English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێکی ئەنفالکراو دوای سی ساڵ دەگەڕێتەوە
2018-06-16 [04:14 AM]

ZNA  - ھەولێر 


تەمەنی نگین محەممەد عەبدوڵڵا یەک ساڵ بوو کاتێک دایک و باوکی لە بیابانەکانی باشووری عێراق خرانە ژێر خاک، ئەویش کەوتە لای خێزانێکی عەرەبی ناوچەی گەرمیان. خەمەکانی نگین لەگەڵ گەورەبوونی باڵایدا باڵایان کرد، لە تەمەنی ١٣ ساڵاندا درایە پیاوێکی بە تەمەنی ئێرانی، ئێستاش لە سلێمانی بێ لانەیە.

نگین محەممەد لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٧ی گەرمیانە، تەمەنی یەک ساڵان بووە کە دایک و باوکی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن، ئەویش کەوتە لای خێزانێکی عەرەب. ئەو خێزانە کە منداڵیان نەدەبوو، بڕیاریان دا نگین بگرنە خۆیان. 

نگین کە ئێستا لە سلێمانی دەژی، باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: "بیرمە منیان نارد بۆ قوتابخانە، بەڵام زۆرم نەخوێند، لە قوتابخانە دەریانھێنام و کاری نێو ماڵیان پێدەکردم".

ئەو نەیدەزانی منداڵی راستەقینەی ئەو خێزانە نییە، تاوەکو رۆژێک ژنەکە ئەو چیرۆکەی بۆ دەگێڕێتەوە.

وەک نگین باسی دەکات، باوکە عەرەبەکەی کە ناوی ئەحمەد بووە، ھەڵسوکەوتی لەگەڵی باش بووە، بەڵام ژنەکە لەگەڵی خراپ بووە. نگین تەمەنی ١٣ ساڵان بووە کە ئەو ماڵەی بەجێھێشتووە.

ئەو دەڵێت: "ئێوارەیەکیان مەلایەک و پیاوێکی ئێرانی بەناوی خەلیل ھاتنە ماڵەوە، پێیانگوتم ئەوانە ھاتوون بۆ ئەوەی تۆ ببەنەوە ماڵی خۆت".

نگین زۆر دڵخۆش بووە، بەڵام ئەوکاتیش بە گومان بووە، دواتر بۆی دەردەکەوێ کە ھاتوون بۆ خوازبێنی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەی نابێ، دواتر بۆی دەردەکەوێ ئەو بەو پیاوە فارسە فرۆشراوە "گوێم لێبوو باسی پارەیان دەکرد کە خەلیل پارە دەداتە ئەحمەد" نگین وادەڵێت.

بۆ رۆژی دواتر نگین و خەلیل بەڕێدەکەون بۆ شاری ئەسفەھانی ئێران. لە ئەسفەھان ئاھەنگێکی بچووک لە ژێر ناوی ئاھەنگی ھاوسەرگیری بۆ نگین رێکدەخەن و بەوجۆرە نگین دەبێتە ھاوسەری خەلیل کە تەمەنی ٥٥ ساڵ بووە و ژیانێکی ئاسایی بەڕێ دەکەن لەگەڵ دایکی خەلیل کە ھەشتا بەھاری بینیوە.

ژیانی نگین لە ئەسفەھان زۆر داخراو بووە، ئەو دەڵێت "خەلیل و دایکی نەیاندەھێشت بچمە دەرەوەی ماڵ و نەیاندەھێشت ھیچ بزانم، بۆیە نەمدەزانی ئایا رەگەزنامە و ناسنامەم ھەیە یان منداڵەکەم ھەیەتی، تەنھا ئەوەم دەزانی کە من لە ئەسفەھانم".

نگین و خەلیل دوای دوو ساڵ، دەبنە خاوەنی موبین، منداڵاکەیان تەمەنی پێنج ساڵان بوو کە خەلیل کتوپڕ مرد. ئیدی نگین بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە، لە ھەمووشی ناخۆشتر ئەوە بوو کە دواتر دەردەکەوێ دووگیانیشە، ھێندەی دیکە باری ژیانی قورس دەبێ. دوای ھەشت مانگ لە مردنی خەلیل، نگین دەبێتە خاوەنی کچێک و ناوی لێدەنێ روئیا.

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر لەدایکبوونی روئیا، فەریبای دایکی خەلیل بە نگین دەڵێت: "من بەساڵاچووم، تۆش بڕۆوە بۆ وڵاتی خۆت و منداڵەکانیش لەگەڵ خۆت ببە". دوای حەوت ساڵ مانەوە لە ئەسفەھان، نگین ناچار دەبێ ئێران جێبھێڵێت و ھەر چونێک بێ خۆی دەگەیەنێتە سەر سنووری باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان.

نگین گوتی: "گەیشتمە باشماخ داوای پاسپۆرتیان لێکردم، منیش گوتم ھیچم نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەزانم خەڵکی شاری سلێمانیم، بۆیە رێگەیان پێنەدام بپەڕمەوە، دواتر  کەسێک ھاتە لام گوتی ئەگەر پارەم بدەیتێ بە قاچاخ دەتگەیەنمە سلێمانی، منیش پارەم پێنەبوو، دواتر گوارەکەی خۆم فرۆشت و پارەکەم دایە قاچاخچییەکە و ئەویش منی گەیاندە سلێمانی".

نگین ھیچ شوێنێک شک نابات و کەسیش ناناسێ لە دەرگای بدات، بۆیە پەنا بۆ گۆڕستانێکی شاری سلێمانی دەبات و ھەفتەیەک لە گۆڕستانەکە دەمێنێتەوە، دواتر ژنێک دەبێتە فریادڕەسی و ھاوکاریی دەکات.

نگین دەڵێت "بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، ئێوارەیەک  ژنێک ھاتە لام و زۆر پرسیاری کرد لەوەی بۆچی لێرەم و گوتی من چاودێری تۆم کردووە تۆ چەند رۆژێکە لێرەی، کاتێک باسی ژیانی خۆمم بۆ کرد باوەشی پێداکردم و منی بردەوە ماڵی خۆیان".

 نگین دەڵێت: "نزیکەی ھەفتەیەک لە ماڵی ئەو ژنە مامەوە، زۆر خزمەتی کردین، دواتر خانووێکی لە نزیک ماڵی خۆیان بۆ بە کرێ گرتم، ھەر خۆیشی کرێی خانووی بۆ دەدام".

نگین ساڵێک لە خانووەکەدا دەمێنێتەوە، خاوەنەکەی بڕیاری تێکدانی خانووەکە دەدات، ئیدی نگین ناچار دەبێت خانووەکە چۆڵ بکات و بچێتە خانووێکی دیکە لە گەڕەکی سەرچنار کە خەڵکی خێرخواز کرێی خانووەکەی بۆ دەدەن.

نگین دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە کوردستان، بۆ ماوەیەکی زۆر سۆراخی خێزانەکەی کردووە، بەڵام ھیچی دەستنەکەوتووە، دواتر بە ھەوڵێکی زۆر لە دادگا ناسنامەیەکی بۆ دەردێنن، دادوەر ناوی باوک و باپیری دەکات بە "محەممەد عەبدوڵڵا".

تاوەکو ئێستا نگین و ھەردوو منداڵەکەی لەو خانووەی سەرچناردان و لە ژیانێکی کولەمەرگیدان و کوڕەکەی نەخۆشیی گورچیلەی ھەیە، نگین ئەگەرچی خۆی بە بەجێماوی ئەنفال دەزانێ، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی نییە. ئەو چاوی لە دەستی خێرخوازانە یارمەتی بدەن.

فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراون  گوتی :"بە ناوی شەھیدان سێ جۆر خەڵک مووچە وەردەگرن، ئەوانیش شەھیدی سەنگەر و شەھیدی جینۆساید کە کیمیاباران و ئەنفالکراوانن، ھەروەھا شەھیدی ھاووڵاتی ھەیە". گوتیشی "ئێستا ١٠٠ ھەزار کەس وەک کەسوکاری شەھیدان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان مووچە وەردەگرن.

ئەو کەیسەی نگینیش کە باسی دەکەن ئەگەر مامەڵەی نەکردبێ، مووچەی نییە و ئەگەر کەسوکاری ئەنفالکراوە دەتوانێت مامەڵە بکات و مووچە وەربگرێ". بەڵام نگین ھیچ بەڵگەنامەیەکی نییە بیسەلمێنێ کە ئەو بەجێماوی ئەنفالە.

سەرچاوە \ رووداو
 





ئەم هەواڵە 99892جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad