English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەھەولێر منداڵێکی ساوا لەبەردەم مزگەوتێک فڕێدەدرێت
2018-04-30 [11:45 AM]

ZNA- ھەولێر 



(ف.ئا) بە بەردەم مزگەوتی گوندەکەیاندا تێدەپەڕی، لە ناکاو گوێی لە گریانێک بوو، کاتێک زیاتر لە دەنگەکە نزیک بووەوە، بینی منداڵێکی ساوا لە نێو بەتانییەک پێچراوە و لەبەردەم دەرگای مزگەوتەکە فڕێ دراوە. ئەو شەوە بردییەوە ماڵی خۆی و بەیانیش تەسلیمی پۆلیسی کرد.

(ف.ئا)، دانیشتووی گوندی لاجانی سەر بە ناحیەی شەمامک، شەوی ٩/٤/٢٠١٨ ئەو منداڵەی دۆزییەوە. بەیانی منداڵەکەی بردووەتە بنکەی پۆلیسی تووڕەق. لەوێ بە پۆلیسی گوتبوو کە شەو گوێی لە دەنگی گریانی ئەو ساوایە بووە لە بەردەم دەرگای مزگەوتی گوندەکە و کاتێک بەتانییەکەی لەسەر لاداوە، کچێکی بچووکی بینیوە کە زۆر برسی دیار بووە.

(ف) ئەو شەوە منداڵەکە دەباتەوە ماڵی خۆیان، ئەو دەڵێت "منداڵەکە برسی بوو، زۆر بە خێرایی شیری دەخوارد، دوای ئەوەی تێر بوو یەکسەر خەوی لێکەوت". (ف) زۆر پرسیار لە دانیشتووانی گوند دەکات، بەڵام کەسیان ھیچ لە بارەی منداڵەکەوە نازانن و کەسیش خۆی لێ بە خاوەن ناکات، بۆیە بەیانی دەیباتە بنکەی پۆلیس.

نەقیب سەربەست دارا، بەرپرسی بنکەی پۆلیسی تووڕەق  گوتی : "ئەو ھاووڵاتییە شەوێک منداڵەکەی لەلای خۆی ھێشتبووەوە، دوای ئەوەی ھێنای بۆ ئێمە، دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد، بەڵام خێزانەکەیمان نەدۆزییەوە، بۆیە بردمان بۆ نەخۆشخانەی لەدایکبوون".

شوان تەحسین، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، لەبارەی چارەنووسی منداڵەکە گوتی: "منداڵەکە کچێکی ساوا بوو، تەمەنی لە دوو ھەفتە تێنەپەڕیبوو. پزیشک پشکنینی تەواویان کرد و دەرکەوت ھیچ نەخۆشییەکی نییە و تەندروستی باشە. پۆلیسی نەخۆشخانەی لەدایکبوون پەیوەندییان بە دادوەری نەوجەوانان کرد و دادوەر بڕیاری دا منداڵەکە  بدرێتە خێزانێک کە ناویان بۆ لەئەستۆگرتنی منداڵ تۆمار کردبوو".

ھەر منداڵێک لەلایەن پۆلیسەوە بدۆزرێتەوە، یان ھاووڵاتیان بیدۆزنەوە و تەسلیمی پۆلیسی بکەن، دوای رێکارە پزیشکییەکان، دادوەری دادگای نەوجەوانانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.

شوان تەحسین دەڵێت: "ئەو منداڵانە رەوانەی بەشی ناکامەکان دەکرێن، منداڵی وا ھەیە دوو رۆژ لەو بەشە دەمێنێتەوە و خێزانێک لە ئەستۆی دەگرێ، منداڵی واش ھەبووە چوار مانگ لێرە ماوەتەوە، دواتر رەوانەی خانەی بێسەرپەرشتانمان کردووە".

(ع) تەمەن ٤٦ ساڵ و (ئا) تەمەن ٤١ ساڵ، تەمەنیان بەرەو ھەڵشکان دەچێ و منداڵیان نابێ، بۆیە بڕیاریان دابوو ناوی خۆیان لە دادگای نەوجەوانان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی منداڵێکی بێ خاوەن لەئەستۆ بگرن. ئەوان دوای چاوەڕوانییەکی زۆر ئێستا خاوەنی کچێکن. 

(ئا)  گوتی : "سەردانی چەندین پزیشکمان کرد بێ سوود بوو، گوتیان ئێوە منداڵتان نابێ، بۆیە بڕیارمان دا ناوی خۆمان بۆ وەرگرتنی منداڵ لە دادگای نەوجەوانان تۆمار بکەین، دەمێک بوو چاوەڕێمان دەکرد پەیوەندیمان پێوە بکەن".

چاوەڕوانیی ئەو ژن و مێردە کۆتایی ھات، بەیانییەک لە نەخۆشخانەوە پەیوەندییان پێوە کرا. (ئا) گوتی: "ئەو رۆژە خۆشترین رۆژی ژیانم بوو، نەمزانی چۆن گەیشتمە نەخۆشخانە، کاتێک ئەو کچەم بینی ئەوەندە ساوا و جوانە دەستم بە گریان کرد، زۆر سوپاسی خوام کرد کە ئەو کچەی بە من و ھاوژینەکەم بەخشی، کچەکەم لە باوەش کرد و بۆ یەکەمین جار زانیم مانای دایکایەتی چییە".

(ئا) دایناوە وەھا خزمەتی ئەو کچە بکات، ھەرگیز ھەست بەوە نەکات کە ئەو دایکی راستەقینەی نییە. ئەو سەری سوڕماوە لە دایک و باوکی راستەقینەی ئەو منداڵە و دەڵێت: "نازانم چۆن دڵیان ھاتووە ئەو منداڵە نازدارە فڕێ بدەن!".

ھاوژینەکەی (ئا) زۆر دڵی بەو منداڵە خۆشە و دەڵێت: "ھەرچەندە منداڵەکە لە ئێمە نییە، بەڵام بە باشترین شێوە پەروەردەی دەکەم و ناھێڵم ھیچ کەموکوڕییەکی ھەبێ".

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 98089جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad