English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دووو برا ھاوڕێیەکی خۆیان لەسەر دۆمینە دەکوژن 
2018-05-15 [12:49 PM]

ZNA- ھەولێر 


 

ئارام قادر، تەمەن ١٨ ساڵان و خەڵکی ناحیەی رزگاریی سەر بە شارۆچکەی کەلار، لە قوتابخانەیەکی ئێواران دەیخوێند، زۆرجار لەگەڵ ھاوڕێکانی لە پارکەکان دادەنیشتن و یاریی دۆمینە و کۆنکەنیان دەکرد تا دواجار لەگەڵ دوو برا لەسەر دۆمینە تووشی دەمەقاڵێ دەبێ و دەکوژرێ.

 ئارام و ھاوڕێکانی وا رێککەوتبوون کە ھەر یەکێکیان دۆڕا، لە یارییەکە بچێتە دەرەوە، دوو رۆژ پێش ئەوەی بکوژرێ، ئارام لە یاریی دۆمینە دۆڕا بوو، ئیدی ھاوڕێکانی گاڵتەیان پێکردبوو، بەو ھۆیەوە تووڕە بووە و قسەی بە دوو لە ھاوڕێکانی گوتووە کە ھەردووکیان بران.

وەک دەگێڕنەوە، شەوی ٣/٥/٢٠١٨ دوو براکە بە ناوەکانی (پ. فەخرەدین) و (ە. فەخرەدین) کە ھاوتەمەنی ئارامن، دەچنە ماڵی ئارام و داوای لێدەکەن لەگەڵیان بچێت یاریی دۆمینە بکەن، بەڵام لەڕێگادا لەلای مزگەوتێک بەناوی ئاوباریک دەبێتە دەمەقاڵێیان و چەقۆیەک لە دڵی ئارام دەدەن، ئارام دەکەوێتە سەر زەوی و خەڵک دەیگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار، بەڵام بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە دەمرێ.

قادر مەجید، تەمەن ٥٠ ساڵ کە باوکی ئارامە، لەبارەی کوشتنی کوڕەکەی گوتی: "کوڕەکەم بەپێی خۆی رۆیشت و تەرمەکەیان بۆ گەڕاندمەوە. 

نزیکەی ھەشتی شەو بوو، دونیا بەتەواوی تاریک نەببوو، دوو کەس لەدەرگایان دا، ئارام گوتی برادەری منن و لەگەڵیان رۆیشت، بەڵام دوای نیو کاژێر لە رۆیشتنیان تەلەفۆنێکم بۆ کرا و پێیانگوتم کوڕەکەت لە نەخۆشخانەیە، بەپەلە خۆم گەیاندە نەخۆشخانە و بینیم لەژێر دەستی پزیشکەکانە، بەڵام تەواو ببوو".

قادر کە خاوەنی پێنج منداڵە، دەڵێت: "منداڵەکانم بە باشی پەروەردە کردووە، ھیچکام لە منداڵەکانم رۆژێک لە رۆژان چەقۆیەکیان بەدەستەوە نەگرتووە". باوکی ئارام ئامادە نییە لەسەر خوێنی کوڕەکەی سوڵح بکات و لە ھاوڕێکانی کوڕەکەی خۆش ببێ. ئەو دەڵێت: "دوای تەواوبوونی پرسەی کوڕەکەم، سکاڵا تۆمار دەکەم، با یاسا سزایان بدات، بەھیچ جۆرێک ئامادە نیم سوڵح لەسەر خوێنی بەناھەق رژاوی کوڕەکەم بکەم".

سەبارەت بە ھاتنی کەسوکاری دوو تۆمەتبارەکە، قادر مەجید گوتی: "کەسوکاری  زۆر نزیکی بکوژەکان نەھاتوون، تەنیا خزمە دوورەکانیان ھاتوون".

دوو تۆمەتبارەکە لە وتەکانیاندا بۆ پۆلیسی گەرمیان گوتوویانە کاتێک دەمەقاڵێیان بووە، ئارام قسەی ناشیرینی پێگوتوون، ئەوەیان کە بە چەقۆ لێیداوە، دەڵێت مەبەستم کوشتنی نەبووە و تەنیا ویستم برینداری بکەم.

رائید عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەبارەی ئەو کەیسەوە  گوتی : "بەھۆی یاریکردنی دۆمینەی کۆمەڵێک گەنج لە پارکێکدا، سێ کەس کە دوویان بران و تەمەنیان ١٨ ساڵ و ١٩ ساڵە، لەگەڵ گەنجێکی دیکە بەناوی ئارام قادر دەبێتە دەمەقاڵێیان و دوای دوو رۆژ دوو براکە دەچنە لای ھاوڕێکەیان و بەمەبەستی بریندارکردنی چەقۆیەک لە ئارام دەدەن، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، بەمەبەستی کوشتن نەبووە".

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتیشی: "دوای رووداوەکە دوو براکە خۆیان رادەستی پۆلیس کرد و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، تاوەکو کەیسەکەیان لە دادگا یەکلایی دەبێتەوە". بە گوتەی رائید عەلی، ھەرسێ ھاوڕێکە خەڵکی یەک گوندن لە ناحیەی رزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار.

سەبارەت بە ئامارەکانی کوشتن لە سنووری گەرمیان، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: "بەراورد بە ساڵی رابردوو، حاڵەتەکانی کوشتن لەناو پیاواندا زیادی کردووە، ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە، تەنیا دوو حاڵەتی کوشتنی پیاوان ھەبوو، بەڵام ئەمساڵ شەش حاڵەت تۆمارکراون".

سەرچاوە \ رووداو 
 





ئەم هەواڵە 98488جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad