English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لە ھەولێر ئەم کچە بە دەستی براکەی کوژرا 
2018-11-19 [10:28 AM]

ZNA- ھەولێر 


لە گەڕەکی رۆشنبیرانی شاری ھەولێر کچێکی ١٧ ساڵان بەناوی (شەیما.ک) بەدەستی برایەکی دەکوژرێ. 

برا بچووکی کچەکە کە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە، ھۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ماوەی دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام شایەتحاڵێک دەڵێت کچەکە مۆبایلی لەدەست بینراوە، بۆیە کوژراوە.

رائید ھۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند: "ئێوارەی ٣٠/١٠/٢٠١٨ پۆلیس ئاگادارکرایەوە کە کچێک لە گەڕەکی رۆشنبیرانی شاری ھەولێر لە ماڵەکەی خۆیاندا خۆی کوشتووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە کچەکە کوژراوە".

گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر دەشڵێت: "یەکێک لە براکانی کچەکە بەناوی (م) کە تەمەنی ٢٠ ساڵە، دەستگیرکراوە و دانی بەوەدا ناوە کە خوشکەکەی بە چەکی کڵاشینکۆف کوشتووە، ٧ گوللەی پێوەناوە، چونکە دەڵێت شەیما چووەتە دەرەوە و دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بۆیە کوشتوویەتی".

شایەتحاڵێکی رووداوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە  گوتی: "نزیکەی کاژێر چواری ئێوارە بوو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو لە ماڵی شەیما، چووینە بەردەرگاکەیان و پرسیمان چی بووە، دایکی شەیما ھاتە دەرەوە و گوتی ئێوە حەقتان نەبێت و پەیوەندی بە کەسەوە نییە. دوای ئەوەی ھێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە، زانیمان کە کچەکەیان بە دەستی براکەی کوژراوە".

سەرەتا خێزانەکەی گوتوویانە کە کچەکەیان خۆی کوشتووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەرکەوتووە شەیما بەدەستی یەکێک لە براکانی کوژراوە. یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خێزانەکە باس لەوە دەکات کە برا گەورەکەی شەیمای بینیوە بە چەکەوە ھاتووەتە دەرەوە و گوتوویەتی پرسەی بۆ دامەنێن.

ھەرچەندە برا بچووکەکەی لەلای پۆلیس دانی بەوەدا ناوە کە ئەو کوشتوویەتی، بەڵام شایەتحاڵەکان دەڵێن ئەوەی شەیمای کوشتووە برا گەورەکەی بووە. شایەتحاڵێکی رووداوەکە دەڵێت: "نزیکەی ھەفتەیەک بوو ئەم خێزانە بەردەوام دەنگەدەنگیان بوو، رۆژی رووداوەکەش شەیما لەگەڵ دایک و باوکی لە ماڵەوە بوون، دەڵێن دایکی مۆبایلی بەدەستی کچەکەیەوە بینیوە و بانگی کوڕە گەورەکەی کردووە کە دراوسێی خۆیانە، ئەویش ھاتووە و کوشتوویەتی".


یەکێک لە کەسە نزیکەکانی شەیما دەڵێت: " کچێکی رێکوپێک و ھێمن و لەسەرخۆ بوو، ھەموو ھەڵسوکەوتەکانی جوان و باش بوون، بەڵام زۆربەی کات بێتاقەت و خەمبار بوو، چونکە خۆی باسی ئەوەی دەکرد کە دایکی زۆر توند و خراپ بووە لەگەڵی و نەیدەھێشت بچێتە دەرەوە لە ماڵەوە. تەنانەت دەیگوت قسەکانی دایکم وەکو گوللە وان کە پێمەوە دەنێت".

شەیما بە رۆیشتنی براکەشی بێتاقەت دەبوو، ئەو کەسە نزیکەی دەڵێت: "شەیما خەمی لە (م)ـی براشی دەخوارد، چونکە ئەویش بەھۆی بێزاری لە ماڵەوە چەند جارێک ھەڵاتووە و رۆیشتووە بۆ تورکیا، ئەمەش زۆر بێتاقەتی دەکرد".

شەیما ئەمساڵ وازی لە خوێندن ھێنابوو، ئەو کەسە نزیکەی ماڵی شەیما دەڵێت: "خێزانەکەی دڵیان پیس بوو، بۆیە دوای ئەوەی لە قوتابخانە دەرچووە و بووەتە پۆلی ١١ـی ئامادەیی، دایکی نەیھێشتووە بەردەوام بێت و بچێتەوە قوتابخانە".

شەیما بە ھیوایەکی زۆرەوە دەژیا، بەڵام ئێستا لەنێو گۆڕێکی ناڕێکدا نێژراوە. تەنانەت خێزانەکەی پرسەشیان بۆ دانەنا. کەسە نزیکەکەی خێزانەکە دەڵێت: "ئەوانە کێشەی خێزانییان ھەبوو، غەدرێکی گەورەیان لەو کچە کرد، بە کوشتنی شەیما تاوانێکی گەورەیان کرد و خۆشیان لەکەدار کرد، پێم سەیرە ئافرەت تەنیا لەبەرئەوەی مۆبایلی بەدەستەوە ببینرێت لەلایەن کەسوکارییەوە بکوژرێت، تەنانەت پرسەشیان بۆ دانەنا، یەکێک لە براکانی گوتبووی ئێمە لەسەر وەسیەتی خۆی پرسەی بۆ دانانێین". 

گوتیشی: "ئەگەرچی برا گەورەکەی تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە شەیمای کوشتووە، بەڵام لە کاتی ناشتنی تەرمەکە دوور لە خەڵکەکە بینیم وەستابوو، ئێستا دەڵێن ھەڵاتووە و نازانن لەکوێیە".
بەگوتەی ھۆگر عەزیز، چەند گوللەیەک بەر دەست و سەر و سنگی شەیما کەوتووە، وا دیارە کچەکە لە ترسان دەستی بە دەموچاوییەوە گرتووە لەوکاتەدا. 

گوتیشی: "پۆلیس بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە ھاوکار و بکەری ئەو تاوانەن".


ی.ا 
سەرچاوە | رووداو
 





ئەم هەواڵە 83212جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad