدارەكەدا سەرۆكی ئەرمینیا ستایشی پێشكەوتن و ئارامیی هەرێمی كوردستانی كرد و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی بەرز نرخاند.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەرمینیای كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و سوپاسی سەرۆك و وڵاتی ئەرمینیاشی كرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێیی وڵاتی ئەرمینیا. هەردوولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ئاشتی تاكە ڕێگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی گەلانی ناوچەكە و نەوەكانی داهاتووە.
لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا جەخت لە قووڵكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا كرایەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور تاكە ڕێگەی چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵە.
ئەم هەواڵە 373جار خوێندراوەتەوە |