English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پیاوێک ھاوسەرەکەی خۆی دەکوژێت و کچەکانیشی  بریندار دەکات 
2018-05-23 [01:03 AM]

ZNA- ھەولێر 


(ئینساف، ع) و (ص، ب) ماوەی ١٥ ساڵ بوو پێکەوە بوون، خاوەنی دوو کچ بوون، بەڵام ئەم ماوانەی دوایی کێشە کەوتبووە نێوانیان، بۆیە بڕیاریان دابوو لە یەکدی جیاببنەوە، کەچی پیاوەکە لە ناکاو ھاوژینەکەی کوشت و دوو منداڵەکەشی بریندار کردن، پاشانیش ھەڵات.

(ئینساف،ع) تەمەن ٢٨ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی کوورانی عەنکاوەی شاری ھەولێر و کارمەندی بنکەی ئاسایشی ئاشتی بوو، شەوی ٧/٥/٢٠١٨ لە پێش دەرگای ماڵی خۆی لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا، ھەردوو کچەکانیشی بە ناوەکانی سارا و سکاڵا بریندار بوون.

سارا تەمەنی حەوت ساڵە و سکاڵاش تەمەنی ١٣ ساڵە. سارا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رزگاری لەژێر چاودێریی پزیشکاندایە، برینەکەی سەختە و ژیانی لە مەترسیدایە، سکاڵاش گوللەیەک بەر قۆڵی کەوتووە، دوای ئەوەی چارەسەر کراوە، ئێستا لە ماڵی نەنکیەتی.

(پ، ئـە) کە دایکی ئینسافە، سەبارەت بە کوژرانی کچەکەی  گوتی: "مێردی کچەکەم زۆر خراپ بوو لەگەڵ ئینساف، پەیوەندی لەگەڵ ژنی دیکە ھەبوو، خیانەتی لێدەکرد، کچەکەم زۆر دانی بەخۆیدا گرت، چاوەڕێ بوو (ص) بەخۆیدا بچێتەوە، بەڵام سوودی نەبوو، بۆیە چەند مانگێک لەمەوبەر بڕیاری دا لێی جیاببێتەوە، لە دادگا سکاڵای تۆمار کرد، بەڵام بەر لەوەی جیاببێتەوە، (ص) کوشتی".

ئەو خانووەی تێیدابوون بە ناوی ئینسافەوە بوو، بۆیە دوای جیابوونەوەیان دەبووایە مێردی ئینساف لە ماڵەکە بچێتە دەرەوە. بەڵام ئینساف بەر لەوەی دۆسیەکەی لە دادگا کۆتایی بێ، داوای لێکردبوو لە ماڵەکەی بچێتە دەرەوە، دایکی ئینساف گوتی: "مێردەکەی رازی نەبوو، گوتی من ھیچ شوێنێکم نییە بۆی بچم، تا بە تەواوی لێک جیادەبینەوە لێرە دەمێنمەوە، کچەکەشم رێگەی دا لەگەڵیان بێت".

(ص،ب) تەمەنی ٤٠ ساڵە، دووکانی کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی ھەبوو لە ناوچەی پیشەسازیی ھەولێر، حەزی نەدەکرد لە ئینساف جیاببێتەوە، بۆیە داوای لە خەسووی کردبوو کە ئینساف داواکەی لە دادگا بکشێنێتەوە.

دایکی ئینساف گوتی: "ئەو رۆژە من لە دەوام بووم لە نەخۆشخانە، (ص) تەلەفۆنی کرد، پێیگوتم یارمەتیم بدە، منیش گوتم کچەکەم تۆی ناوێت، تەلەفۆنەکەم داخست، کاژێرێکی پێنەچوو ھاتە نەخۆشخانە و ھەڕەشەی کوشتنی لێکردم، منیش پۆلیسی نەخۆشخانەم ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەو رایکرد، پەیوەندیم بە کچەکەمەوە کرد پێمگوت ئاگاداری خۆت بە دێتە ماڵەوە دەتکوژێت، بەڵام کچەکەم گوتی ناتوانێت بێت".

مێردی ئینساف کلیلی دەرگای ماڵەکەی کۆپی کردبوو، بەدزییەوە گەڕابووەوە ماڵەوە، بەڵام ئینساف دەریکردبووە دەرەوە، لە بەردەم دەرگای ماڵەکەیان دەبێتە دەمەقاڵەیان، (ص) ھەر لەوێ تەقە لە ئینساف دەکات و دەیکوژێ، دوو کچەکەشی بریندار دەبن.

دایکی ئینساف دەڵێت: "لە دەوام بووم بە تەلەفۆن ئاگاداریان کردمەوە کە ئینساف کوژراوە و سارا  و سکاڵاش بریندارن".

سەبارەت بەو رووداوە، رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر  گوتی : "دوای ئەوەی شەوی ٧/٥/٢٠١٨ بنکەی پۆلیسی حەدیابی سەر بە شارۆچکەی عەنکاوە لە رووداوەکە ئاگادار کرایەوە، پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەکە، بەداخەوە ئافرەتەکە گیانی دەرچووبوو، تاوانبارەکەش رایکردبوو، توانیمان لەڕێگای کامێرای چاودێریی ماڵەکە، چۆنیەتی رووداوەکە ببینین".

بەگوتەی رائید ھۆگر، خانەوادەی تاوانبارەکە لە ھەولێر رایانکردووە و چوونەتە سلێمانی.
 سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی حەدیاب کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە گوتی: "ئەو ئافرەتە چەندینجار لە بنکەکەمان سکاڵای لە دژی ھاوژینەکەی تۆمار کردبوو، دوایینجار کە سکاڵای لەسەر تۆمار کرد گوتی بڕیارم داوە لێی جیاببمەوە، دۆسیەکەیان لە دادگا بوو".

دایکی ئینساف گوتی: "بەھیچ شێوەیەک لەو پیاوە خۆش نابم، کچە تاقانەکەمی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشت، دەبێت قورسترین سزا بدرێت، بەزەیی بە کچەکانی خۆشیدا نەھاتەوە و ئەوانیشی بریندار کرد، تا ئێستا نازانین ئایا سارا بە ھۆش دێتەوە یان ئەویش وەک دایکی دەمرێ".

سەرچاوە \ رووداو
 





ئەم هەواڵە 99694جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad