ZNA-هەولێر سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئەرمینیا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئاشتی تاكە ڕێگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی گەلانی ناوچەكە و نەوەكانی داهاتووە. هاوکات جەخت لە قووڵكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی شوباتی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆكی ئەرمینیا كرد.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئەرمینیا ستایشی پێشكەوتن و ئارامیی هەرێمی كوردستانی كرد و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە ڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی بەرز نرخاند.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەرمینیای كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و سوپاسی سەرۆك و وڵاتی ئەرمینیاشی كرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێیی وڵاتی ئەرمینیا".
ئەوەش خراوەتەڕوو: "هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ئاشتی تاكە ڕێگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی گەلانی ناوچەكە و نەوەكانی داهاتووە".
لە بەشێكی دیکەی ئەو دیدارەدا جەخت لە قووڵكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا كرایەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور تاكە ڕێگەی چارەسەریی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵە.
ئەم هەواڵە 805جار خوێندراوەتەوە |