English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم گەنجە بووە قوربانی نەشتەرگەرییەکی ھەڵە 
2018-05-28 [01:22 AM]

ZNA – ھەولێر 


کەسوکارەکەی ھەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی ئەو نەشتەرگەری جوانکارییە بۆ لووتی نەکات، بەڵام رێگر بەقسەی نەکردن و خۆی دایە دەستی پزیشکی جوانکاری، زۆری نەبرد بە مردوویی لە ژووری نەشتەرگەری ھێنایانە دەرەوە.  

رێگر مەرجان عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٨ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی برایەتیی ناحیەی بەحرکە بوو، رۆژی ١٥/٥/٢٠١٨ دەچێتە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاری ھەولێر بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ لووتی بکات، بەڵام لەژێر نەشتەرگەرییەکەدا دەمرێ. 
کەسوکارەکەی دەڵێن پێشتر ھەوڵی زۆریان لەگەڵ رێگر داوە بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ لووتی نەکات، بەڵام ئەو بە قسەی نەکردوون.

رێدیار عەبدوڵڵا کە برا گەورەی  رێگرە، گوتی : "رێگر دەمێک بوو دەیویست نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ لووتی بکات، ئەو رۆژە بەیانییەکەی لە خەو ھەڵسام. گوتم کوا رێگر؟ خوشکەکەم گوتی چووە نەشتەرگەری بکات".

رێگر لەلای خوشکەکەی گوتبووی نەشتەرگەرییەکە ئاسانە و تەنیا دوو کاژێری پێدەچێ و دەگەڕێتەوە، بەڵام بە زیندوویی نەگەڕایەوە. رێدیار دەڵێت: "دڵم لەلای رێگر بوو، تەلەفۆنم بۆ کرد وەڵامی نەدایەوە، پاشان تەلەفۆنم بۆ ئامۆزاکەم کرد کە لەگەڵی چووبوو، گوتی رێگر چوار کاژێرە لە ژووری نەشتەرگەرییە".

کاتێک رێدیار گوێی لەو قسەیە دەبێ، بە پەلە خۆی دەگەیەنێتە نەخۆشخانەکە، زۆر ھەوڵ دەدات بزانێ براکەی بۆ ئەو ماوە زۆرە لە ژێر نەشتەرگەریدا ماوەتەوە. رێدیار دەڵێت: "لە پزیشکێکم پرسی بۆچی رێگر تاوەکو ئێستا لە ژووری نەشتەرگەرییە، پێیگوتم برایەکەت پلەی گەرمیی لەشی زۆر بەرز بووەتەوە، چی لێبکەین؟ سەرم سورما پێمگوت تۆ پزیشکی، کەچی تۆ لە من دەپرسی چی بکەین؟".

وەک رێدیار دەگێڕێتەوە، پزیشکەکان گوتوویانە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە پێویستیان بە ئامێرێکە، بەڵام ئامێرەکە لە نەخۆشخانەکە نەبووە، بۆیە دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە.

حەمید حوسێن ئامۆزای رێگرە و ئەو رۆژە لەگەڵی بووە،  گوتی :"پزیشکەکان رێگریان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی cmc، بەڵام پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بە ئێمەیان گوت رێگر پێش ئەوەی بگەیەنرێتە ئێرە گیانی دەرچووە، بە مردوویی ھێنراوە بۆ ئێرە".

دواتر تەرمی رێگر دەنێردرێ بۆ پەیمانگەی دادپزیشکی ھەولێر، بەڵام بە گوتەی حەمید لەوێ پشکنینیان بۆ نەکردووە تاوەکو راپۆرتی پزیشکی نەخۆشخانەکەیان بۆ نەبردوون. حەمید گوتی: "لە نەخۆشخانە فایلەکەیان پێنەدەداین، سەعاتێک پاڕاینەوە تا فایلەکەیان بۆ ھێناین، بەڵام سەیری فایلەکەمان  کرد بینیمان فایلی رێگر نییە، رێکەوتەکەشی گۆڕاوە، زۆر ھەوڵماندا فایلی راستەقینەی رێگرمان بدەنێ، بەڵام بێسوود بوو".

ئێستا کەسوکاری رێگر سکاڵایان لەسەر نەخۆشخانەکە و ئەو پزیشکە تۆمار کردووە کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ رێگر کردووە. رێدیار دەڵێت: "بەھیچ شێوەیەک لێیان خۆشنابین، نەخۆشخانەیەک  ھیچ مەرجێکی تەندروستی نەبێت، بۆچی نەخۆش وەردەگرێ! بەچاوی خۆم کەمتەرخەمی  پزیشکەکان و نەخۆشخانەکەم بینی کە چۆن بە ئاوی دەستشۆر ھەوڵیان دەدا پلەی گەرمیی نەخۆش دابەزێنن، ئاخر شتی وا لەکوێی دونیادا ھەیە".

رێگر پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کچێک ھەبوو، لە ماڵەوەش باسی کردبوو، بەنیازبوو دوای جەژنی رەمەزان بچێتە خوازبێنی. ئەو کچەی پەیوەندی لەگەڵ رێگر ھەبووە، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ،  گوتی: "لەگەڵ رێگر ھەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو، قەرار بوو دوای رەمەزان بێتە خوازبێنیم، بەڵام ئەو رۆیشت و منی بەتەنیا جێھێشت".

باوکی رێگر لەوبارەوە گوتی: "رێگر دەمێک بوو ھەوڵی لەگەڵ دەدام رازی بم و خوازبێنی ئەو کچەی بۆ بکەم، دواجار رازی بووم، بڕیار بوو دوای رەمەزان خوازبێنی بکەم، بەڵام تازە کوڕەکەی من رۆیشت و ناگەڕێتەوە، دەبێ سزای کەسانی کەمتەرخەم بدرێ، بۆ ئەوەی چیدی کەس وەکو من جەرگسووتاو نەبێ".

پەیوەندی بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و پزیشکەکانەوە کرا، بەڵام گوتیان چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دەکەن، ھەر کاتێک راپۆرتی پزیشکی لەبارەی رووداوەکە تەواو بوو، روونکردنەوەی خۆیان دەدەن.

دکتۆر سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی ھەولێر  گوتی، ئاگاداری ئەو کەیسەن و لێژنەی لێکۆڵینەوەیان بۆ پێکھێناوە، چاوەڕێی ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوە دەکەن، ئەگەر دەرکەوت ھەڵەکە لە نەخۆشخانە و پزیشکی نەشتەرکار بووە، سزا دەدرێن.

سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 96361جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad