English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەیەکەم شەوی ھاوسەرگیری نێردرایەوە ماڵی باوکی 
2018-05-02 [11:38 AM]

ZNA- ھەولێر 



(ن) عەلی، تەمەن ٢٧ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکێکی ھەولێرە. شوو بە ناسیاوێکی خۆی دەکات، بەڵام تەنیا یەک شەو لەلای دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی دەردەکەوێ لە رەگەزی سێیەمە.

(ن) چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت تاوەکو قۆناغی نۆ (سێی ناوەندی)ش کەس نەیزانیبوو کە ئەو لە ڕەگەزی سێیەم (نێرەمووکە)ـە، ئەو ساڵە کچێکی ھاوڕێی بەوەی زانی و ئینجا لەلای ھاوڕێکانی باسی کرد، ئیدی ناچاربوو واز لە خوێندن بێنێ.

(ن) دوای وازھێنان لە خوێندن، شوو بە ناسیاوێکی خۆیان دەکات، بەڵام تەمەنی ھاوسەرگیرییەکەی زۆر کورت بوو. (ن)  دەڵێت "رۆژی گواستنەوە دڵخۆش بووم و ترسیشم ھەبوو. شەو کە ھاوسەرەکەم بە حاڵی منی زانی، بە تووڕەییەوە گوتی تۆ کچ نیت، بۆچی منت ھەڵخەڵەتاند؟".

 ھاوژینی (ن) ھەر ئەو شەوە پەیوەندی بە ماڵە خەزوورانییەوە دەکات و پاشان (ن) دەنێرێتەوە ماڵی باوکی.

پەیوەندییەکانی ھەردوو خێزان ئاڵۆز دەبن، حاجی عەلی باوکی (ن) بەردەوام لە خەمی ئاڵۆزنەبوونی دۆخەکەدایە، بەڵام خەزووری کچەکەی سوود لە کوڕی برایەکی خۆی دەبینێ کە پارێزەرە و دەڵێت "ئەگەر  سەرجەم خەرجییەکانم نەدەنەوە، سکاڵا تۆمار دەکەم". (ن) دەڵێت: "بەھەر شێوەیەک بوو باوکم ھەموو خەرجییەکانی بۆ گێڕانەوە، ئێستا ھیچ پەیوەندییەکمان نەماوە".
ئەم دۆخە جەستەییە تەنیا ژیانی ھاوسەرگیری لە (ن) تاڵ نەکردووە، بەڵکو کارکردن و دەرچوونی ئاسایی بۆ بازاڕیش.

"چەندین کارم دۆزیوەتەوە، بەڵام دواتر کەسێک لە شوێنی کار زانیویەتی رەگەزی سێیەمم بە چاوی ھاوڕەگەزباز سەیری کردووم و بەشێوەیەک مامەڵەیان کردووە کە نەتوانم بەردەوام بم".

(ن) حەزی بۆ سێکس ناچێت و بیر لەوە ناکاتەوە جارێکی دیکە شوو بکاتەوە و دەڵێت: "ژیانم تەواو، مەگەر بتوانم بچمە دەرەوەی وڵات چارەسەر بکرێم، چونکە پێشتر سەردانی پزیشکم کرد و گوتیان لە دەرەوە چارەسەرت ھەیە، بەڵام پارەم نییە".

لەسەر ناسنامەی باری شارستانی کەسێک کە لە رەگەزی سێیەم بێ، دەنووسرێت (مخنس) یاخود بە بڕیاری کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە دەنووسرێت (اعزب) یان (باکر).

عەبدولڕەحمان عەزیز شوانی، بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ھەولێر لەبارەی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەڵێت: "ھیچ ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە تایبەت بە رەگەزی سێیەم، ھیچ کەسێک ئەمەی نەکردووەتە خەمی خۆی کە ئاماری ورد لەسەر ئەم کەسانە پەیدا بکات".

کەسانی سەر بە رەگەزی سێیەم لە کۆمەڵگای کوردیدا بەچاوێک سەیر دەکرێن کە زۆرجار کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونیان جێدەھێڵێ. دکتۆر ئاراس قەرەداخی، پزیشکی دەروونی لەوبارەیەوە دەڵێت: "بە پێچەوانەوی کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی، لە رۆژئاوا شوێنی تایبەتیان بۆ دیاریکراوە و مامەڵەیەکی تەندروستیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە لە سروشتەوە ھەیانە".

رەگەزی سێیەم لە یاسادا

تاوەکو ئێستا یاساکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ھیچ ماددە و بڕگەیەکدا باسی ماف و ئەرکی مرۆڤی سەر بە رەگەزی سێیەمیان نەکردووە و بەتەواوی چاو لەم حاڵەتە سروشتییە پۆشراوە.

رەمزیە جەباری کە پارێزەرە لە دادگاکانی ھەولێر  گوتی : "تاوەکو ئێستا لەڕووی یاساییەوە بایەخ بە رەگەزی سێیەم نەدراوە، بۆیە ھیچ ماف و ئەرکێکیان دیار نییە لە یاسا کارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستاندا".

ئەو پارێزەرە دەڵێت: "بەھۆی ئەوەی لە ھیچ ماددە و بڕگەیەکی یاساییدا باس لە رەگەزی سێیەم نەکراوە، لەڕووی یاساییەوە ناتوانن ھاوسەرگیری بکەن، یاخود ئەگەر ھاوسەرگیریش بکەن ئەوا ھیچ مافێکی یاساییان ناکەوێت". بۆیە ئەو یاساناسە بە گرنگی دەزانێ کە یاسایەکی تایبەت یاخود لە ھەمواری یاسای باری شارستانی باسی رەگەزی سێیەم بکرێت.

سەرچاوە / رووداو
 





ئەم هەواڵە 112462جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad