English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم گەنجە بەدەستی مامی خۆی کوژرا 
2018-11-13 [09:51 AM]

ZNA- ھەولێر 



لەندی بیری منداڵەکانی کردبوو، چوو بوو بۆ ماڵی خەزووری پێشووی بۆ ئەوەی بیانبینێ، بەڵام لەوێ درایە بەر گوللـە و کوژرا.

سەعات ھەشتی شەوی ٢/١١/٢٠١٨ گەنجێکی تەمەن ٣١ ساڵ بەناوی لەندی عەلی، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی شەھیدانی شاری کۆیە، لە ماڵی مامیدا کە خەزووری پێشووی بوو، کوژرا.

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە  گوتی :"کوژراوەکە مانگێک بوو لە ھاوژینەکەی جیابووبووەوە، چووە بۆ بینینی منداڵەکانی، بەڵام خەزووری کە مامیشیەتی، رێگەی نەداوە منداڵەکانی ببینێ، ئەویش پێداگری کردبوو کە دەیەوێ بیانبینێ و بەوھۆیەوە کوژراوە".

تۆمەتبارەکە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتووە، بەڵام عەمید عەلی دەڵێت بە فەرمانی دادوەر ھاوژینی پێشووی کوژراوەکە و خەسووی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستبەسەرکراون، چونکە ئەوان لە کاتی رووداوەکە لەوێ بوون.

پۆلیس ئیفادەی لە خەسووی لەندی وەرگرتووە. لە ئیفادەکەیدا گوتوویەتی لەندی پەیوەندی پێوەکردووە و گوتوویەتی زۆر بیری منداڵەکانی دەکات و دەیەوێ بیانبینێ، ئەویش بەزەیی پێدا ھاتووەتەوە و رێگەی پێداوە، بەڵام کاتێک ھاتووە بۆ ماڵیان، خەزووری رێگەی نەداوە، چونکە پێشتر بەو مەرجە رێگەی داوە لە کچەکەی جیاببێتەوە کە سەردانی منداڵەکانی نەکات.

سەبارەت بە شەڕەکەش گوتوویەتی: "ئەوکاتەی لەندی ھات، مێردەکەشم ھاتەوە، کە لەندی بینی، زۆر تووڕە بوو. پێیگوت لە ماڵەکەم بڕۆ دەرەوە، ئەوانە چیدی منداڵی تۆ نین، لەندیش گوتی تا منداڵەکانم نەبینم ناڕۆم. مێردەکەم دەمانچەی دەرھێنا و گوللـەیەکی لێدا و کوشتی، پاشان ھەڵات".

حاجی عەلی کە باوکی لەندییە، ھێشتا ناتوانێ باوەڕ بەوە بکات کە کوڕەکەی کوژراوە. ئەو  گوتی: "قەت باوەڕم نەدەکرد بەدەستی براکەم جەرگم بسووتێ. کەسێکی زۆر تووڕە و کەللـەڕەقە. ھەر وەکو سەردەمانی زوو بیری دەکردەوە، پێی قبوڵ نەدەکرا کچەکەی تەڵاقدراوە".

حاجی عەلی باسی ھۆکاری جیابوونەوەی بووک و کوڕەکەی دەکات و دەڵێت: "لەندی و ھاوژینەکەی لەگەڵ یەکدی نەدەگونجان، بەردەوام کێشەیان ھەبوو، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە پێویستە جیاببنەوە، جیابوونەوەکە بە رەزامەندی ھەردوولا بوو، بەڵام براکەم رازی نەدەبوو دەیگوت چۆن دەبێ کوڕەکەت کچەکەم تەڵاق بدات".

لەندی و ھاوژینەکەی مانگێک لەمەوبەر لە دادگا لە یەکدی جیابوونەوە. باوکی لەندی دەڵێت: "براکەم لەو کاتەوە رێگەی نەدابوو لەندی منداڵەکانی ببینێ. پێش ئەو رووداوەش چووبوو منداڵەکانی ببینێ، بەڵام براکەم کردبووی بە ھەرا، ئەوکات لەندی نەیویستبوو لەگەڵ مامی بکاتە شەڕ، بۆیە گەڕابووەوە ماڵەوە".

لەندی دوای جیابوونەوەی لە ھاوژینەکەی، یەکسەر ژنێکی دیکەی ھێنایەوە، بەڵام تەمەنی ھاوژینییەکەیان زۆر کورت بوو. حاجی عەلی گوتی: "ھەفتەیەک دوای جیابوونەوە لە ژنەکەی، لەندی پێیگوتم دەمەوێ ژن بێنمەوە، منیش رازی بووم".

حاجی عەلی دەڵێت ئەو خەمی زۆرە، نازانێ خەم لە کوژرانی کوڕەکەی بخوات، یان نەوەکانی، بە تایبەتی گەورەکەیان کە تەمەنی حەوت ساڵانە و لە دوای رووداوەکەوە پرسیاری باوکی دەکات، یان خەم لە بووکە تازەکەی بخوات کە تەنیا سێ ھەفتە لەلای کوڕەکەی مایەوە و بەرگی رەشی پۆشی.

برازاکانی حاجی عەلی ئامادە نەبوون ھیچ قسەیەک لەوبارەوە بکەن و گوتیان کە ئەوان لە ماڵی خۆیان بوون و ئاگایان لە شەڕەکە نەبووە، ئامادەش نین لەسەر تاوانەکەی باوکیان دوژمنایەتی ماڵی مامیان بکەن.

حاجی عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو کوڕێکی لەدەستداوە و بەو تەمەنەش توانای ئەوەی نییە دوژمنداری بکات و تۆڵەی خوێنی کوڕەکەی بکاتەوە. ئەو گوتی: "برازاکانم بێ تاوانن و ھیچ گوناھێکیان نییە. بیرم لەوە نەکردووەتەوە تۆڵەی باوکیان لەوان بکەمەوە، بە پێچەوانەوە بانگم کردن بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی ئامۆزاکەیاندا بکەن، ئەوان دەڵێن باوکمان بەو کارەی ئێمەی شەرمەزار کردووە، ھەوڵ دەدەین بەزووترین کات بیدۆزینەوە و رادەستی پۆلیسی بکەین".

ی.ا
سەرچاوە| رووداو
 





ئەم هەواڵە 80149جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad