English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
چوار برا تۆڵەی برا و براژنیان لەبرای بکوژێک دەکەنەوە 
2018-11-06 [12:34 PM]

ZNA- ھەولێر 



لە دەرگای ماڵەکەی دەدەن و پاش ئەوەی دەچێ دەرگا بکاتەوە، چوار چەکدار دوای ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن، تەقەی لێدەکەن و دەیکوژن. کەسوکاری تەقەکەرەکان دەڵێن ئەوان تۆڵەی کوشتنی برا و براژنەکەیان کردووەتەوە.

سەعات ٨:٣٠ی خولەکی شەوی ١٨/١٠/٢٠١٨ پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بەناوی دەروێش زاھیر، باوکی دوو منداڵ، دانیشتووی ناحیەی کەلەکچیی سەر بە پارێزگای دھۆک، لەبەردەم ماڵەکەیدا کوژرا. 

رائید ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک  رایگەیاند: "دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو پیاوە لەسەر کێشەیەکی کۆن کوژراوە".

فارس زاھیر کە برای دەروێشە، باسی پێشینەی ئەو کێشەیە دەکات کە لە نێوان بنەماڵەی ئەوان و تەقەکەرەکاندا ھەبووە. فارس گوتی: "مانگی یەکی ئەمساڵ پۆلیس لە دەرگای دا و گوتی (ش، ز)ی برات و (ی، ش)ی برازات لە کوێن؟ بەڵام من ئاگاداری ھیچ شتێک نەبووم، نەمدەزانی پۆلیس بۆچی داوایان دەکات، بەنێو ماڵەکەدا گەڕان و نەیاندۆزینەوە. پرسیم مەسەلە چییە؟ گوتیان: برا و برازاکەت، ژن و پیاوێکیان کوشتووە و ھەرچی لە ماڵەکەشیاندا بووە بردوویانە".

بە گوتەی فارس، لەو رۆژەوەی برا و برازاکەی ئەو تاوانەیان کردووە، نەیانبینیون و نازانن لە کوێن.

سەبارەت بە کوشتنی دەروێش، فارس دەڵێت: "دەروێش لە تۆڵەی ئەو ژن و پیاوە کوژرا کە بە دەستی برا و برازاکەم کوژران. ئەو دەستی لەو تاوانەدا نەبووە و بە ناھەق کوژراوە".

ئەحمەد ستار کە شایەتحاڵی رووداوەکەیە، دەڵێت: "من لە کۆڵان وەستابووم، ئۆتۆمبێلێکی جامڕەش ھات، لە دەرگای ماڵی دەروێشیان دا، دەروێش دەرگای لێکردنەوە، ئەوان چوار کەس بوون، پرسیاریان لێدەکرد، ئەویش ھەر دەیگوت نازانم. دەمانچەکانیان دەرھێنا و تەقەیان لە دەروێش کرد و رۆیشتن".

ھەفتەیەک دوای کوژرانی دەروێش، برازاکەی کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ژن و پیاوێک، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە. لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "مامی من چ تاوانێکی ھەبوو کوشتتان؟ ئایا ئێمە ئێوە دەناسین؟". ھەروەھا دەڵێت: "ئەو شەوەی ئەو ژن و پیاوەی کۆمەڵگای چڕە کوژران، من لە دووکانەکەی خۆم بووم، ھاوڕێیەکم بەناوی ئەمیر پەیوەندی پێوەکردم و گوتی لە کوێیت؟ گوتم لە دووکانم، کە ھات  بینیم ھەموو جلەکانی بەخوێن بوو، لێمپرسی چیت کردووە؟ گوتی لە پیاوێکی ئێزدیم داوە و بریندارم کردووە".

شەوی ٢٩/١/٢٠١٨ ژن و پیاوێکی دانیشتووی کۆمەڵگەی چڕەی سەر بە قەزای بەردەڕەش بە ناوەکانی فەرحان و نەجات، لە نێو ماڵەکەیاندا کوژران.

کاتێک ئەمیر بۆ رۆژی دواتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژن و مێردە دەستگیر دەکرێت، لە ئیفادەکەیدا ناوی برا و برازایەکی دەروێش دەدات و دەڵێت ئەوانیشی لەگەڵ بوون، بۆیە برا و برازاکەی دەروێش لەو رۆژەوە خۆیان حەشارداوە.

کەسوکاری فەرحان و نەجات ئەوە رەتناکەنەوە کە دەروێشیان لە تۆڵەی کوشتنی ئەو ژن و پیاوە کوشتووە.

عەبدولحەمید مەعروف کە باوکی فەرحانە  گوتی : "کوڕەکەم زۆر دەوڵەمەند بوو، بۆ پارە کوشتیان، دوای تاوانەکە ٢٠٠ ھەزار دۆلاریان لە ماڵەکەی بردبوو". 

گوتیشی: "ئەوانە گروپێک بوون، ئەوە یەکەم تاوانیان نەبووە، پێشتریش منداڵێکیان رفاندبوو، داوای پارەیان کردبوو، کەسوکارەکەی پارەیان نەدابوو، منداڵەکەیان کوشتبوو".

وەک عەبدولحەمید باسی دەکات، ئەو شەوە بووکەکەی کەمێک ناساخ بووە، خوشکە بچووکەکەی فەرحان تەلەفۆن بۆ ماڵی فەرحان دەکات، بەڵام کەس وەڵام ناداتەوە، کاتێک دەچن بۆ ماڵیان دەبینن دەرگای حەوشەیان کراوەتەوە، کە دەچنە ژوورەوە دەبینن تەرمی ھەردووکیان لەسەر زەوی کەوتووە.

عەبدولحەمید دەڵێت: "نۆ مانگ چاوەڕێمان کرد پۆلیس تاوانبارەکان دەستگیر بکات، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، ئەمیر لە دانپێدانانەکەیدا گوتبووی ئەو دوو کەسەم لەگەڵ بووە". سەبارەت بە کوشتنی دەروێش، عەبدولحەمید گوتی "بەڵێ کوڕەکانم دوای ئەوەی بێچارە بوون لە دۆزینەوەی برا و برازاکەی دەروێش، ئەو شەوە ھەر چواریان چوون تۆڵەی خۆیان لە دەروێش کردەوە و کوشتیان.

ئێستاش ھەر چوار کوڕەکانم لە زیندانن و پەشیمانیش نین، چونکە تۆڵەی رژانی خوێنی برا و براژنەکەیان کردەوە".


ی.ا
سەرچاوە | رووداو 
 





ئەم هەواڵە 79849جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad