English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
گەنجێکی کورد لە ئەڵمانیا کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت 
2018-05-14 [12:22 PM]

ZNA- ھەولێر 


 

زۆربەی کەسە نزیکەکانی کۆچیان کردبوو بۆ ئەوروپا، ئیدی فەرەیدوونیش بڕیاری دا جانتای سەفەر بکاتە شانی و رێگەی قاچاخ بگرێتەبەر. ئەو توانی بەبێ مەترسی رێی قاچاخ ببڕێ...

 بەڵام ئەو بەھەشتەی ئەو لە خەیاڵی خۆی دروستی کردبوو، لێی بوو بە دۆزەخ. دوای حەوت ساڵ مانەوە لە غوربەت، خۆی لە باڵەخانەیەکی چوار نھۆمی ھەڵدایە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی ھات.

فەرەیدوون سەلام عەزیز، ٣٥ ساڵ و خەڵکی دەڤەری رانیە، حەوت ساڵ لەمەوبەر رێگەی کۆچی گرتەبەر و لە ئەڵمانیا گیرسایەوە، بەڵام لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا ھەواڵێکی دڵخۆشکەری لە دەزگای کۆچی ئەو وڵاتە پێنەدرا، تەنانەت دواجار ئاگادار کرایەوە کە بەو نزیکانە دیپۆرت دەکرێتەوە، بۆیە بەرەبەیانی رۆژی ١/٥/٢٠١٨ لە باڵەخانەیەکی چوار نھۆمی خۆی فڕێدایە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا.

بەکر مستەفا کە خاڵی فەرەیدوونە، ھەفتەیەک پێش رووداوەکە قسەی لەگەڵ خوشکەزاکەی کردبوو، دەڵێت فەرەیدوون لە قسەکانیدا بێزار دەردەکەوت، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبووە خۆی بکوژێ.

بەکر گوتی: "پێشتر سێ برا و خوشکی و دایکی فەرەیدوون چووبوونە دەرەوە، بۆیە فەرەیدوونیش بڕیاری دا بچێتە دەرەوە، بەڵام خراپیی مامەڵەی دەزگای کۆچ و پۆلیسی ئەڵمانیا لەگەڵ فەرەیدوون، بێزاریان کرد.  حەوت ساڵ بوو لە ئەڵمانیا بوو، ھێشتا جوابی کۆتایی وەرنەگرتبوو، ھەر دەستی دەستییان پێدەکرد، مووچەی سۆشیالەکەیان کەمکردبووەوە، ئەو شوێنەشی تێیدا دەژیا زۆر خراپ بوو، لە زیندانی نازییەکان دەچوو، ئەوانەش فەرەیدوونیان زۆر بێزار کردبوو".

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان، بەکر گوتی: "تەرمەکەی ناگەڕێنینەوە بۆ کوردستان، چونکە زۆربەی کەسوکارەکەی لە دەرەوەن، ئەوان بڕیاریان داوە تەرمەکە لە شارەوانی وەربگرنەوە و ھەر لە ئەڵمانیا بینێژن". 

بەکر بنگردی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە کوردستان، ئاگاداری دۆسیەی خۆکوشتنی ئەو کۆچبەرەیە، بەکر  گوتی : "فەرەیدوون کوڕێکی زۆر بێ کێشە بوو، لە نزیکەوە دەمناسی، دوای ئەوەی چووەتە ئەڵمانیا لەلایەن رەگەزپەرستانی ئەو وڵاتەوە ئەشکەنجەی دەروونی دراوە. ئەو چەند جارێک رەفزی وەرگرتووە. لە شارۆچکەیەک دەژیا، ئەوێی جێھێشت و چووە لای براکەی لە شارۆچکەیەکی دیکە، دووبارە دەگەڕێتەوە شارۆچکەکەی و قبوڵی کاتی وەردەگرێ".

بە گوتەی بەکرد بنگردی، فەرەیدوون ئیقامەی کاتی پێدرابوو، بەڵام لێی سەندرابووەوە، مۆڵەتی مانەوەشی بۆ کرابوو بە ھەفتانە، مووچەی سۆشیالەکەشی کەم کرابووەوە، ئەم رێکارانەش بێزاریان کردبوو. 

بەکر دەڵێت: "ھەفتەیەک پێش ئەوەی خۆی بکوژێ، پۆلیس فەرەیدوون ئاگادار دەکاتەوە کە چیدی مافی مانەوەی لە ئەڵمانیا نییە و دیپۆرتی دەکەنەوە، ئەمەش باری دەروونی تێکدابوو، بۆیە لە پەنجەرەی شوقەکەوە خۆی ھەڵداوەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناوە".

شاکر یاسین، بەرپرسی بەشی کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان ئاگاداری خۆکوشتنی ئەو گەنجە نین، بەڵام بەدوایدا دەچن و لە ھۆکاری خۆکوشتنەکەی دەکۆڵنەوە، ھەروەھا ئەگەر پێویست بکات و کەسوکارەکەی داوا بکەن، کار بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان دەکەن.

سەرچاوە \ رووداو
 





ئەم هەواڵە 92599جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad