English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پیاوەکەیان کوشت , ھەڕەشە لە خۆی و منداڵەکەشی دەکەن 
2018-06-05 [12:54 PM]

ZNA- ھەولێر




شەھلا محەممەد، تەمەن ٢١ ساڵ، دوای ئەوەی مێردەکەی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژرا، ئێستا ژیانی خۆی و منداڵە ساواکەشی لە مەترسیدایە و پۆلیس دەیپارێزن.

شەھلا خەڵکی ھەولێرە و تا قۆناغی یەکەمی ناوەندی خوێندووە، ھەرزوو کەوتووەتە داوی خۆشەویستی کەسێک کە ناسیاوی براژنەکەی بووە و دواتر شووی پێکردووە.

سەنگەر عومەر، تەمەن ٣٦ ساڵ، ھەشت ساڵ زیاتر بوو لەگەڵ (ن)ی تەمەن ٣٣ ساڵ خێزانیان پێکەوە نابوو، بەڵام منداڵیان نەدەبوو، ئەوەش بەھانەیەک بوو بۆ ئەوەی کە سەنگەر بیر لە ھێنانی ژنی دووەم بکاتەوە و بەوجۆرەش شەھلا ھەڵدەبژێرێ.

شەھلا ھێشتا لە سەرەتای تەمەنیدایە، کۆرپەیەکی بچکۆلەی تەمەن سێ مانگە لەکۆشیدایە، فرمێسکەکانی دەکەونە سەر روومەتی منداڵەکەی و جارێک منداڵەکە و جارجارەش خۆی دەست بە گریان دەکەن.

شەھلا چیرۆکی خۆی باسکرد و گوتی: "باری ئابووریمان باش نەبوو، بۆیە زوو وازم لە خوێندن ھێنا، لە خێزانێکی قەرەباڵغ و ژیانێکی ئاسایی ژیام، بەڵام بینینی سەنگەر بووە سەرەتای خۆشبەختی ژیانم و خۆشمویست. سەنگەر ژنی ھەبوو، بەڵام منداڵی نەدەبوو، بۆیە دەیوست ژنی دووەم بھێنێت، منیش ئامادەبووم شووی پێ بکەم".

سەنگەر و شەھلا لە گفتوگۆدابوون بۆ ئەوەی رێگایەک بدۆزنەوە بۆ رازیکردنی باوکی شەھلا. سەنگەر بڕیار دەدات قسە لەگەڵ دایکی شەھلا بکات، بۆ ئەوەی باوکی شەھلا رازی بکات، کچەکەی بداتێ.

بەڵام ژووانێک ھەموو پلانەکانیان تێکدەدات. شەھلا گوتی: "سەنگەر رۆژێک تەلەفۆنی کرد و داوای کرد یەکدی ببینین، لەبەر ئەوەی نیەتی پاک بوو، رازی بووم، لە نزیکی ماڵی خۆمان لەناو سەیارەکەی چاوەڕێ بوو، مۆبایلێکی بۆ من کڕیبوو، کاتێک چووم لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دانیشتم، نزیکەی ١٠ خولەکێک بوو بەیەکەوە بووین و قسەمان دەکرد، لەناکاو باوکم بینی بە دەمانچەوە بەرەوڕوومان دەھات، دواتر زانیم کە ھاوڕێیەکی باوکم پەیوەندی پێوە کردبوو، پێیگوتبوو کچەکەت لەگەڵ پیاوێک لەناو ئۆتۆمبێلە وەرە بیبینە".

شەھلا کاتێک باوکی بە دەمانچەوە دەبینێ، زۆر دەترسێ، بۆیە داوا لە سەنگەر دەکات بە ئۆتۆمبێلەکەی رابکەن، یەکسەر دەچنە ماڵی ناسیاوێکیان لە کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە، لەوێ سەنگەر بەڕێدەکات و داواش لە خاوەن ماڵەکە دەکات پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن، تاوەکو بێن بیپارێزن، دواتر پۆلیس دەیباتە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان.

شەھلا دەڵێت: "سەنگەر لەوێ چاوەڕێی دەکردم، پەنجەمۆری کرد کە ھەموو بەرپرسیارێتیەک لەئەستۆ دەگرێت و ئامادەیە بمکات بە ھاوژینی خۆی، دواتر برا و باوکیشم پەنجەمۆریان پێکرا کە دەست لە من نەدەن، باوکم حاشای لێکردم و گوتی لە ئەمڕۆوە کچێکم نییە بەناوی شەھلا، پاشان لەلای مەلا مارە کراین و لە دادگاش گرێبەستمان کرد".

دوای ئەوە، شەھلا و سەنگەر دەچنە ناحیەی دیانە. سەبارەت بە رازیبوونی ھاوژینی یەکەمی سەنگەریش، شەھلا گوتی: "سەرەتا رازی نەبوو، بەڵام دوای سێ مانگ زیزبوون ھاتەوە و ھەردووکمان چووینە ماڵی باوکی سەنگەر و پێکەوە وەکو دوو خوشک دەژیاین".

مامی شەھلا بە ھاوسەرگرییەکە رازی نابێت، شەھلا دەڵێت: "مامم تاکە کەس بوو دوای ئەو رووداوە وازی نەھێنا و سێ بە سێ تەڵاقی خواردبوو کە ھەردووکمان بکوژێت، براکەم کە دوو ساڵ لە خۆم بچووکترە، پەیوەندی پێوەکردم و گوتی ئاگاتان لە خۆتان بێت، دوو برام قسەیان لەگەڵ دەکردم و داوایان لە سەنگەر کرد لەگەڵ باوکم سوڵح بکات، بەڵام مامم تێکیدەدا و دەیگوت قبوڵمان نییە".

دوای ماوەیەک شەھلا دووگیان دەبێ، پاشان دەبێتە خاوەنی کوڕێک. شەھلا دەڵێت: "خۆشبەختی بەجۆرێک رووی تێکردبووم وامدەزانی خەونە، سەنگەر کاسب بوو، ھیچ جیاوازی لەنێوان من و ھەوێیەکەم نەدەکرد، ھەوێیەکەشم وەک منداڵی خۆی سەیری کوڕەکەمی دەکرد، کێشەمان نەبوو بیرم لەلای کەس نەبوو، زۆر ئاسوودە بووم".

سەنگەر لەبەردەم ماڵەکەی لە یەکەم رۆژی رەمەزاندا کوژرا، شەھلا لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: "یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، من دەستنوێژم ھەڵدەگرت بۆ نوێژی عیشا، کاژێر نۆی شەو بوو، سەنگەر پێیگوتم کە دەچێتە ماڵی کوڕێکی ئامۆزای، چاوەڕێی تاکسی بوو بەدوایدا بێت، لەناو نوێژدا بووم دەنگی تەقە ھات، ھەوێیەکەم رایکردە دەرەوە و بە قیژەقیژ ھاتە ژوورەوە و گوتی سەنگەر کوژرا، کە چووینە سەری ھەموو گیانی گوللە بوو، رۆحی تێدانەمابوو".

کێ سەنگەری کوشت؟ شەھلا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "دوای ئەوەی لە بنکەی پۆلیس تەماشای کامێرای چاودێریمان کرد، سێ چەکدار لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەیان لە سەنگەر کرد، لەنێویاندا مامم ناسییەوە، بەڵام ئەوانی دیکەم نەناسی".

 شەھلا سکاڵای لەسەر مامە ھەڵاتووەکەی تۆمار کردووە و دەڵێت: "دەمەوێت مامم دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت، ناشمەوێت بگەڕێمەوە ماڵی باوکم، ئێستا ماڵی باوکی سەنگەر خێزان و کەسی منن و زۆر بۆم باشن".

سەبارەت بەو سوێندەی مامی خواردوویەتی کە ھەردووکیان بکوژێت، شەھلا دەڵێت: "من لە مردنی خۆم ناترسم، چونکە رۆحی من لە رۆحی سەنگەر زیاتر نییە، ئەوەی ئازارم دەدات ئەوەیە کە تا کەی ئێمەی ژن ببینە قوربانی کولتوور و ئەقڵیەتێکی سەقەت؟ ئایا دوای کوشتنی من چەند ژنی دیکە دەکوژرێن؟".

ئەحمەد شەریف، تەمەن ٤٧ ساڵان کە ئامۆزای سەنگەرە، گوتی: "ئامۆزاکەم بەناھەق کوژرا، ئەو تاوانی نەبوو، چەندینجار ھەوڵی سوڵحی دا، ئەو بووە قوربانی دەستی کولتوورێکی سەقەت، ئەگینا ھیچ ھەڵەیەکی بەرامبەر بەو ئافرەتە نەکردبوو".

 ئەحمەد گوتیشی: "زانیاریمان ھەیە مامی شەھلا لە ماڵی سەرۆک عەشیرەتێکە، بۆیە ئەگەر رادەستی یاسای نەکەن، سکاڵا لەدژی ئەو ماڵەش تۆمار دەکەین". لەبارەی داھاتووی شەھلا و منداڵەکەشی، ئەحمەد گوتی "شەھلا و کوڕەکەی منداڵی ئێمەن و دەیانپارێزین".

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر لەبارەی ئەو کەیسە  گوتی : "ئەو رووداوە لە گەڕەکی کوورانی عەنکاوەی شاری ھەولێر بووە، بکوژەکان ھەڵاتوون و پۆلیس بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بکوژانی پیاوەکە".

بەھۆی مەترسی و ھەڕەشە لەسەر ژیانی شەھلا بەتایبەت لەلایەن مامی کە ھەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، رۆژی ٢٧/٥/٢٠١٨ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان داوایان لە کەسوکاری سەنگەر کرد، شەھلا و منداڵەکەی رادەستی ئەوان بکەن بۆ ئەوەی بیپارێزن، خانەوادەی سەنگەریش گووتیان کە شەھلا و منداڵەکەیان رادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکە کردووە.


سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 94564جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad