English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم ئافرەتە لەلایەن برایەکەیەوە فڕێدەدرێت 
2018-04-23 [06:32 AM]

ZNA-ھەولێر


حەلیمە لە ژوورێکی خانەی بەساڵاچووان لەسەر قەرەوێڵەیەک پاڵکەوتووە، ئەو جگە لە مەرگ ھیچ شتێکی دیکە لە ژیانیدا شک نابات تەمەننای بکات. ئەو ژنە بەیانییەک لەلایەن براکەیەوە لەبەردەم خانەی بەساڵاچووان دانراوە و ئیدی کەس لێی نەپرسیوەتەوە.


حەلیمە ناوی خوازراوی ئافرەتێکی تەمەن ٥٦ ساڵە، دانیشتووی گوندێکی دەشتی کۆیەیە، ماوەی دوو مانگە لەلایەن براکەیەوە ھێنراوەتە خانەی بەساڵاچووانی ھەولێر. ئەو بەھۆی ئەوەی جەڵتە لێیداوە، دەست و قاچێکی بە باشی کار ناکەن و چاوێکیشی بینایی لەدەستداوە.

حەلیمە بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە   گوتی: "لەناو سکی دایکمدا بووم کە باوکم کۆچی دوایی کرد، زۆری نەبرد مار بە دوو برامی وەدا و ھەردووکیان مردن، تەنیا دوو خوشک و برایەک ماینەوە، دواتر دایکیشم مرد و بێ دایک و باوک ماینەوە".

حەلیمە گوتی: "پاش مردنی دایکم، من و خوشکەکەم کەوتینە لای براکەم، دوای ماوەیەک خوشکەکەم مێردی کرد، پاشان براکەم ژنی ھێنا، ئیدی من ھەر لەلای برا و براژنەکەم مامەوە".

وەک حەلیمە باسی کرد، براکەی نەیھێشتووە بخوێنێ، ھەر بۆیە ئێستا نەخوێندەوارە، رێگریش بووە لەوەی شوو بکات. حەلیمە دەڵێت "کاتێک گەنج بووم داواکاریم زۆر بوو، منیش حەزم دەکرد وەکو خوشکەکەم شوو بکەم و منداڵم ھەبێ، بەڵام برا و براژنەکەم رێگربوون لەوەی شوو بکەم، ھەر کاتێک کەسێک دەھاتە خوازبێنیم دەیانگوت ئەو کوڕە بۆ تۆ گونجاو نییە، زیاتر لە ١٠ کەس ھاتنە خوازبێنیم ھەر یەک قسەیان دەکرد".

تەمەنی حەلیمە بەرە بەرە ھەڵدەکشێ و ژمارەی داواکارییەکانیشی کەم دەبنەوە، ئەو دەڵێت: "شوونەکردنی من ھۆکارەکەی براژنەکەم بوو، ئەو دەیویست من خزمەتی ئەو و منداڵەکانی بکەم، بۆیە نەیھێشت شوو بکەم، تەمەنم بوو بە ٣٥ ساڵ، ئیدی کەس نەھات بۆ خوازبێنیم، براژنەکەم منداڵی پێ بەخێو دەکردم".

حەلیمە ماوەیەکی زۆر خزمەتی برا و براژنەکەی و برازاکانی دەکات تا ئەو کاتەی جەڵتە لێی دەدات و بەو ھۆیەوە دەست و قاچێکی لەکار دەکەون و چاوێکیشی لەدەست دەدات.

بۆ ماوەیەکی زۆر کونجی ژوورێکی ماڵی براکەی دەبێتە شوێنی حەوانەوەی، بەبێ ئەوەی کەس سەردانی بکات، بەڵام لەوێش نەیانھێشت بحەسێتەوە. حەلیمە گوتی "ھەتا ساخ بووم، خزمەتی خۆیان پێکردم، بەڵام کاتێک نەخۆشکەوتم، زوو لێم بێزار بوون، داوایان لە خوشکەکەم کرد بمباتە لای خۆی، بەڵام ئەویش نەخۆش بوو، لەسەر جێگە کەوتبوو، منداڵەکانی رازی نەبوون و گوتیان ناتوانین دوو نەخۆش بەخێو بکەین".

وەک حەلیمە باسی دەکات، دوای ئەوەی کەس ئامادە نابێت بەخێوی بکات، بەیانییەک دەیخەنە نێو ئۆتۆمبێلێک و لەبەردەم خانەی بەساڵاچووان فڕێی دەدەن. حەلیمە لە ژوورێکی خانەی بەساڵاچووان دانیشتبوو، بە گریانەوە دەیگوت :"دوو مانگە لێرە فڕێیانداوم، نە براکەم نە برازا و خوشکەزاکانم سەردانیان نەکردووم و تەلەفۆنێکشیان نەکردووە بزانن حاڵم چۆنە".

پەیمان عەباس کە توێژەری کۆمەڵایەتییە لە خانەی بەساڵاچووان، لەبارەی ژیانی حەلیمە  گوتی : "ئافرەتێکی زۆر ھێمن و لەسەرخۆیە. تەنیا کەسی خانەکەیە کە داوا لە ئێمە ناکات پەیوەندی بە کەسوکاریەوە بکەین، یان داوا بکات سەردانی بکەن، چونکە دەزانێ ئەو لەلایەن کەسوکارەکەیەوە پشتگوێ خراوە".

حەلیمە ھیچ شتێکی لەژیاندا نەماوە ئومێدی بۆ بخوازێ تەنیا مەرگ نەبێ، بەڵام حەز دەکات بەر لەوەی بمرێ، تەنیا بۆ جارێکیش بێ، خوشکە نەخۆشەکەی ببینێ.

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 96310جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad