English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێک دەبێتە قوربانی شوبراکەی 
2018-04-21 [04:30 AM]

ZNA-ھەولێر



(ن) تاقە بووکی ماڵەکە بوو، ھێندە لە شووبراکەی نزیک بووەوە، تا دواجار ماڵی لێ تێکدا، ئەو زۆر ھەوڵی لەگەڵ مێردەکەی دا کە بیسەلمێنێ ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ شووبراکەی نییە،

 بەڵام بێسوود بوو، تەنانەت رێکخراوەکانی ئافرەتانیش نەیانتوانی قەناعەت بە ھاوژینەکەی بھێنن. ئەو ھێشتا بەھیوایە بەر لەوەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەیانەوە بدات، مێردەکەی پەشیمان ببێتەوە.

(ن) ئافرەتێکی تەمەنی ٢٠ ساڵانە، ھێشتا قوتابیی ئامادەیی بوو کە شووی بە ئەحمەد کرد، بەو مەرجەی رێگەی پێبدات خوێندنەکەی تەواو بکات، ئەحمەد بە مەرجەکەی رازی بوو.

(ن)  گێڕایەوە، باری دارایی ھاوژینەکەی باش نەبوو، نەیدەتوانی ماڵی جیای بۆ دابنێ، بۆیە  ناچار بوو لەگەڵ ماڵی خەزووری بژی. (ن) دەڵێت: "ماڵی خەزوورم بە منەوە حەوت کەس بووین، ماڵەکە زۆر قەرەباڵغ بوو، زۆربەی ئیشەکانی ماڵەوە من دەمکرد، چونکە خەسووم نەخۆش بوو، یەک کچی ھەبوو ئەویش شووی کردبوو، ئەحمەد کوڕە گەورەی ماڵ بوو، چوار برای ھەبوو، تەنیا ئەحمەد ئیشی دەکرد و براکانی زۆربەی کات لە ماڵەوە بوون، خزمەتی ئەوانیشم دەکرد".

وەک (ن) دەڵێت، یەکێک لە براکانی ئەحمەد، زۆر لێی نزیک بووە، تەنانەت وەکو دوو ھاوڕێیان لێھاتبوو، ھەر شتێکی بویستایە، ئەو برایەی ئەحمەد بۆی جێبەجێ دەکرد، بەڵام (ن) بێ ئاگابوو لەوەی شووبراکەی بیر لە چی دەکاتەوە.

ھەر رەفتار و جوڵانەوەی شووبراکەی (ن)، وای لە ھاوژینەکەی کرد کە لەگەڵی ساردوسڕ بێ. (ن) دەڵێت "دوای ماوەیەک ھاوژینەکەم ھەڵسوکەوتی گۆڕا، قسەی ناشیرینی پێدەگوتم، تەنانەت چەند جارێک لێیدام، بەڵام نەیدەگوت ھۆکارەکەی چییە".

 (ن) وا تێگەیشتبوو کە ھاوژینەکەی پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێکی دیکە ھەیە، بۆیە وا ھەڵسوکەوتی بەرامبەری گۆڕاوە، بەڵام رۆژێکیان ھەموو شتێکی بۆ روون دەبێتەوە. (ن) دەڵێت "رۆژێکیان من و شووبراکەم بە تەنیا لە ماڵ بووین، شووبراکەم ھاتە لام و گوتی دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم، منیش گوتم فەرموو، گوتی تۆم خۆشدەوێ. منیش سەرم سوڕما وامزانی گاڵتە دەکات، بەڵام دواتر گوتی بەڕاستمە و خۆشمدەوێی، دەمەوێ لە براکەم جیاببیتەوە و شوو بە من بکەی".

(ن) دەڵێت بۆ ماوەیەک نەیتوانیوە ھیچ بڵێت، چونکە قەت چاوەڕێی ئەو قسەیەی لە شووبراکەی نەدەکرد،  ئەو دەڵێت "ھەر چاوەڕێ بووم کە پێم بڵێت ئەو قسانە گاڵتەن، کەچی بەڕاستی بوو".

(ن) چاوەڕێ دەکات تا ئێوارە ھاوژینەکەی لە کار دەگەڕێتەوە. دەڵێت "شەو بە ترسەوە ئەوەی لە نێوان من و شووبراکەم روویدابوو بۆ ئەحمەدم باسکرد، بەڵام پێم سەیربوو ئەو ھیچ کاردانەوەیەکی نەبوو، پێیگوتم کە دوو مانگە ھەستی کردووە شتێک لە نێوان من و براکەیدا ھەیە".

(ن) زۆر ھەوڵ لەگەڵ ئەحمەد دەدات کە ئەو ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ شووبراکەی نییە، بەڵام بێسوود دەبێ و پێیدەڵێت من ئافرەتێکم خۆش ناوێ خیانەتم لێ بکات. لەوکاتەوە (ن) گەڕاوەتەوە ماڵی باوکی، لەو ماوەیەشدا ھانا بۆ بەشی چاکسازیی کۆمەڵایەتیی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەبات بۆ ئەوەی کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەن و باوەڕ بە ھاوژینەکەی بھێنن تەڵاقی نەدات.

توێژەرێکی بەشی چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دەڵێت "بەردەوام کێشەی وامان بۆ دێت، بەپێی توانا ھەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین، زۆربەمان چارەسەر کردوون و نەمانھێشتووە کێشەکە بگاتە جیابوونەوە".
سەبارەت بە کێشەی (ن)، ئەو توێژەرە ھەروەھا گوتی "بەدوای ھاوژینەکەیماندا نارد، زۆر ئامۆژگاریمان کرد، بەڵام سوودی نەبوو، ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی لە (ن) جیاببێتەوە، چونکە بە گوتەی خۆی خیانەتی لێکردووە".
کەیسەکەی (ن) لە دادگایە و یەکلانەبووەتەوە، دیار نییە مێردەکەی پەشیمان دەبێتەوە یان ھەر سوور دەبێ لەسەر جیابوونەوە.
 

سەرچاوە / رووداو





ئەم هەواڵە 98170جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad