English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دوایین زانیاری لەسەر کوشتنی مەلا یەشار لەھەولێر 
2018-06-04 [12:45 PM]

ZNA- ھەولێر


ئەو مەلا کەرکووکییەی ھەفتەی رابردوو لە ھەولێر کوژرا، پێشتر بە تۆمەتێک کە پەیوەندیدارە بە مەسەلەی ڕەوشت، لە زیندان بووە، بەڵام تۆمەتەکەی لەسەر ساغ نەبووەوە، کەسوکارەکەی دەڵێن کوژرانەکەی ھیچ پەیوەندی بەو تۆمەتانەوە نییە کە دراونەتە پاڵی، بەڵکو ھۆکاری سیاسی لەپشتە.

کاژێر پێنجی بەیانیی ٣٠/٥/٢٠١٨ تەرمی مەلایەک لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری ھەولێر لەنێو ماڵی ھاوڕێیەکیدا دۆزرایەوە، پۆلیس رایگەیاند کە ئەو مەلایە لەلایەن ھاوڕێکەیەوە بۆ پارە کوژراوە. 

مەلا یەشار یوسف، تەمەن ٥٧ ساڵ کە دکتۆرای لە شەریعەتی ئیسلامدا ھەبوو، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بوو، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک بوو، ھەفتەی رابردوو لە شاری ھەولێر لەلایەن ھاوڕێیەکی خۆیەوە کوژرا.

ھەواڵی کوژرانی ئەو مەلایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی، بەڵام پۆلیس ھەرزوو سەرەداوی کوشتنەکەی دەستکەوت. 

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر گوتی : "رووداوەکە کاژێر پێنجی بەرەبەیان روویداوە، بکوژەکە ھاوڕێی مامۆستاکە بووە و عەرەب بووە، چەند رۆژێک پێش رووداوەکە پێکەوە سەفەری تورکیایان کردبوو. دوای رووداوەکە، تیمەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە و کەسێک ئاشکرای کردووە کە ئەو مەلایە لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە کوژراوە، بکوژەکە دوای تاوانەکە ٣٠٠٠ دۆلاری قوربانییەکەشی بردووە".

مەلا یەشار پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە. جەنگیز یوسف، برای یەشار ئەو زانیارییەی پشتڕاستکردەوە و گوتی : "راستە براکەم زیاتر لە شەش مانگ دەستگیرکرا بەتۆمەتی کاری بەدڕەوشتی، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت تۆمەتەکان راست نین، بۆیە ئازاد کرا، دواتر  بۆ چارەسەر سەفەری تورکیای کرد، چونکە لەو کاتەی لە زیندان بووە ئەشکەنجە دراوە."

سەبارەت بە کوژرانی براکەی، جەنگیز گوتی:"براکەم میوانی ھاوڕێیەکی بووە کە عەرەبە، لەلایەن ھاوڕێکەی بە چەقۆ کوژراوە. کوژرانی براکەشم مەسەلەیەکی سیاسییە نەک کۆمەڵایەتی ".

پرسەی مەلا یەشار لە مزگەوتێکی بچووکی گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک بەڕێوەچوو، (م، ئا) دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە کە چووەتە پرسەی مەلا یەشار، سەبارەت بە دەستگیرکردنی مەلا یەشار گوتی: "پێشتر لەسەر چەند مەسەلەیەک سکاڵای لەسەر تۆمار کرابوو، دوو رۆژ بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر، لەسەر مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێو مزگەوتەکەی خۆی لەلایەن بنکەی پۆلیسی عەرەفەوە دەستگیر کرا. پێشتریش دوو سکاڵای لەسەر  بوو یەکێتی زانایانی لقی کەرکووک بۆیان چارەسەر کرد".

مامۆستا ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری وەقفی سوننە لە کەرکووک گوتی : "راستە مامۆستا  یەشار پێشتر بەگومانی کاری بەدڕەوشتی دەستگیرکرابوو، بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنێ، بۆیە ئازاد کرا، لەگەڵ ئازادکردنیدا ئێمەش سەرجەم مووچەی ئەو مانگانەمان دایەوە کە لە زیندان بوو. ئەو ماوەی ٣٠ ساڵ پێشنوێژ و وتارخوێن بووە لە کەرکووک. ھەموو ئەو دەنگۆیانەی کە لەسەریشی بڵاوکرانەوە دووربوون لەڕاستی". 

مامۆستا ئەحمەد ھەروەھا گوتی: "مامۆستا یەشار ١٠ رۆژ لەمەوبەر ھاتە لام و داوای مۆڵەتی کرد، پێیگوتم ئەگەر خۆم پێم نەکرا مووچەکەم وەربگرم ئەوا بیدەن بە براکەم".

سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 95806جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad