English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی رووت خۆی كوشت
2019-05-06 [10:50 AM]

ZNA-هه‌ولێر


نەوزاد لەگەڵ ھاوڕێکانی دەچێتە دەرەوەی شار. ئەوان داوای مۆبایلەکەی لێدەکەن و ئەویش کە متمانەی پێیانبووە، مۆبایلەکەیان دەداتێ، بەڵام دوو رۆژ دواتر تووشی شۆکی دەکەن کاتێک پەیوەندی پێوە دەکەن و پێیدەڵێن ئەگەر پارە و کارتمان بۆ نەنێری، گرتە رووتەکانت بڵاودەکەینەوە. نەوزاد بەرگەی تانە و تەشەری خەڵکی نەگرت و خۆی کوشت.

ئەگەرچی پێنج مانگ و سێ رۆژ بەسەر خۆکوشتنی ئەودا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوانەی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی نەوزاد گیراون، ھێشتا نکۆڵی لەو کارە دەکەن. (نەوزاد ع)، تەمەنی ٣٨ ساڵ، دانیشتووی ناحیەی تەقتەق بوو.

بارزان کە برای نەوزادە،گووتی: "ھەشت مانگ لەمەوبەر نەوزاد لەگەڵ ھاوڕێکانی چووبووە دەرەوە، ئەوان بەناوی وێنەگرتنەوە داوای مۆبایلەکەی دەکەن، ئەویش مۆبایلیان دەداتێ، ئەوان گرتەیەکی رووتی نەوزاد لە نێو مۆبایلەکەی دەبینن، بەبێ ئەوەی نەوزاد ھەستی پێ بکات، بۆ خۆیانی دەنێرن".

وەک بارزان باسی کرد، دوو رۆژ دواتر یەکێک لەو ھاوڕێیانەی نەوزاد، تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێیگوتووە "گرتەیەکی رووتمان لە نێو مۆبایلەکەت بردووە، ئەگەر پارە و کارتمان بۆ نەنێری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکەینەوە". بەڵام نەوزاد ناچێتە ژێرباری ھەڕەشەی ھاوڕێکانی و بێمنەتیان دەکات.

بارزان گوتی: "نەوزاد لەلای ئێمە باسی ھیچی نەکرد تا ئەوکاتەی ھاوڕێکانی ڤیدیۆکەیان بڵاوکردەوە، ئیدی ئێمە بە شتەکەمان زانی و نەوزادیش سکاڵای لەسەر تۆمارکردن". 

سێ ھاوڕێکەی نەوزاد دەستگیر دەکرێن، بەڵام نکۆڵی دەکەن لەوەی ئەوان ڤیدیۆکەیان بڵاوکردبێتەوە، بۆیە دوای ھەفتەیەک بە کەفالەت ئازاد دەکرێن. بارزان دەڵێت: "دوای ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازادکران، نەوزاد زۆر ھەوڵی دا بیسەلمێنێ کە ئەوان ئەو کارەیان کردووە، بەڵام بێسوود بوو. رۆژ بە رۆژ باری دەروونیی خراپتر دەبوو، ھەموو رۆژێک یەکێک پەیوەندی پێوە دەکرد پرسیاری بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەی لێدەکرد، وای لێھاتبوو لە ماڵ نەدەچووە دەرەوە".

واز لە نەوزاد ناھێنن. ئەو ڤیدیۆیە چۆن بڵاوکراوەتەوە؟ بۆ لەناو مۆبایلەکەت بوو؟ بۆ کێت ناردووە و چەندین پرسیاری دیکە. وەڵامی نەوزادیش ھەر ئەوە بووە کە بۆ خۆی ئەو ڤیدیۆیەی تۆمار کردووە و بۆ کەسی نەناردووە، بەڵکو لەناو مۆبایلەکەی دزراوە.

بارزان دەڵێت: "نەوزاد ئەو گرتەیەی بۆ ھیچ مەبەستێک تۆمار نەکردووە، دیارە ئەو ڤیدیۆیەی ھەر بۆ خۆشی گرتووە و دواتر لەبیری چووە رەشی بکاتەوە، دواتریش مۆبایل شتێکی زۆر شەخسییە، بەڵام ھاوڕێ خراپەکانی کارێکیان کرد نەوزاد خۆی بکوژێ".

بە گوتەی بارزان، دوای ئەو رووداوە نەوزادی برای بە جارێک ورەی بەردابوو، خەو و خواردنی نەمابوو، بەردەوام ئامۆژگارییان کردووە کە ئەو رووداوە لەبیر بکات، بەڵام سوودی نەبووە. سێ مانگ دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، نەوزاد خۆی کوشت.

بارزان گوتی: "ئەو رۆژە برایەکەم بە ھاوژینەکەی گوتبوو دەچمە دەرەوە بۆ پیاسە، بەڵام کاتێک نیوەڕۆ ھاوژینەکەی پەیوەندی پێوەدەکات بۆ ئەوەی بێتەوە و نانی نیوەڕۆ بخوات، وەڵام ناداتەوە. بۆیە پۆلیسمان لە رووداوەکە ئاگادار کردەوە. پاش سەعاتێک پۆلیس پێیگوتین کەسێک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا خۆی کوشتووە، کە چووین بینیمان نەوزادە". 

بارزان دەڵێت کاتێک بینیویانە نەوزاد بە دەمانچە خۆی کوشتووە، تووشی شۆک بوون، چونکە ئەوان پێشتر دەمانچەیان بە نەوزاد نەبینیوە، نازانن چۆنی دەستکەوتووە.

دوای خۆکوشتنی نەوزاد، جارێکی دیکە سێ ھاوڕێکەی دەستگیر دەکرێنەوە. بارزان دەڵێت: "بەتۆمەتی ھاندان بۆ کوشتن، سکاڵامان لەسەر ئەو سێ کەسە تۆمار کردووە". 

عەقید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە رایگەیاند: " ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی ھاندان بۆ خۆکوشتن بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی ٤٠٨ ی یاسای سزادانی عێراقی بەندن، بەڵام تا ئێستا ئیعترافیان نەکردووە کە ئەو کارەیان کردووە".


رووداو





ئەم هەواڵە 70567جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad