English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم پیاوە کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا 
2018-05-26 [12:43 PM]

ZNA – ھەولێر 



ئەوەی جارێک سەعیدی بینیبێ، باوەڕ بەوە ناکات کە ئەو پیاوە بە دەستی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنابێ، خزم و دۆستانی و ھەروەھا پۆلیس، بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن کە سەعید بۆچی خۆی خنکاندووە؟

رۆژی ١٣/٥/٢٠١٨ پیاوێکی تەمەن ٤٤ ساڵ بەناوی سەعید عەوڵا حەمەدەمین، دانیشتووی گوندی گردجانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنەی قەزای رانیە، لە نێو ماڵەکەیدا بە وایەری کارەبا خۆی ھەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا. 

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین  گوتی ، دوای ئەوەی پۆلیس لە رووداوێکی خنکان لە گوندی گردجانی سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگادار کرایەوە، دەستبەجێ پۆلیسی بەڵگە و تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت ئەو پیاوە بە وایەری کارەبا لە نێو ماڵەکەیدا خۆی ھەڵواسیوە". 

سەبارەت بە ھۆکاری رووداوەکە، رائید شۆڕش دەڵێت: "کەس دەستگیر نەکراوە، کەسیش سکاڵای تۆمار نەکردووە، پیاوەکە لە دوای خۆی نامەیەکی جێھێشتووە، بەڵام باسی ھۆکاری خۆخنکاندنەکەی نەکردووە، پۆلیس بەردەوام دەبێ لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی".

سەعید ژنی نەھێنابوو، بە تەنیا دەژیا، ئەو پیاوە ساڵانێک لە بەریتانیا ژیاوە و دوای ئەوەی وڵاتینامەی بەریتانیای وەرگرتووە، گەڕاوەتەوە کوردستان. 

رەسوڵ عەوڵا کە برای سەعیدە، باسی ژیانی براکەی کرد و گوتی "ئێمە پێنج براین، سەعیدی برامان لە ساڵی ٢٠٠٣ چووە بەریتانیا، دوای ئەوەی رەگەزنامەی وەرگرت، پێنج ساڵ لەمەوبەر گەڕایەوە کوردستان و ئامێرێکی چاپکردنی لەگەڵ خۆی ھێنایەوە، لێرە دووکانێکی دانا، ئیشەکەی زۆر باش بوو، چەند ئامێرێکی دیکەی کۆپیکردنیشی کڕی، باری ئابووری باش بوو، یارمەتی ئێمەشی دەدا".

رەسوڵ ئاماژە بە ساتی خۆخنکاندنی براکەی دەکات و دەڵێت: "من ئەو کاتە لە رانیە بووم، پێش نیوەڕۆ تەلەفۆنیان بۆ کردم، گوتیان زەنگی تەلەفۆنەکەی سەعید لێدەدات، ئەو لە ژوورەوەیە و وەڵام ناداتەوە، دەرگاکەشی لەسەر خۆی داخستووە، منیش بە پەلە گەڕامەوە، بینیم خەڵک لە نێو ماڵەکەی کۆبوونەتەوە، دەرگاکەمان شکاند، بینیمان بە وایەری کارەبا خۆی ھەڵواسیوە. پۆلیس و ئاسایش ھاتن تەرمەکەیان برد".

رەسوڵ تووشی شۆک بووە، نازانێ براکەی بۆچی خۆی خنکاندووە؟  ئەو گوتی: "ئێمە ناتوانین پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەین، چونکە کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە. لە دوای خۆی نامەیەکی جێھێشتووە، تەنیا ناوی ئەو کەسانەی تێدا نووسیوە کە قەرزداریانە، ھەروەھا ئەوانەی قەرزداری ئەون، لە کۆتایی نامەکەشدا نووسیویەتی: لا الە الا اللە محمد رسول اللە". 
رەسوڵ رەتیکردەوە براکەی نەخۆشیی دەروونی ھەبووبێ، ناشزانێ ئاخۆ کەسێک دەستی لە رووداوەکەدا ھەبووە و پاڵنەر بووە بۆ خۆخنکاندنی یان نا.

ھاوڕێکانیشی تاساون بەو رووداوە، ئەوان دەڵێن ھەرگیز ئەو رۆژانەیان بیر ناچێتەوە کە لەگەڵ سەعیدیان بەسەر بردووە. دەشڵێن پێش رووداوەکە سەعید کەمێک دوورەپەرێز بووە و زۆر تێکەڵیان نەبووە.

ھێرش حەسۆ کە ھاوڕێی سەعیدە  گوتی: "سەعید کەسێکی باش بوو، بەردەوام خەریکی کار و کاسبی خۆی بوو، حەزی لە سەفەر و گەڕان بوو بۆ وڵاتان، پێکەوە سەفەری ئێرانمان کرد، بڕیار بوو جارێکی دیکەش پێکەوە بچینەوە ئێران".

ھێرش حەسۆ کە رۆژێک بەر لە رووداوەکە سەعیدی بینیوە، دەڵێت ھەستی بە گۆڕانکاری لە ھەڵسوکەوتی کردبوو. ھێرش گوتی "ھەفتەیەک پێش ھەڵبژاردنەکانی عێراق کەمتر لە جاران دەھاتە دەرەوە، ئەگەر لە شوێنێک لەگەڵی راوەستابای بەبێ خواحافیزی جێیدەھێشتی، رۆژێک پێش رووداوەکە بینیم، ماوەیەک راوەستاین و قسەی خۆشمان کرد، بەڵام ئەو نە پێدەکەنی و نەھۆش و بیری لەلای ئێمە بوو، پرسیارمان لێکرد بۆچی وا ماتی، بەڵام ئەو یەکسەر رۆیشت".

سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 101605جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad