|
ZNA- ھەولێر
ئاوی جۆ یەکێکە لەو گیراوانەی لەلایەن زۆربەی گەلان بەکار دێت چونکە سوودێکی تەندروستی یەکجار زۆری ھەیە و پێک دێت لەو ئاوەی کە لەگەرم کردنی جۆ و ئاو و ھەندێکجار کەمێک لیمۆی بۆ زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی تامەکەی خۆش بکات، ئاوی جۆ بەوە ناسراوە کە رێژەیەکی زۆر کالۆری لە خۆ دەگرێت و چەوری کەمە و لەبەر ئەمە نابێت لە رۆژێکدا لە دوو کوپ زیاتر بخورێتەوە.
سوودەکانی ئاوی جۆ:
١.دەوڵەمەندە بە مادەی ریشاڵی:
جۆ یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی مادە ریشالیەکان و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی گەدە و کێشەکانی ھەرس چارەسەر دەکات و سوودێکی زۆر بە لەشی مرۆڤ دەگەیەنێت.
٢. یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆل :
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئاوی جۆ یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کۆلیسترۆلی زیانبەخش لە نێو خوێن و ھەروەھا رێژەی ژەھر لە ناو لەش کەم دەکاتەوە بەھۆی بونی مادەی دژە ئۆکسید لە ناو ئاوی جۆ .
٣. یارمەتی ھاوسەنگ بوونی بەکتریا دەدات لە ناو ریخوڵەکان :
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنەوەی ئاوی جۆ یارمەتیدەرە لە ھاوسەنگ بوونی بەکتریایەکان لەناو لەشی مرۆڤ بەتایبەتی لەناو ریخۆڵەکان و ئەمەش رۆلێکی گرنگی ھەیە لە راگرتنی تەندروستی مرۆڤ .
٤. پارێزگاری لە رێژەی شەکرە لە خوێن دەکات :
خواردنەوەی ئاوی جۆ یارمەتیدەرە بۆ کۆنترۆل کردنی بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێن، چونکە ئەم گیراوەیە توانای ھەیە رێژەی شەکر لە خوێن کەم بکاتەوە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشی شەکرە بوونە .
٥. یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی کێشی مرۆڤ:
ئاوی جۆ ھانی لەشی مرۆڤ دەدات بۆ دەردەدانی ھۆرمۆناتی تایبەت بە شەھیەی خواردن و مرۆڤەکە وا ھەست دەکات کە تێرە وبەم شێوەیەش رێژەیەکی کەمتر خواردن دەخوات.
٦. مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە:
ئەو ریشاڵانەی کە لەناو ئاوی جۆ ھەیە یارمەتی قۆلۆن دەدەن بۆ دەردەدانی ژەھرەکانی ناو قۆلۆن کە بەکرداری ھەرس نەرۆیشتوون و ھەروەھا ریشاڵەکانی ئاوی جۆ رێگری لە گەشەکردنی گرێی شێرپەنجەیی دەکەن بەتایبەتی لەناوچەکانی قۆلۆن.
٧. ھێزی بەرگری لەش زیاد دەکات:
ئاوی جۆ پاڵپشتی لە ھێزی بەرگری لەش دەکات بەھۆی بوونی ڤیتامین و مادەی کانزایی لە پێکھاتەکەی و ئەمەش ھێزێکی زیاتر بە لەشی مرۆڤ دەبەخشێت.
یاسین ئەحمەد
ئەم هەواڵە 92881جار خوێندراوەتەوە |