English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
ئەم گەنجە لەسەر دوکانێک کوژرا 
2018-12-19 [09:55 AM]

ZNA- ھەولێر 



مەریوان لەگەڵ براکەی لە بازاڕ دەگەڕانەوە، پێیان سەیر بوو بەو شەوە دووکانی باوکیان کراوەتەوە، خێرا چوون بۆ لای دووکانەکە و دەبینن چوار پیاوی دەمامکدار خەریکن لە باوکە تەمەن ٥٣ ساڵانەکەیان دەدەن، کاتێک مەریوان دەیەوێ بەرگری لە باوکی بکات، یەکێک لە دەمامکدارەکان تەقەی لێدەکات و دەیکوژێ. چەکدارەکان ھەڵدێن، بەڵام دواتر پۆلیس دەستگیریان دەکات.

سەعات ١١:٤٠ی شەوی ١٠/١٢/٢٠١٨ گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بەناوی مەریوان دارا رەزا لە دووکانەکەی باوکیدا لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە شاری سلێمانی کوژرا. کەسوکاری مەریوان دەڵێن ئەوانەی مەریوانیان کوشتووە دووکانداری ئەو گوزەرەن کە دووکانی باوکی لێیە، چونکە باوکی بازاڕێکی باشی ھەبووە و ئەوان ویستوویانە لەوێ دەریکەن.

کاوە محەممەد کە کەسێکی نزیکی مەریوانە، باسی کێشەی نێوان باوکی مەریوان و دووکاندارانی گوزەرەکەی کرد و گوتی: "چەند دووکاندارێک چەند جارێک بە تەلەفۆن ھەڕەشەیان لە باوکی مەریوان کردبوو، بۆ ئەوەی دووکانەکەی چۆڵ بکات، بەڵام باوکی مەریوان چۆڵی نەکردووە و گوتوویەتی من کرێی خۆم دەدەم بۆ چۆڵی بکەم!".

سەبارەت بە ھۆکاری ئەو ھەڕەشانەی دووکاندارەکان لە باوکی مەریوانیان دەکرد، کاوە گوتی: "دووکانەکەی باوکی مەریوان لە قاتی خوارەوەی بازاڕەکەیە، باوکی مەریوان موشتەری زۆر بووە و ئەوانیش موشتەرییان نەبووە، پێیانوابووە ئەو رزقی ئەوان دەبات، ھەر بۆیە ھەڕەشەیان لێکردبوو کە ئەگەر دووکانەکە چۆڵ نەکات، ئەوە لە رێگەی خاوەنەکەیەوە پێی چۆڵ دەکەن، بەڵام باوکی مەریوان ملی بۆ داواکارییەکەیان نەدەدا".

دووکاندارەکان کاتێک زانیویانە باوکی مەریوان بە قسەی خۆش دووکانەکەی چۆڵ ناکات، ویستوویانە بە لێدان و ھەڕەشە دووکانەکەی پێ چۆڵ بکەن.

کاوە دەڵێت :"دیارە ئەو شەوە بانگی باوکی مەریوانیان کردووە بۆ دووکانەکەی، لەوێ بووەتە دەمەقاڵەیان، پاشان بە کلکە دەمانچە بەربوونەتە گیانی و برینداریان کردووە".

سەبارەت بە کوژرانی مەریوانیش، کاوە دەڵێت: "مەریوان لەگەڵ براکەی لە دەرەوە بوون، بە رێکەوت بەلای دووکانەکەی باوکیاندا تێپەڕیون، بینیویانە دووکانەکە کراوەتەوە، ئەوانیش پێیان سەیر بووە کە باوکیان بەو شەوە لەوێ چی دەکات، بەڵام کاتێک دەچنە ژوورەوە دەبینن وا بە چوار کەس لە باوکیان دەدەن. مەریوانیش دەیەوێ پارێزگاری لە باوکی بکات، لەو کاتەدا یەکێکیان تەقە دەکات و مەریوان دەکوژێت، پاشان ھەڵدێن".

ھەر ئەو شەوە پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە و دۆسیە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. کاوە دەڵێت: "پۆلیس دوای رووداوەکە چوار کەسی دەستگیر کرد و دەستیشی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە بە تۆمەتبارەکان بووە، بەڵام ئێمە دڵنیا نین ئەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارەکانن یان تەنیا گومانیان لەسەرە".

 

مەریوان ھەر لە گوزەرەکەی باوکیدا دووکانی کاشی و دیکۆراتی ھەبوو، باوکیشی ھەمان ئیشی دەکرد، بۆیە زۆرجار مەریوان ھەر لە دووکانی باوکی کاری دەکرد، دانای براشی کە ئەو شەوە لەگەڵی بووە، خۆشنووسە و زۆرتر لافیتەی پرسەکان دەنووسێ، ھەر بە دەستی خۆیشی لافیتەی پرسەی مەریوانی نووسی.


ی.ا
سەرچاوە| رووداو
 





ئەم هەواڵە 77557جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad