English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئافرەتێکی عەرەب لە یەک کاتدا شووی بە چوار پیاو کردووە
2018-11-26 [10:53 AM]

ZNA- ھەولێر 



ژنێکی عەرەب بە ھاوکاریی مێردەکەی فێڵ لە چەند پیاوێکی کورد دەکات، سەرەتا ھاوسەرگیرییان لەگەڵ دەکات، دواتر پارە و زێڕ و کەلوپەلەکانیان دەبات و خۆی دەشارێتەوە. ژنەکە تا ئێستا ھاوسەرگیری لەگەڵ سێ پیاوی کورد لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک کردووە.

جەننەت عەبدولجەبار، تەمەن ٢٦ ساڵ، دوای مردنی باوکی لەگەڵ خوشکەکەی بە تەنیا مانەوە، چونکە دواتر دایکیان شووی کردووەتەوە و بەجێیھێشتوون. جەننەت دەڵێت: "باوکم دوکانی جلوبەرگی ھەبوو لە بەغدا، ساڵی ٢٠١٠ بەر تەقینەوەیەک کەوت. شەش مانگ دواتر دایکم شووی کردەوە و بەجێیھێشتین".

جەننەت بۆ ئەوەی لەگەڵ خوشکەکەی نەکەونە سەر شەقام، وەک خۆی دەڵێت ناچار بووە شوو بە ئەحمەد بکات کە فیتەر بووە و نۆ ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە، ھەروەھا ژن و منداڵیشی ھەبووە، بەڵام ئامادە بووە خوشکەکەشی بەخێوبکات.
بەگوتەی جەننەت، دوای شەش مانگ ئەحمەد پێیگوتووە کە ناتوانێ بەخێویان بکات، بەڵام پلانێکی بۆ داناوە، دەڵێت پێیگوتووە ئەگەر جێبەجێی نەکات لێی جیادەبێتەوە. جەننەت بە پلانەکە رازی بووە "پلانەکەش ئەوە بوو بێینە ھەرێمی کوردستان و لەڕێگەی ھاوسەرگیرییەوە پارە و زێڕ لە پیاوان ببەین، دواتریش خۆمان ون بکەین".

جەننەت و ئەحمەد دێنە ھەولێر، خانوویەک بەکرێ دەگرن. بەھۆی جوانییەکەیەوە ھەرزوو دەبێتە جێی سەرنج و لە دووکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگی پیاوان کاری دەستدەکەوێ. ئەحمەدیش دەگەڕێتەوە بەغدا. جەننەت دەڵێت: "مانگانە بە ٤٠٠ دۆلار لەو دووکانە کارم دەکرد. پیاوێک بەناوی (س.ع) کە تەمەنی ٣٣ ساڵ بوو، زۆر سەردانی دووکانەکەی دەکرد، زۆر گرنگیم پێدەدا و سەرنجیم راکێشابوو، بۆیە ببووە کڕیارێکی بەردەوامی دووکانەکە. رۆژێک داوای ژمارە تەلەفۆنی لێکردم و منیش پێمدا. شەو تەلەفۆنی بۆ کردم، ئەو لە کۆمپانیایەک بەرپرسی بەشی ژمێریاری بوو، داھاتێکی باشی ھەبوو، بەڵام دەیگوت لەبەر ئەوەی عەرەبی، کەسوکارم رازی نابن ھاوسەرگیری بکەین".

جەننەت پلانێک بۆ (س) دادەنێ کە بە دزی کەسوکارەکەیەوە ھاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئەویش قبوڵی دەکات. جەننەت دەڵێت: "(س) شوقەیەکی بەکرێ گرت، شەو تا درەنگ لەلای من دەمایەوە، دواتر دەگەڕایەوە لای خێزانەکەی، لەو ماوەیەدا وامکرد متمانەی تەواوی پێم ھەبێت. نزیکەی ١٧ ملیۆن دیناری لەلای من دانابوو، دوای نزیکەی سێ مانگ، شەوێک ئەحمەد ھات، پارە و زێڕەکانمان برد و چووینە دھۆک".

جەننەت و ھاوژینەکەی ھەمان فێڵیان لە دھۆک و سلێمانیش بۆ چووەتە سەر. جەننەت دوو جاری دیکەش لە سلێمانی و دھۆک ھاوسەرگیری کردووە. لەوانیش پارە و زێڕێکی زۆری بردووە و خۆی لێ شاردوونەتەوە. جەننەت دەڵێت: "بە ترسەوە ئەو کارەمان دەکرد، دڵنیاش بووم رۆژێک دەستگیر دەکرێین، بەڵام ئەحمەد دەیگوت ئەو پیاوانە ناتوانن ھیچ بکەن، چونکە بەدزی خێزانەکانیانەوە ھاوسەرگیرییان لەگەڵ تۆ کردووە، بۆیە نە دەتوانن لەلای خێزانەکانیان ئاشکرای بکەن، نە دەشتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لەترسی خێزانەکانیان".

جەننەت دوایینجار شووی بە (ج)ی تەمەن ٢٩ ساڵان کردووە لە سلێمانی و خۆی لەویش ونکردووە، لەگەڵ ئەحمەد گەڕاونەتەوە ھەولێر بۆ ئەوەی پیاوێکی دیکە بدۆزنەوە و شووی پێبکات، بەڵام لە ھەولێر دەستگیرکران. 

مقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە  گوتی : "ئەم ئافرەتە لەلایەن مێردەکەیەوە بەکاردەھێنرا. دەیناردە ھەرێمی کوردستان و ھاوسەرگیری لەگەڵ پیاوان دەکرد، بەوجۆرە مارەیی و پارە و زێڕ و ماڵی پێدادەنا و دواتر بۆ مێردەکەی دەنارد، تاوەکو ئێستا شووی بە سێ پیاو کردووە لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک. قۆڵی ھەرسێکیانیشی بڕیوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە دەشڵێت: "ئەو ئافرەتە لە سلێمانی سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو، بەڵام توانیمان لە ھەولێر خۆی و ھاوژینە عەرەبەکەی بدۆزینەوە و دەستگیریان بکەین و رەوانەی سلێمانییان بکەینەوە".


ی.ا
سەرچاوە|رووداو
 





ئەم هەواڵە 81199جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad