ZNA - ههولێر
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە ئەگەری هەیە نزیکەی لە٪70ی سەهۆڵبەندانەکانی جیهان ئکۆتایی ساڵی 2100 نەمێنن.
کۆمەڵێک زانای جیهانی، لەم دواییانەدا لە بڵاوکراوەی زانستدا باسیان لە توێژینەوەکە کردووە. پێشبینییەکانیان لەسەر بنەمای پێشهاتەکانی ئێستای گۆڕانی کەشوهەوا بووە، بەڵام توێژەران دەڵێن ئەگەری زۆر هەیە توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان ڕاگیرێن ئەگەر گەرمبوونی هەسارەکە کەم بکرێتەوە.
تا ئێستا دەرئەنجامەکان وردترین پشکنین لەسەر 215 هەزار سەهۆڵبەندی جیهان دەدەن.
توێژینەوەکە چوار ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی لەبەرچاو گرتووە. یەکێکیان بەرزبوونەوەی 1.5 پلەی سەدییە لە تێکڕای پلەی گەرمی جیهان. بڵاوکراوەیەکی نێودەوڵەتی ساڵی 2015 کە ناوی ڕێککەوتنی پاریس بوو، سنوورێکی ئامانجدار بۆ گەرمبوونی درێژخایەنی دانا کە 1.5 پلەی سەدییە لە سەروو ئاستی پێش سەردەمی پیشەسازی. ئامانجی ڕێککەوتنەکە سنووردارکردنی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر زەویە. کە 2، 3 و 4 پلەی سەدی لەبەرچاو گرتووە.
ڕیجین هۆک مامۆستای جیۆفیزیکە لە زانکۆی ئۆسلۆ و زانکۆی ئەلاسکا فێربانکس. ئەو هاوکارێکی نووسەری توێژینەوەکە بووە. ئەو بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسیAFPی وتووە، "هەر پلەیەک زیادبوونێک توانەوەی زیاتر و لەدەستدانی زیاتر بەرهەم دەهێنێت".
هۆک ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بتوانرێت پلەی گەرمی زەوی کەم بکرێتەوە، ئەوا دەتوانرێت زیانەکانی سەهۆڵبەندان سنووردار بکرێت.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە تەنانەت ئەگەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان سنووردار بکرێت بە 1.5 پلەی سەدی لە سەرووی ئاستی پێش پیشەسازییەوە، بە مەزەندەکردنی 49%ی سەهۆڵبەندانەکانی جیهان تا ساڵی 2100 نامێنن، ئەو بڕە لەدەستدانە نزیکەی لە٪ 26ی کۆی بارستەی سەهۆڵبەندانەکانی جیهان پێکدەهێنێت.
خەمڵاندنەکانی ئێستا دەریدەخەن کە ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوام بە هەمان ئاراستەدا بڕوات، بڕیارە جیهان پلەی گەرما بە ڕێژەی 2.7ی سەدی بەرزبێتەوە. توێژینەوەکە دەریخستووە کە ئەو بەرزبوونەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی نزیکەی هەموو سەهۆڵبەندانەکانی ئەوروپای ناوەڕاست، ڕۆژئاوای کەنەدا، کیشوەری ئەمریکا و نیوزلەندا تا ساڵی 2100 بتوێنەوە.
توێژەران پێشبینیان کردووە ئەگەر پلەی گەرمی جیهان بگاتە 4 پلەی سەدی، ئەوا سەهۆڵبەندە گەورەکانی وەک ئەوانەی لە ئەلاسکا زیاتر کاریگەرییان لەسەر دەبێت و لە٪83ی سەهۆڵبەندانەکان تا کۆتایی سەدە دەتوێتەوە.
زاناکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەدەستدانی سەهۆڵبەندان کێشەی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاش خراپتر دەکات. بۆ نموونە توێژینەوەکە دەریخستووە کە گەرمبوونی پلەی یەک و نیو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێکڕای ئاستی دەریا بە ڕێژەی 9 سانتیمەتر. 4 پلەی گەرمی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بە بڕی 15 سانتیمەتر.
توێژەران دەڵێن، نەمانی سەهۆڵبەندان کاریگەری لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانیش دەبێت. سەهۆڵبەندان ئاوی سازگار بۆ نزیکەی دوو ملیار کەس دابین دەکات.
پێشبینییەکانی توێژینەوەکە لە ڕێگەی چاودێریکردنی قەبارەی هەر سەهۆڵبەندانێکەوە لە ماوەی چەندین ساڵدا گەیشتە ئەنجام. هەروەها توێژەران بۆ گەیشتن بە دۆزینەوە نوێیەکان، ھاوشێوەکردنی کۆمپیوتەریان بەکارھێناوە.
هۆک ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ڕوون نییە کە ئایا خەمڵاندنەکانی توێژینەوەکە دێنە دی یان نا. بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینییە توندڕەوەکان بەو مانایە نییە کە زۆر درەنگ بووە بۆ کەمکردنەوەی لەدەستدانی سەهۆڵبەندان لەڕێگەی کردەوەی مرۆڤەوە. هۆک داوای لە داڕێژەرانی سیاسەت لە سەرانسەری جیهان کرد لە ئێستاوە هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەو جۆرە لەدەستدانی سەهۆڵبەندانە.
voa
مشاهدة 1231
|