English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
منداڵێکی ساوا لەبەردەم نەخۆشخانەیەک فڕێدەدرێت 
2018-07-02 [12:11 PM]

ZNA – ھەولێر 




لەیەکێک لە شارەکانی کوردستان منداڵێکی ساوای تازە لەدایک بوو لەبەردەم یەکێک لە نەخۆشخانەکان فڕێدەدرێت . 


مەلۆتکەیەکی تەمەن ٢٥ رۆژی لەلایەن پاسەوانی نەخۆشخانەیەکی سۆران لەبەردەم نەخۆشخانەکە دۆزرایەوە و کەس خۆی لێ بە خاوەن نەکرد، بۆیە لە دادگا درایە ژن و پیاوێک کە منداڵیان نابێ.

ئەو مەلۆتکەیە کە کوڕە، کاژێر حەوت و سی خولەکی رۆژی ١٩/٦/٢٠١٨ لە پێش دەرگای نەخۆشخانەی زۆزاک لە شارۆچکەی سۆران، لەلایەن پاسەوانێکی نەخۆشخانەکە دۆزرایەوە و پۆلیسی لێ ئاگادار کردەوە.  منداڵەکە لە نێو زەرفێکی گەورە دانرابوو، کاتێک پاسەوانەکە زەرفەکەی کردووەتەوە بینیویەتی منداڵێکی تازە لەدایکبووی تێدایە.

رێزان باڵەک، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی منداڵانی سۆران  گوتی : "کاژێر ھەشتی بەیانی رۆژی ١٩/٦/٢٠١٨ ئاسایش ئاگاداری کردینەوە کە منداڵێکی تازە لەدایکبوویان دۆزیوەتەوە، منداڵەکەیان ھێنایە نەخۆشخانە، دوای پشکنین دەرکەوت ھیچ کێشەیەکی نییە، لە کاتی پاککردنەوەی منداڵەکەش ٢٥ ھەزار دینارمان لە نێو جلوبەرگەکانیدا دۆزییەوە".

سەبارەت بە تەمەن و رەگەز و تەندروستیی منداڵەکە، رێزان باڵەک گوتی: "ھەر منداڵێک کە دەدۆزرێتەوە سەرەتا پشکنینی تەواوی بۆ دەکەین تا بزانین ھیچ نەخۆشییەکی ھەیە یان نا، منداڵەکە ھیچ نەخۆشییەکی نەبوو، تەمەنیشی لە نێوان دوو ھەفتە بۆ سێ ھەفتە بوو، کێشی ئاسایی بوو، تەنیا تۆزێک زەرتکی گرتبوو، بۆیە بردمان بۆ ژووری منداڵە ناکامەکان بۆ ئەوەی چارەسەری زەردووییەکەی بکەن".

 رێزان باسی چارەنووسی منداڵەکەی کرد و گوتی: "دوای ھێنانی بۆ نەخۆشخانە، زیاتر لە ٢٠ خێزان پەیوەندییان پێوەکردین و ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە منداڵەکە لەئەستۆ بگرن، بەڵام ئێمە بەبێ پرسی دادوەری دادگای نەوجەوانان ناتوانین ھیچ منداڵێکی بێ خاوەن بدەینە کەس، ئەوە دەبێ دادگا بڕیار بدات منداڵەکە دەدرێتە کێ".

ھەر سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەم  منداڵە، رائید ھەوار ئەرگۆشی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران  رایگەیاند:"دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش ئاگادار کراینەوە لە دۆزینەوەی منداڵێکی تازە لەدایکبوو، منداڵەکەمان گەیاندە نەخۆشخانەی لەدایکبوون، پەڕاوی لێکۆڵێنەوەمان کردەوە بۆ ئەوەی بەدوای خانەوادەی منداڵەکەدا بگەڕێین، سەیری کامێراکانی چاودێری دەکەین بۆ دۆزینەوی خانەوادەی  منداڵەکە. ھەوڵدەدەین بە زووترین کات خانەوادەکەی بدۆزینەوە".

بە گوتەی ھەوار ئەرگۆشی، ئەمساڵ ئەمە یەکەمین حاڵەتی دۆزینەوەی منداڵانە لە سۆران کە لە دۆسیەکانی پۆلیسدا تۆمار دەکرێ، ساڵی رابردووش تەنیا یەک حاڵەتی لەو شێوەیە تۆمارکراوە.

ئەرگۆشی باسی چارەنووسی منداڵەکەی کرد و گوتی: "دوای ئەوەی رێکارە یاساییەکان لەلای ئێمە و نەخۆشخانە تەواو دەبێت، منداڵەکە دەدرێتە دادگای نەوجەوانان لە ھەولێر، لەوێ دادوەر بڕیار دەدات منداڵەکە بدرێت بە چ خانەوادەیەک. ئەگەر خانەوادەکەشی پەشیمان ببنەوە و داوای بکەنەوە، ئێمە منداڵەکەیان نادەینەوە و سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن لەسەر فڕێدانی منداڵەکە".

دوای رێکارەکان، منداڵەکە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە ھەولێر، دوای دوو رۆژ درایە خێزانێک کە منداڵیان نییە.

 شوان تەحسین، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوون لە ھەولێر  گوتی :"منداڵەکە دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی سۆرانەوە ھێنایان بۆ لای ئێمە، دوو رۆژ لە نەخۆشخانەکە مایەوە و دادگای نەوجەوانان بڕیاری دا بیدات بە ژن و پیاوێک کە پێشتر ناویان تۆمار کردبوو بۆ وەرگرتنی منداڵێک لە نەخۆشخانە". 

گوتیشی: "منداڵەکەمان دا بە ژن و مێردێک کە خەڵکی رواندز بوون، ئەوان ساڵانێکە ھاوسەرگیرییان کردووە و منداڵیان نەبووە، بۆیە ناوی خۆیان لە دادگای نەوجەوانان تۆمار کردبوو بۆ وەرگرتنی منداڵ، ئەوان بەڵێنیان دا منداڵەکە وەک چاوی خۆیان بپارێزن و کە گەورەش بوو ھەست نەکات ئەوان دایک و باوکی راستەقینەی نین".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 93052جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad