English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
دەلال کوژرا یا خۆی کوشت 
2018-08-15 [11:47 AM]

ZNA – ھەولێر 




سێ ھەفتە لەمەوبەر ھەواڵی خۆخنکاندنی ئافرەتێکی کوردی ئێزدی لە کەمپی داودیە لە سنووری پارێزگای دھۆک بڵاوکرایەوە،

 بەڵام ھەواڵەکە جێی باوەڕی دایک و باوکی کچەکە نەبوو کە لە ئەڵمانیاوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی کچەکەیان گەڕاونەتەوە کوردستان. دایکی کچەکە دەڵێت: "کچەکەم کوژراوە"، بەڵام خزمێکی نزیکی مێردی ئافرەتەکە دەڵێت: "خۆی خنکاندووە".
 
رۆژی ١٧/٧/٢٠١٨ لە کەمپی داودیەی سەر بە قەزای ئامێدی، تەرمی ئافرەتێکی کوردی ئێزدی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی دەلال شەریف، لە نێو خێوەتێکدا بە ھەڵواسراوی دۆزرایەوە. کاتێک دراوسێکەیان تەرمی دەلال دەبینن، دانیشتووانی کەمپەکە ئاگادار دەکەنەوە، دواتر تەرمی دەلال دەگوزارێتەوە پەیمانگەی دادپزیشکی دھۆک، دوای رێکارە پزیشکییەکان، تەرمی دەلال لە زێدی خۆی لە شنگال دەنێژرێت.

دوای تێپەڕبوونی ١٠ رۆژ بەسەر رووداوەکەدا، دایک و باوکی دەلال لە ئەڵمانیاوە گەڕانەوە کوردستان و یەکسەر سکاڵایان لەدژی مێردی دەلال و برای مێردەکەی تۆمار کرد، ئێستا ھەردووکیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.

شەریف ئیزین، باوکی دەلال، خەمی لەدەستدانی کچەکەی بە روخسارییەوە دیارە، باسی کچەکەی دەکات و دەڵێت "ساڵی ٢٠١٣ کچەکەم کە ئەوکات تەمەنی ١٣ ساڵ بوو، لەلایەن (و.ش) کە کوڕی خاڵی خۆیەتی، ھەڵگیرا، دەلال بە ویستی خۆی لەگەڵ کوڕە خاڵەکەی رۆیشت، بەڵام ھەر دوای ساڵێک کێشە کەوتە نێوانیان".

بە گوتەی شەریف، کچەکەی چەند جارێک لەلایەن مێردەکەی و شووبراکەی لێیدراوە. شەریف گوتی: "پێش کوشتنی کچەکەم، مێردەکەی سێ جار لێیداوە و دەلال لەبەر دەستی ھەڵاتووە و ھاتووەتە ماڵی ئێمە. دوایینجاریش ساڵێک لەمەوبەر بوو، پێش ئەوەی من و دایکی دەلال بچینە ئەڵمانیا". گوتیشی کە چەندینجار داوای لە کچەکەی کردووە تەڵاق لە مێردەکەی وەربگرێ، بەڵام ئەو رازی نەدەبوو تەڵاق وەربگرێ لەبەر منداڵە تەمەن سێ ساڵانەکەی کە ماڵە خەزوورانی لێیان زەوتکردبوو نەیاندەھێشت بچێتە لای.

شەریف کە تەمەنی ٥٠ ساڵ دەبێ، باسی دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی خۆی و کچەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەو رۆژەی کچەکەمیان کوشت بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەکرد، ئێوارە بوو، زانیم دەنگی نەدەھات، ھەر پێمگوت دەلال دەلال، بەڵام تەنیا دەنگی مێردەکەی و شووبراکەی دەھات، زانیم لێیان دەدا، چونکە دەنگی گریانی دەھات، دوای دوو سەعات خەڵکی کەمپەکە تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان کچەکەت خۆی ھەڵواسیوە".

باوکی دەلال رەتیکردەوە کچەکەی، خۆی خنکاندبێ و گوتی:"ھاوژینی دەلال و شووبراکەی کوشتوویانە، پاشان بە لەچکەکەی خۆی ھەڵیانواسیوە، ھەر بە خۆیان تەرمەکەیان بردووە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ تاوانەکەیان پەردەپۆش کردووە".

خێزانی دەلال، یەکێک بوون لەوانەی لە پەلامارەکەی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ئابی ٢٠١٤ نەکەوتنە دەست چەکدارانی داعش و توانیبوویان خۆیان دەرباز بکەن، باوکی دەلال دەڵێت:"کچەکەم لە دەستی داعش رزگاری بوو، بەڵام لە دەستی ھاوژینەکەی رزگاری نەبوو".

ئازاد سەعید کە پارێزەری کەیسی دەلالە گوتی : "سێ لەو ئافرەتانەی تەرمی دەلالیان شووشتووە، ئێستا بوونەتە شایەت لە دۆسیەکەیدا، ئەوان دەڵێن شوێنی ئەشکەنجە بەسەر جەستەی دەلالەوە دیار بووە، بەپێی ئەو وێنە و بەڵگانەی لەبەردەستمانن دەلال کوژراوە، نەک خۆی خنکاندبێ". 

ئێستا ھاوژینی دەلال و شووبراکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە. ھەرچەندە لە راپۆرتی پزیشکیدا نووسراوە دەلال بە لەچکەکەی خۆی خنکاندووە، بەڵام پارێزەرەکەی باوەڕ بەو راپۆرتە ناکات و دەڵێت: "راستە شوێنی لەچکەکە بەسەر ملییەوە دیارە، بەڵام بەھۆی پشکنینی لەچکەکەی، دەردەکەوێ کە خۆی لە ملی خۆی ئاڵاندووە، یان لە ملیان ئاڵاندووە".

خزمێکی نزیکی ھاوژینی دەلال ھەموو قسەکانی باوکی دەلال و پارێزەرەکەی رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "کەس دەلالی نەکوشتووە، خۆی خنکاندووە".

ی.ا 
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 93055جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad