English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم پیاوە بە دەستی راووچییان کوژرا
2018-10-02 [02:36 AM]

ZNA- ھەولێر 



سامان ھەر کاتێک لە دەوام دەگەڕایەوە، شەوان دەچووە دەوروبەری ناحیەکەی بۆ راو، بەڵام شەوێک نەگەڕایەوە و شەوی دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە. دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، پۆلیس دوو راوچی بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیر کرد.

شەوی ٢١/٩/٢٠١٨ تەرمی پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵ، بە ناوی سامان ساڵح، دانیشتووی ناحیەی ھیرانی سەر بە قەزای شەقڵاوە لە نێوان ھەردوو گوندی دۆرێ و گەرۆتە دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی دەڵێت سامان بۆ راوکردن چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، دواتر پۆلیسیان لە ونبوونی ئاگادار کردووەتەوە.

عەمید محەممەد حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری پۆلیسی شەقڵاوە  گوتی، رۆژی ٢٢/٩/٢٠١٨ بنکەی پۆلیسی ھیران ئاگادار کرایەوە لە دیارنەمانی ھاووڵاتییەک بەناوی سامان ساڵح کە پێشمەرگەیە و خێزاندارە، سەعات ھەشتی شەوی پێشووتر لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە.
دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەستیپێکرد، دەرکەوت تاوەکو سەعات ١٠:٢٠ خولەکی شەو مۆبایلەکەی کراوەتەوە، بەڵام دواتر وەڵامی خێزانەکەی نەداوەتەوە. دوای گەڕانێکی زۆر شەوی دواتر پۆلیس تەرمەکەی دۆزییەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی شەقڵاوە دەڵێت: "بەپێی راپۆرتی پزیشکی، سامان چوار گوللەی بەرکەوتووە و بەو ھۆیەوە مردووە".

سامان ساڵح، خاوەنی چوار منداڵ بوو، زوو زوو دەچوو بۆ راو، ئەو شەوەش ھەر بۆ راو چووەتە دەرەوە. سامی ساڵح کە برای گەورەی سامانە،  گوتی : "براکەم زیاتر لە ١٠ ساڵە پێشمەرگەیە، ئەو کاتانەی دەوامی نەبووایە، زوو زوو بۆ راو دەچووە دەوروبەری ھیران، شەوی ٢١/٩/٢٠١٨ چەکەکەی ھەڵگرتووە و لە ماڵ دەرچووە، بەڵام ئەو شەوە نەگەڕایەوە".

کەسوکارەکەی چەند جارێک تەلەفۆنی بۆ دەکەن، وەڵام ناداتەوە، بۆیە رۆژی دواتر پۆلس ئاگادار دەکەنەوە. سامی گوتی: "رۆژی ٢٢/٩/٢٠١٨ تەرمەکەیمان لەنێوان دۆرێ و گەرۆتە دۆزییەوە".

برا گەورەکەی سامان دەڵێت دوای رووداوەکە ئاشکرا بووە کێ براکەی کوشتووە، بەڵام چاوەڕێی لێکۆڵینەوە دەکەن دۆسیەکە یەکلا بکاتەوە. سامی ساڵح دەڵێت: "کە تەرمەکەیمان دۆزییەوە، شوێنی برین بە سەرییەوە دیار بوو، چەند گوللەیەکیشی لێدرابوو، بەڵام نازانین گوللەکان ھی چ جۆرە چەکێکە و بۆچی لێیدراوە، چونکە براکەم کێشەی لەگەڵ ھیچ کەسێک نەبووە".

دوای رووداوەکە پۆلیس دوو کەسی دەستگیرکردووە کە ئەوانیش راوچین و خەڵکی ھەمان ناوچەن. سامی دەڵێت: "دیارە ھەر ئەو شەوەی براکەم بۆ راو رۆیشتووە، ئەوانیش لەو شوێنە بوون".

سامی رەتیکردەوە کە بنەماڵەکەیان کێشەیان لەگەڵ ئەو دوو کەسە ھەبووبێ و گوتی: "ئەوان ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئێمە و براکەمدا نەبووە، خەڵکی ناوچەکەش ھەموویان شایەتی دەدەن کە براکەم کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و ھەمووان خۆشیانویستووە، تەنانەت ئەو دوو کەسەش کە دەستگیرکراون براکەمیان زۆر خۆشدەویست، بۆیە ئێمە سکاڵامان لەسەر کەس تۆمار نەکردووە و پۆلیس خۆی دەستگیری کردوون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات، ئێمەش چاوەڕوانی یاساین".

ئەوەی کەسوکاری سامانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە دوای ئەوەی راوچییەکان تەقەیان لێکردووە، چوونەتە سەر سەری، بەڵام لە ترسان ھەڵاتوون و رزگاریان نەکردووە، سامی دەڵێت "دیارە راوچییەکان بۆ راوە بەراز چوون، براکەشم کەوتووەتە نێو کەمینی ئەوان، کاتێک جوڵاوە ئەوان تەقەیان لێکردووە، دڵنیام کە بەئەنقەست تەقەیان لێ نەکردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ھەردوو کەسەکە دوای ئەوەی تەقەیان لێکردووە، چوونەتە سەر سەری، دواتر بەجێیانھێشتووە".
سەبارەت بە ھەڵوێستی کەسوکاری دوو راوچییەکە، سامی گوتی: "دوای رووداوەکە ھەندێک لە کەسوکاری دەستگیرکراوەکان ھاتنە لای ئێمە، بەڵام ئێمە پێمانگوتن سامان کوڕی حکومەتە و ئەوان بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، ئەگەر پشتگوێی بخەن، خۆمان رێگای دیکە دەگرینەبەر، بەڵام نامانەوێت بگاتە ئەوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی شەقڵاوە دەڵێت لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە کوژراوەکە کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵام دوو کەس بە ناوەکانی (ب.ح) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ و (م. ع) لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١، بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن پۆلیسەوە راگیراون.

عەمید محەممەد حەمەدەمین دەشڵێت "تۆمەتبارەکان یەکێکیان چەکی تاپڕ و ئەوەی دیکەیان چەکی کڵاشینکۆفی پێبووە، چەکەکانمان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوانی ھەولێر کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".

سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 84640جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad