English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
کوڕێک چوار ھەزار دۆلار بە کچێک دەدات تا گرتە ڤیدیۆییەکانی بڵاونەکاتەوە 
2018-12-10 [10:28 AM]

ZNA- ھەولێر 



(ماجید.م) تەمەن ٢٤ ساڵ، تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠٠ دۆلاری داوە بە سارا بۆ ئەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاونەکاتەوە و ئابڕووی نەبات. ماجید کە کاسبکارە و شەوانە لەگەڵ ھاوڕێکانی چووەتە کافتریاکان، سارای تەمەن ٢٠ ساڵانی لە کافتریایەک ناسیوە، دواتر وێنە و ڤیدیۆی خۆی بۆ ناردووە.

بەرپرسێکی پۆلیس دەڵێت ئێستا کچان زیاتر لە کوڕان ھەڕەشەی ئابڕووبردن لە بەرامبەرەکانیان دەکەن و ناچاریان دەکەن داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەگەرنا وێنە و ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە.

سارا بە ھەڵسوکەوتەکانی سەرنجی ماجیدی بۆ خۆی راکێشابوو. ماجید لە وەسفی سارادا دەڵێت "کچێکی باڵابەرز و جوان بوو، زۆر رووخۆش بوو، زوو زوو دەھات و پێیدەگوتم چیت پێویستە بۆت بکەم. شەوانە بیرم لێدەکردەوە. رۆژێک پێمگوت ژمارەکەتم بدەرێ. بە زەردەخەنەیەکەوە پرسی بۆ چ ئیشێک؟ پێمگوت لێرە نابێت، شەو پێتدەڵێم، ئەویش ژمارەکەی دامێ". ئیدی لەو شەوەوە ماجید بە تەواوی کەوتبووە داوی خۆشەویستی ساراوە.

سارا بە قسە و رووخۆشییەکەی ماجیدی ناچار کردووە ھەموو ئێوارەیەک بچێتە کافتریاکە و شەوانەش تا بەرەبەیان قسەی لەگەڵ بکات. ئەو دەڵێت: "نان و ئاوم ببووە سارا. ژیانمی بەتەواوی داگیرکردبوو. لەسەر کارەکەشم ھەر بیرم لەلای بوو، بێئاگا بووم لەوەی سارا تەڵەی بۆ داناوم، شەوێک گوتی وێنەی خۆتم بۆ بنێرە، وێنەیەکی ئاساییم بۆ نارد، بەڵام ئەو گوتی وێنەی تایبەتم دەوێت. پرسیم مەبەستت چییە؟ گوتی دەمەوێت جەستەت ببینم. منیش بۆم نارد. ئەو شەوە زیاتر لە ١٠ وێنەی نیمچەڕووتمان بۆ یەکدی نارد".

شەوی دواتر سارا داوای ڤیدیۆی لە ماجید کردبوو، گوتبووی منیش بۆت دەنێرم، ماجید دەڵێت "چەند جارێک ڤیدیۆی خۆم بە رووتی بۆ نارد، بەڵام ئەو ھیچی بۆ نەناردم".

ماجید کە دایک و باوکی ماون و سێ خوشک و برایەکی ھەیە، گوتی :"ئێوارەی رۆژی دواتر چوومەوە کافتریاکە، بەڵام سارا نەھاتە لام. نامەیەکم بۆ نارد، گوتی شەو قسە دەکەین. شەو ھەموو وێنە و ڤیدیۆکانی خۆمی بۆ ناردمەوە و پێیگوتم ئەگەر پارەم نەدەیتێ ھەموویان بڵاودەکەمەوە، تەنانەت بۆ باوکت و خوشکەکانیشتی دەنێرم".

ماجید بەو قسەیە ترساوە و بە سارای گوتووە، من تۆم خۆشویستووە و متمانەم پێت کردووە، بۆیە وێنە و ڤیدیۆم بۆ ناردی. سارا لە وەڵامدا پێیگوتووە: "ئەگەر منت خۆشبوێ، پارەم بۆ دەنێری". ھەر ئەو شەوە سارا داوای ٦٠٠ دۆلاری لە ماجید کردبوو، ماجید دەڵێت بۆ ئەوەی ئابڕووی نەچێ، بەداواکەی سارا قایل بووە و ٦٠٠ دۆلاری بۆ ناردووە. 

سارا تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤ ھەزار دۆلاری لە ماجید وەرگرتووە لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی، بەڵام ماجید ھێشتا ترسی لە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ھەیە و دەڵێت :"ئەو کچە ژیانی لێ تێکداوم، تەنیا بە نامە داوای پارە دەکات و منیش ناچارم بۆی بنێرم، چەند جارێک ویستوومە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەم، بەڵام دەترسم بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانم ئابڕووم ببات".

موقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە  گوتی : "کەیسەکەی ئەو کوڕە یەکەم حاڵەت نییە و چەندین کوڕی دیکە رووبەڕووی ھەڕەشەی لەوجۆرە بوونەتەوە، ئێستا کچان زیاتر ھەڕەشەی ئابڕووبردن لە کوڕان دەکەن".

لەبارەی جۆر و ھۆکاری ھەڕەشەکانیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی عەنکاوە دەڵێت: "ھەردوولا ھەڕەشە لە یەکدی دەکەن، کوڕان زیاتر بۆ پارە و سێکس دەیکەن، بەڵام کچان بۆ پارە ھەڕەشە لە کوڕان دەکەن. ھەندێکجار کوڕەکە پەیوەندی لەگەڵ کچەکە دروستدەکات و بەڵێنی ھاوسەرگیری پێدەدات، بەڵام دوای ئەوەی سێکسی لەگەڵ دەکات لێی دووردەکەوێتەوە، بۆیە کچەکە بەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کوڕەکە کە لەلایەتی ھەڕەشەی لێدەکات و پێیدەڵیت ئەگەر ھاوسەرگیری لەگەڵ نەکات، ئابڕووی دەبات".

مقەدەم فەخرەدین نووری باشترین رێگا بۆ چارەسەری ئەو کێشانە لە تۆمارکردنی سکاڵادا دەبینێتەوە و دەڵێت: "چەندین کەیسی وامان ھەبووە، داوا لەو کچ و کوڕانە دەکەین کە تووشی ھەڕەشە و کێشە دەبن، بەزووترین کات و پێش ئەوەی کارلەکار بترازێت لەلای ئێمە سکاڵا تۆمار بکەن".


ی.ا
سەرچاوە| رووداو 
 





ئەم هەواڵە 79309جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad