English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئافرەتێکی بەتەمەن دەبێتە قوربانی شەڕی نێوان منداڵان 
2018-10-24 [01:03 AM]

ZNA- ھەولێر


    
 
پۆرێ لە پرسەی برازاکەیدا دانیشتبوو، زۆری نەبرد لە دەرەوە بووە ھەرا و ئینجا تەقەشی تێکەوت، ئەو کە بۆ نێوبژیوانی چوو، لەو نێوەدا بووە قوربانی و رۆژی دواتر پرسە بۆ خۆی دانرا.


رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٦ ئافرەتێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بەناوی پۆرێ عەلی، دایکی حەوت منداڵ و دانیشتووی کۆمەڵگەی رزگاری لە ناحیەی فایدەی سەر بە قەزای سێمێلی شاری دھۆک، بەھۆی شەڕی نێوان ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە گولـلەیەکی بەرکەوت و کوژرا. 

رائید ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک  رایگەیاند: "شەڕی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لەسەر شەڕی نێوان دوو منداڵ بووە، شەڕەکە تەشەنەی کردووە و بووەتە شەڕی نێوان پیاوەکانی دوو بنەماڵەکە، لە کاتی شەڕەکەدا چوار کەس تەقەیان کردووە و گوللەیەک بەر ئەو ئافرەتە کەوتووە".

 گوتیشی: "شەڕکەرەکان ئامۆزای یەکدین و ئەوانەشی تەقەیان کردووە برازای مێردی ژنەکەن".

سەبارەت بە تۆمەتبارەکان، رائید ھێمن سلێمان گوتی: "ناسنامەی تاوانبارەکان دیارە و چوار کەسن کە تەقەیان کردووە، بەڵام دوای تەقەکان ھەڵاتوون، ئێستا پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێ".

 گوتیشی: "ھێزێکی پۆلیسمان لە شوێنی رووداوەکە داناوە، بۆ ئەوەی شەڕەکە دووبارە نەبێتەوە".

رۆژێک پێش رووداوەکە، برازایەکی پۆرێ ئۆتۆمبێل لێیدەدات و بەو ھۆیەوە دەمرێ، پۆرێ لە پرسەی برازاکەیدا بەخێرھاتنی مێوانەکانی دەکرد، بەڵام رۆژێک دواتر منداڵەکانی خۆی لە پرسەکەی ئەودا دانیشتن.

زەینەب حازم لە پرسەی دایکیدا دانیشتبوو  قسەی کرد و گوتی: "ئێمە لە پرسەی کچی خاڵم بووین کە ئۆتۆمبێل لێیدابوو، لەناکاو لە دەرەوەی خێوەتی پرسە، بوو بە شەڕی منداڵان، بانگی ئافرەتەکانیان کرد بۆ ئەوەی بە منداڵەکان بڵێن واز لە شەڕ بھێنن، بەڵام کە ئافرەتەکان چوون شەڕەکە گەورەتر بوو".

ئافرەتەکان چووبوون منداڵەکانیان بھێننەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بھێنن، بەڵام لەوێ ئەوانیش بەربوونە گیانی یەکدی. زەینەب دەڵێت: "ژنی ئامۆزاکانم لەگەڵ خوشەکانم و ژنی برایەکانم کردیان بەشەڕ، شەڕەکە گەورە بوو، زۆر ھەوڵماندا پێمان کۆنترۆڵ نەکرا، دواتر لە شەڕی منداڵ و ژنانەوە بوو بە شەڕی پیاوەکان".

سەبارەت بە کوژرانی دایکی، زەینەب گوتی: "لە پرسەکەدا دایکم لە ھەموویان بە تەمەنتر بوو، ئەو چوو بۆ ئەوەی نێوبژیوانی بکات، بەڵام بە قسەی دایکمیان نەکرد و شەڕەکەیان گەورەتر کرد، پیاوەکان پێیانزانی، ئەوانیش ھاتنە نێو شەڕەکە و بوو بە شەڕی نێوان برا و ئامۆزاکانم، لە ناکاو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو، بینیم دایکم کەوتە سەر زەوی، ئامۆزاکانم ھەڵاتن". زەینەب بە پەلە رادەکات بۆ لای دایکی، بەڵام دەبینێ دایکی خوێنی لەبەر دەڕوات. زەینەب دەڵێ: "بەھیچ شێوەیەک لە خوێنی دایکم خۆشنابین".

جاسم کە زاوای پۆرێیە و شایەتحاڵی رووداوەکەیە،  گوتی : "ئێمە وەستابووین، بەڵام چەکمان پێنەبوو، ئەوان بە چەک ھێرشیان کرد و خەسوومیان کوشت، پاشان ھەڵاتن بۆ ھەولێر".

ھەر لەوبارەوە یونس پیرۆ کە موختاری کۆمەڵگای رزگارییە و گەورەی ھەردوو بنەماڵەکەیە، گوتی: "قسەم لەگەڵ بنەماڵەی تاوانبارەکان کردووە، بۆ ئەوەی خۆیان رادەستی پۆلیس بکەن، کێشەکە بەشێوەیەکی عەشائیری چارەسەر دەکەین، نامانەوێ لەوە زیاتر گەورە بێ".

ی.ا
سەرچاوە | رووداو





ئەم هەواڵە 82534جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad