English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کچێک دەبێتە قوربانی ئارەزووکانی ھاوڕێیەکی باوکی 
2018-07-31 [11:52 AM]

ZNA- ھەولێر 



 


مامانەکە پارچە پەڕۆیەکی خستبووە نێو دەمی کچەکە بۆ ئەوەی دەنگی دەرنەچێ، لە حەوشەی ماڵی مامانەکەش پیاوێک کە لە پەنجاکانی تەمەنیدا بوو، دەھات و دەچوو، ھەر کەسێک بینیبای گومانی دەکرد ئەوە باوکی کچەکە بێ، بەڵام مامانەکە گوتی: "ئەو دێوە ناشیرینە دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەم کچە و دووگیانی کردووە". منداڵە کوڕەکەی نێو سکی جوان، تەمەنی پێنج مانگ بوو.

جوان قوتابی پۆلی دەی ئامادەیی بوو، خەونی بەوەوە دەبینی بچێتە زانکۆ و ببێ بە پارێزەر، بەڵام رووداوێکی ھاتوچۆ خەونەکەی لە گۆڕ نا، لە رووداوەکەدا باوکی جوان کەوتە سەر کورسیی کەمئەندامی و دایکیشی بینایی لەدەست دا، بۆیە جوان ناچار بوو واز لە خوێندنەکەی بھێنێ و خزمەتی دایک و باوکی بکات. 

باوکی جوان کە تەمەنی ٤٣ ساڵە، پێش ئەوەی تووشی رووداوی ھاتوچۆ ببێ، ھەموو بەیانییەک عەرەبانەکەی پڕ لە سەوزە و میوە دەکرد و بە کۆڵانەکاندا دەیگێڕا، بەمەش بژێوی خێزانەکەی پەیدا دەکرد. جوان دەڵێت "باوکم رۆژانە ١٠ - ١٥ ھەزار دیناری دەستدەکەوت، ژیانێکی سادەی بێ کێشەمان پێ بەڕێ دەکرد".

دوای ئەوەی باوک و دایکی بەھۆی رووداوی ھاتوچۆوە کەمئەندام دەبن، ئیدی جوان ناچار دەبێ خێزانەکەیان بژیێنێ، بۆیە لە کارگەیەکی دروستکردنی نانی تیری دەست دەکات بە کار. جوان دەڵێت "رۆژانە بەبێ وەستان چوار سەعات نانمان دەکرد، مانگانە بە ٣٠٠ ھەزار دینار، کرێی ھاتوچۆش لەسەر خۆم بوو، رازی بووم چونکە کەس نەبوو ھاوکاریمان بکات". 

جوان تەنیا دوو مانگ لە کارگەکە کاری کرد، خاوەنی کارگەکە بە بیانووی ئەوەی بۆنی دەرمانی لێھاتووە، دەریکردووە، دواتر زۆر بەدوای کاردا دەگەڕێ کاری دەستناکەوێ.

(ع.م)، تەمەن ٤٥ ساڵ، کە سەوزەفرۆشە، ھاوڕێی باوکی جوانە. رۆژێک بە کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستییەوە سەردانی ماڵی باوکی جوان دەکات. جوان دەڵێت: "یەکەمجار بوو لە ژیانمدا ھاوڕێیەکی باوکم بێت بۆ ماڵمان، بەڵام ئەم پیاوە زۆر بەڕێز دیار بوو. پێش ئەوەی بڕوات ٩٠ ھەزار دیناری دامێ و گوتی بۆخۆتان خەرجی بکەن، منیش وەرمنەگرت، بەڵام دایکم دەنگی ھەڵبڕی و دوعای خێری بۆ کرد، تێگەیشتم کە دەڵێت وەریگرە. ھەفتانە دەھات سەوزە و میوەی بۆ دەھێناین".

جوان، متمانەی تەواوی بە ھاوڕێکەی باوکی پەیدا کردبوو، ھەر بە مامە بانگی دەکرد، بەڵام چوونە دەرەوەیەک لەگەڵ ئەو پیاوە ھەموو شتێکی گۆڕی. جوان دەڵێت: "مانگی دووی ئەمساڵ پیاوەکە پێیگوتم وەرە دەتبەم بۆ ماڵی خۆمان لەوێ لەگەڵ خێزانم بڕۆن بۆ بازاڕ کەلوپەل بۆ باوک و دایکت بکڕە، منیش بەشەرمێکەوە داواکەم قبوڵ کرد و لەگەڵی رۆیشتم. نەمزانی بۆ کوێم دەبات، لە دەرەوەی شاری ھەولێر لە باخێک دایبەزاندم و پێیگوتم لێرە دەژین، کاتێک چووینە ژوورەوە دەرگای کلیل دا و پێیگوتم من عاشقی تۆ بووم".

جوان زۆر دەپاڕێتەوە، بەڵام سوودی نابێ، وەک ئەوەی کەوتبێتە نێو دەمی ئەژدیھایەک و رزگاری نەبێ، لەوێ ھەڕەشەی لێدەکات یان دەبێ سێکسی لەگەڵ بکات، یان ٩٠ ھەزار دینارەکەی بداتەوە. ئیدی جوان تەسلیم دەبێ. دواتر ئەمە دەبێتە پیشەی بەردەوامی جوان و لە بەرامبەر چەند ھەزار دینارێک لەگەڵ ئەو پیاوە سێکس دەکات.

جوان لەو پیاوە دووگیان دەبێ، بەرەبەرە سکی بەرز دەبێتەوە، لە ترسی ئاشکرابوونیان لەگەڵ (ع) بڕیار دەدەن لەلای مامانێک سکەکە لەبار ببەن، بەڵام ١٠ رۆژ دوای لەباربردنی منداڵەکە، جوان بەردەوام دەبورێتەوە و تووشی خوێنبەربوون دەبێت، بۆیە بە ناچار پەیوەندی بە خوشکە گەورەکەیەوە دەکات و تەواوی چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، خوشکەکەشی بەسەرھاتەکە بۆ براکەی دەگێڕێتەوە. براکەشی داوا لە (ع) دەکات بۆ ئەوەی ئابڕووی خۆی و خوشکەکەی نەچێت، بەبێ دەنگی جوان مارە بکات. ئێستا جوان بووەتە ھاوژینی ھاوڕێکەی باوکی، بەڵام دیار نییە ئەو ھاوسەرگیرییە تا کوێ دەڕوات.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٦ حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسی تۆمار کراون، کە ١٦ حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای ھەولێر بووە.


ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 106297جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad